بە هۆی مەترسیی ڕمانی بەنداوی داریان، گیانی هاووڵاتیان لە مەترسی دایە

0
1413

ڕۆژی کورد: بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوێکی زۆر لە پشت بەنداوی” داریـان ” هەڵکەوتوو لە نیزیک شاری پاوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاو دزەی کردووەتە نێو بەشی کۆنتڕۆڵ و دام و دەزگاکانی تایبەت بەو بەنداوەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی ناوچەی هەورامان لە ئەگەری درزتێکەوتنی بەنداوی داریان لە نزیک شاری پاوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

ترس و تۆقینی هاووڵاتییانی کورد کاتێ جیدی بووەتەوە کە؛ هەندێ سەرچاوەی ئاگادار باسیان لە “دەڵین و دزەی ئاو بۆ نێو کەرەستەی نیروگای بەنداو بەهۆی شکانی لوولەی ئاو” کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەک، ئەگەری داڕمانی بەنداوەکە لە گۆڕێ دایە و سپای پاسداڕان بە باشی لە مەترسییەکانی ئاگادارە و نایهەوێت زانیاری ڕاست بگەیێنێتە دەستی خەڵکی ناوچەکە.

قەڵشینی دیواری بەنداوی داریان لەکاتێکدایە کە هێزە هاریکارییەکانی(نیروهای امدادی) شاری پاوە گەیشتوونەتە شوێنی بەنداوەکە و لە خەڵکیان داوا کردووە کە هۆشداریی سەرچاوە فەرمییەکان لەبارەی مەترسییە شیمانەکراوەکان بە هەند وەربگرن.
ئاژانسی مێهر باسی لەوە کردووە کە خەڵک ئاگادارکراونەتەوە کە لە ئامادە باشی دابن.

هەر ئەو سەرچاوانە هۆشداریان داوە کە؛ لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەو دۆخە، “هاتنەئارای زیانی قورس” دوور لە چاوەڕوانی نابێ.

پاییزی دوو ساڵ لەمەوبەر پەنگدانی ئاوی بەنداوی داریان لە ١٠ کیلۆمیتریی شاری نۆدشە لە شارستانی پاوە، “بە بێ ئاگاداریی وەزارەتی نیرو و کتوپڕ” دەستی پێکرا.

بەنداوی داریان، بە مەبەستی گل دانەوەی بەشێکی زۆر لە ئاوی سیروان و ڕەوانەکردنی بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی ئێران،لەسە ڕووباری سیروان و لەنیزیک سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لێدراوە.

هاوکات هەواڵە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ فەرمانداری پاوە لە دژکردەوەیەک بەو دۆخە ڕایگەیاندووە کە؛ بەنداوی داریان و دامەزراوەکانی نیروگا دوو شتی لێک جیاوازن.

بەرزی بەنداوەکە دەگاتە ۱٥٥ میتر و درێژی زەریاچەکەشی نیزیک بە ۳۰ کیلۆمێترە و لە ئەگەری ڕووخانی کارەسات دەقەومێت و بە دەیان گووند دەکەونە بن ئاوەوە و هەروەها لە خوارەوەی خۆشی، ئەگەری تێکدانی بەنداوی “هێــــــرۆ” هەیە و ڕەنگە مەترسی لەسەر بەنداوی دەربەندیخان لە باشووری کوردستان درووست بکات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت