بەشێک لە کورد گەورەترین بەربەستی بەرەدەم سەربەخۆیی

0
759

دوای ساڵی ۱۹۹۱ بۆ جاری یەکەم کوردەکان بۆ ماوەی درێژ خاوەن دەسهەڵاتی خۆیانن. لە باشورى  کوردستان دوای ساڵى ۲۰۰۳ کە بە هێرشی هێزی هاوپەیمانان کۆتای بە دەسهەڵاتی بەعس هات و کورد پێی نایە قوناغێکی نوێی سیاسەتی خۆیان، بۆ یەکەم جار خواستی کوردەکان لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستورى ینەڕەتى وڵات جێگیر بوو. کورد بوە شەریکی دەسهەڵات.

هەر ئەو کات و دواتر رەخنە لە سەرکردایەتی سیاسی گیرا، کە بۆ چی بە کەم رازی بوە دەبا ڕئالیستانە سیاسەتى کردبا، دەستی گرتبا بەسەر ناوچە کوردیەکانی دەرەوەی سنوری هەرێم. بەڵام دەسکەوتی کوردەکان کەم نەبوو، چونکو ویستی خۆیان لە دەستورێکی یاسای کە خەڵک دەنگیان بۆ دابوو چەسپاندبوو. دوای حکومەتەکانی یەک لە دوای یەکی ناوەندی کە بەتەواوی لە ژێر هەژمونی شیعەی عێراق و ئێران بوو، هەر ئەوەندەش هۆیەکى گونجاو بوو بۆ ئەوەی کە دژایەتی کورد بکات. سەرەتا بە جێبەجی نەکردنى مادەى ١٤٠  و دروست کردنى ئاستەنگى گەورە بەرامبەرى، دواتر بە برینى بودجەى هەرێمى کوردستان، ئەو ناکۆکیانە گەیشتە دابران و پچرانى پەیوەندیەکان. ئەگەر بە کورتى باس لەو سێزدە ساڵەیە بکەین و دەسکەوت و خەسارەکان پۆلێن بکەین و شیبکەینەوە دەسکەوتەکانى بە گشتى بریتین لە

_بۆ یەکەم جار هەرێمى کوردستان خاوەن قەوارەیەکى یاساىى و فەرمیە.

_کوردستان خاوەن پێگەیەکى نێونەتەوەییە واتە هەموو دونیا وەکو وڵاتێکى سەربەخۆ هەڵسوکەوتى لە گەڵ دەکات.

_کوردستان توانیویەتى ببێتە خاوەن ژێرخانێکى ئابوورى کە دەتوانێ نەوت و گاز بەرهەم بهێنێ بگواستەوە و بفرۆشیت. ئەمە دەسکەوتیکى گرنگە بۆ کورد کە توانیویەتى وەها هێزێکى هەبێت.

_کوردستان خاوەن هیزێکى لەشکرى گەورەیە.

لە هەمان کات دا ئەم کەم وکورتیانەى هەریمى کوردستانى لاواز کردوە  بە گشتى بریتین لە

_نەبونى یەککڕێزى نێوان لایەنە سیاسیەکانى کوردستان بە تایبەتى دواى دروست بوونى گوران هاتنە نێو کایەى سیاسی. ئەو بزوتنەوەیە کە هەندێ جار هەتا بووە هۆى لاواز بوونى پێگەى کورد لە بەغدا ناوچە و دونیا.

_کورد لە بەڕێوبردنى حکومەت نەیتوانیوە چاکسازى کارگێرى بکات، واتە لە دام و دەزگامانى حکومەت بە شێوەیەکى زۆر کۆن یا لاواز بەڕێوە دەبردرێ گەندەڵى یا خراب بەڕێوە بردنى دەسەڵات لە بەشێکى دەزگاکان. ڕێک نەخستنى هێزەکانى پێشمەرگە و نەبوونى سیستمێکى تۆکمەى تەندروستی و پەروەردە و پلان دانان، بڕیار نەدان لە زمانى یەکگرتو و کارا نەکردنى پەڕلەمان، دانەمەزراندن و کارا نەکردنى دەزگا یاسایی و سەربەخۆییەکان وەکو کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردن و دەست پاکى ڕۆڵ نەگێڕانى دەسهەلاتى دادوەرى بە ڕێژەى پێویست. هەمووى ئەوانە ئەو چاکسازییانە بون کە دەبێ حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو ماوەیە دا کردباى.

