بە بیانووی بایکۆتی خامنەیی لە لایەن ئامریکاوە : ڕێبەرێک، لە گەڵ ئەوەی بانگەشەی ژیانێكی ساکار دەکات، خاوەن ئێمپراتۆریەتێکی ٢٠٠ ملیار دۆلارییه!

0
667

ڕۆژی كورد :
بایکۆتی نوێی دەوڵەتی ئامریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم جارە داراییەکانی ڕێبەری ئەو وڵاتە خامنەیی و نووسینگەی ناوبراوی کردووەتە ئامانج. بەڵام سامان و داراییەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چەنێکە و لە خۆگری چیە؟

لە گەڵ ئەوەی ڕێبەری ئایینی ڕژیمی ئێران چەندین جار لە دووتۆی وتارەکانی دا ئاماژەی بە ژیانی سادە و ساکاری خۆی کردووە و کەسانی نزیک بە ناوبراو باسیان لە ساکاری ژیانی کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ناوبراو خاوەن و بەڕیوەبەری کۆمەڵەیەکی گەورەی داراییە. لە ماوەی ئەم ساڵە دواییانەدا کۆمەڵێک ڕاپۆرتی زۆر لە مەڕ داراییەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو ڕێکخراوانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە نووسینگەی ناوبراوەوە هەیە، بڵاو کراونەتەوە بەڵام یەکێک لە بێ کەم و کووڕیترینی ئەوانە، ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز بوو کە لە ماوەیەکی کەمتر لە ٦ ساڵ پێش ئێستا بڵاو کرایەوە و باسی فەرمانڕەوایی خامنەیی بە سەر ئێمپراتۆریەتێکی ٩٥ ملیار دۆلاری کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە بەشێکی زۆری ئەم سامان و داراییە لە ژێر چاوەدێری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێوەندی بە ناوەندی جێبەجێکاری دەستووری ئیمام هەیە، کە لە هەموو بەشەکانی جۆراوجۆری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، لە پیشەسازی نەوت و سووتەمەنی، کاروباری ماڵی، بەڕێوەبردنی بانکەکان هەتا بەرهەمهێنانی دەرمانی دژی سکپڕی ژنان و تەنانەت ڕاهێنانی حۆشتر مەل چالاکی هەیە و هەموو ساڵێک زیاتر لە چەندین ملیار دۆلار داهات بە دەست دەهێنێت.
یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکانی خامنەیی کڕینی پشکەکانی یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئێران بوو لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی و کڕینی پشکەکانی گەورەترین کۆمپانیای پێوەندییەکانی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی لە ڕێگای ناوەندی جێبەجێکار بەڕێوەچوون. لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی ناوەندی جێبەجێکاری دەستووری ئیمام وەکوو یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی سەرمایەدانانی بەشی تایبەتی لە هەموو دونیا دەرکەوتبوو. ناوەندی جێبەجێکار هەروەها بەشێکی زۆری داراییەکانی خۆی لە ڕێگای دەست بە سەر داگرتن و بووەنە خاوەندارێتی ماڵ و دارایی کەمیینە ئایینیەکان و ئەو بازرگانانەی کە بە ناچاری وڵاتی خۆیان بە جێ هێڵاوە، بەدەستهێناوە.
ئەگەرچی ناوەندی جێبەجێکار و ٣٧ کۆمپانیای ژێر ئەندامی لە مانگی تەمووزی ٢٠١٠ی زایینی کەوتنە ناو لیستەی بایکۆتی وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا، بەڵام لەو کاتەدا هێشتا ناوی خامنەیی وەکوو بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە لە ئارادا نەبوو و ناوی زیاتر لە ٢٤ کۆمپانیای دیکەی ناوەندەکە لە بیرکرابوون. لە لایەکی دیکەوە، ساڵی ڕابردوو باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە عێراق بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە لاپەڕەی فەرمیی فەیس بووکی خۆی دا باسی لە دارایی و سامانی ٢٠٠ ملیار دۆلاری ڕێبەری ئایینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
لەم بابەتەدا باس لەوە کرابوو : گەندەڵی لە رژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێوان ٤٠ ساڵی ڕابردوو دا لە سەرووترین پلەی دەسەڵات بۆ هەموو ناوەندە جێبەجێکارەکان بنجی داکوتاوە، لە کاتێک دا زۆرێک لە خەڵکی وڵاتی ئێران لە بەر خراپی باری ئابووری لە دۆخێکی زۆر نالەباردان تەنیا داراییەکانی عەلی خامنەیی ڕیبەری کۆماری ئیسلامی ئەگاتە بڕی زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلار.
پێشتر لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا چەندین جار ئاماژەیان بە بوونی گەندەڵی لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کردبوو، لەوانە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە بابەتێک لە سەر لاپەڕەی توییتێری خۆیان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەربەرکانێ لە گەڵ گەندەڵی سامان و داراییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و گەندەڵی دەزگای حکوومەتی ئەو وڵاتە ئاماژەیان پێکردبوو و نووسیبوویان : جێگای داخ و نیگەرانیە بۆ جەماوەر و نەتەوەکانی ئێران، حکوومەتی ئەوان پڕە لە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ یەکێک لەوانە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئەو وڵاتەیە کە خاوەنی ڕێکخراوێکی سەرمایە و ئابووری گەورەیە چاوپۆشی لێکراو لە سەرانە و ماڵیات کە خاوەنی چەندین ملیار دۆلار سەروەت و سامانە. لە درێژە دا باس لەوە کرابوو کە ناوبراو بە پیاوێکی پیرۆز چاولێدەکرێت کە دەست بە سەر دارایی و ماڵ و موڵکی کەمیینە ئایینیەکاندا دەگرێت و دواتر پارەی نەخدینە ئەگوازێتەوە بۆ سۆپای پاسداران.
ئێستاش وەک ئاگادارین لەم چەن ڕوژە دا دوابەدوای لە ناوبردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی کۆنتڕۆڵکراوی ئامریکا لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئیمزا کردنی دەستوورێکی جێبەجێکراو داراییەکانی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و نووسینگەی ناوبراو کەوتوونەتە ژێر بایکۆت و لیستی ڕەش و هاوکات بە ئامادەیی هەواڵنێران و ناوەندە هەواڵنێرییەکان ڕایگەیاندووە کە دەست پێڕاگەیشتنی خامنەیی ڕیبەری ڕژیمی ئێران بە هەموو سەرچاوە ئابوورییەکان ئەپچڕێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.