بەهمەن قوبادی، نوێترین شانازیی خۆی پێشکەش بە ویستی ڕەوای سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کرد

0
911

ڕۆژی کورد: بەھمەن قوبادی، سینەماکاری ناوداری کورد، کە ناوی چووەتە ناو ٢٥ دەرهێنەری ناسراوی سەدەی ٢١، خەڵاتەکەی خۆی پێشکەش بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور کرد.

بەهمەن قوبادی، دوای ئەوەی کە حەوتووی ڕابردوو، وەک یەکێک لە ٢٥ دەرهێنەری ناسراو و چالاکی سەدەی ٢١ لە ئاستی جیهاندا دەست نیشان و خەڵات کرا، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستانی باشوور و داوای سەربەخۆیی کوردستان کرد.

 بەھمەن قوبادی، سینەماکاری ناسراوی کورد، لە کاتی نمایش کرانی یەکێک لە بەرھەمەکانی لە وڵاتی فەڕانسە، وێڕای پێشکەش کردنی خەڵاتەکەی بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور رایگەیاند: “ئەم شانازییە کە وەک ڕۆڵەیەکی کورد بە من بەخشراوە، کە وەک یەکێک لە 25 دەرھێنەری بەرچاوی سەدەی 21 لە ئاستی جیهان ھەڵبژێردراوم، پێشکەش بە نەتەوەی زۆرلێکراو، ڕەنجکێشاو و خەباتکاری ھەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی گشتپرسی ھەنگاو دەنێن و بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن. منیش ئەو شانازییەم پێشکەش بەو بزاڤە گرنگە دەکەم”.

 قوبادی، هەروەها ڕەخنەی لە نەنووسرانی ناوی کوردستان لە پێش ناوەکەی گرت و گوتیشی: “ئاواتم ئەوە بوو لە ناو لیستی 25 دەرھێنەری بەرچاوی سەدەی 21ی جیھان، لە پێش ناوەکەم نووسرابا، بەھمەن قوبادی، خەڵکی کوردستان و منیش بەناوی کوردستان ئەو شانازییەم وەدەست هێنابایە، ئاواتم ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەوە ڕوو بدات و بە ناوی کوردستانەوە فیلمەکانمان لە ئۆسکار بەشداری بکات، نەک بەناوی وڵاتانێکی وەک تورکیە یان عێراق، یان ئێران و سووریە”.

سینەماکاری ناسراوی کورد و جیهان، بە ئاماژە بە زۆرلێکراوی و ئازارەکانی گەلی کورد لە درێژایی مێژوودا گوتی: “ئەوە مافی نەتەوەکەمە، ھەر بەم بۆنەیەشەوە ئەو شانازییەم پێشکەش بە نەتەوەی زۆر لێکراو، چەوساوە، پاک، ئەنفالکراو و لێقەماوی ھەرێمی کوردستان دەکەم، ئەو شانازییە ھی من نییە و لەڕاستیدا ھی ئەوانە کە ئێستاکە سەرقاڵی خەباتێکی گرنگن و بە زوویی داوای سەربەخۆیی دەکەن کە مافی بێ ئەملاوئەولای ئەو نەتەوەیە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت