بە بۆنەی شەست و هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی میر جەلادەت بەدرخان

0
1732

ڕۆژی کورد :
میر جەلادەت عەلی بەدرخان دووهەمین کوڕی ئەمین عەلی بەدرخان لە عەشیرەتی بە ناوبانگی بەدرخانییەکانە کە خزمەتێکی زۆر و بەرچاویان بە ئەدەب و هۆنەری کوردی و بزووتنەوەی کورد کردووە.

میر جەلادەت عەلی بەدرخان ساڵی ١٨٩٣ی زایینی لە شاری ئەستەمبووڵ لە دایک بووە. هەر لە پێتەختی ئەوسای ئێمپراتۆریەتی عوسمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواتر کولێجی یاسای تەواو کردووە. پاش سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەماڵ ئاتاتورک جەلادەت عەلی بەدرخان لە گەڵ باوکی و دوو برای ناچار ڕوو ئەکەنە وڵاتی میسر و ماوەیەک لەوێ نیشتەجێ ئەبن، دواتر جەلادەت و کامەرانی بڵای بۆ خوێندن ڕوو ئەکەنە وڵاتی ئاڵمان و ماوەی هەشت ساڵ لەوێ ئەمێننەوە کە ئەو ماوەیە جەلادەت بەدرخان کاتی بە فیڕۆ نەدا و خۆی فێری زمانی ئاڵمانی کرد.
لە گەڵ شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران جەلادەت بەدرخان خۆی گەیاندەوە تورکیە و یارمەتی شۆڕشی شێخ سەعیدی کردووە، دوای شکەستی شۆڕشی شێخ سەعید بە ناچار جارێکی دیکە تورکیە بە جێدەهێڵێت و لە گەڵ باوکی ڕووئەکەنە وڵاتی سووریە و هەر لەوێ جەلادەت بەدر خان سەرقاڵی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی بوو. گۆڤارەکانی وەکوو “هاوار” و “ڕووناهی” کە حەوتووی جارێک دەرئەچوون جەلادەت بەدرخان بە تەنیا ئەم گۆڤارەی بەڕێوەدەبرد و هەموو کارەکانی نووسین و پیتچنین و چاپ و بڵاوکردنەوەی وەئەستۆی خۆی بوو.
میر جەلادەت بەدەر خان رووناکبیرێکی زۆر بە توانا بووە و شارەزایی تەواوی لە سەر زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی، کوردی، یوونانی، ئاڵمانی، ئینگلیزی، فەرانسەوی و ڕووسی بووە. ناوبراو خزمەتێکی زۆری بە ڕێزمان و فەرهەنگ و کولتووری ئەدەبی کوردی کردووە بۆ وێنە کتێبێکی لە سەر ڕێزمانی کوردی و دوو فەرهەنگی کوردی بە کوردی و کوردی بە فەرانسەوی داناوە. یەکەم کەس بووە کە پیتی لایتنی بۆ زمانی کوردی بە کار هێناوە لە هەمان کاتدا کەسایەتییەکی سیاسی نیشتمانپەروەر و ئەکادیمیا و نووسەرێکی گەورە بووە کە لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە.
میر جەلادەت عەلی بەدرخان ڕۆژی ١٥ی تەمووزی ساڵی ١٩٥١ی زایینی لە شام پێتەختی وڵاتی سووریە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لەو شارە لە گۆڕستانی مەولانا خالید نەقشبەندی ئەسپاردەکراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.