_سیاسەت کردن لە سەر ئەساسی کین و عوقدەى کۆن یا بە تەلەفزیونى کردنى سیاسەت لە لایەن پێشکەشکارە سیاسیە کانى نوێ. کە سیاسەت کردن وەکو بەرنامەیەکى تەلەفزیون کە تەنیا ئامانج زیاد کردنى بینەر بێ نەک ئەوەى لە بنەماى زانستى سیاسەت و دەسەڵات دارى دا هەیە. کە لەو بوارە دا پشکى زۆر بەر بەناو ئۆپزسیۆن دەکەوێ.

کاتێک کەم و کورتیەکان و دەسکەوتەکان دەخەیە تەرازوویەک ئەو لایەى کە یەکڕێزى تێدا نەبێ گرانى دەکا واتە کەم و کورتیەکان زیاتر بە بەرچاو دەکەون تا دەستکەوتەکان.

لەوەها بارو دۆخێک دا دواى هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و کوردستان قوناغیکى نوێ دەستى پێ کرد. کورد دواى قارەمانێتى زۆر و ڕژاندنى خوێنێکى زۆر توانى لە قوناغى یەکەم خۆى بپارزێ و لە قوناغى دوەم بتوانێ سنورى کوردستان دیار بکات و بە کردەوە و پڕاکتیک حوکم بکات بە سەر هەموو خاکى کوردستان.

ئێستاش گەورەترین باسی کوردستان سەربەخۆیی و ڕێفراندۆمە، کە لە نێوان مافى نەتەوەى کورد و ویستى لە مێژینەى  و ئاستەنگەکانى بەردەمى دا لە بەردەم دەرفەتێکى مێژووى دایە کە دو ئیحتمالی هەیە یا بەرەوە سەربەخۆى هەنگاو دەنێ و مێژوو تومار دەکات، یا ئەم دەرفەتەش لە دەست دەدەین کە ئەوکات دەبی سەد ساڵى تر ڕاوەستین بۆ ئەوەى بگەین بە مافە ڕەواکانمان.

ئاستەنگەکانى بەردەم سەربەخۆى کورد دو جۆرن دەرەکى و ناوخۆی، کە پەیوەندیەکى نزیکیان لانى کەم لە ئامانجەکانیان بۆ دور خستنەوەی کورد لەو ویستە ڕەوایە هەیە. یەکەم و سەرەکیترین ئاستەنگ وڵاتى ئێرانە  کە بە شێوازى جوراو جۆر هەوڵ دەدا کورد ئەو هەنگاوە هەڵنەهێنێ.

سەرەتا بەر لە هێرشی داعش بەرێز مەسعود بارزانى داواى لە پەڕلەمان کرد کار بکات بۆ ئەنجامى ڕێفراندۆم بە دواى دا هیرشی داعش بۆ سەر کوردستان دەستى پێکرد. دواتر هەر کاتێ کە سەرۆکى هەرێم داواى ئەنجامى ڕیفراندۆمى کردبێ ئیمە بە بیانوو جیا جیا شایەدى ئاڵۆزى لە کوردستان بووین. هەمووى ئەوانەش بۆ ئەوەیە  کە کورد نەتوانی ئەو هەنگاوە هەڵێنێ.

ئێران لە ڕیگەى کاریگەرى بە سەر سیاسەتى عێراق و سوریە لە جیاتى هەردوکیان بڕیار دەدات و ئەوان بە کار دێنێ بۆ جێبەجێ کردنى سیاسەتى خۆیان. تا رادەیەک شتێک بە ناوى حکومەتى عێراقى و سوریى نیە بەڵکو ئێرانە. کەواتە تەنیا وڵاتێک کە کاریگەریەکى وا بەربڵاوى لە ناوچە دا هەبێت کە بتوانى هیڵى سیاسی گشتى بۆ وڵاتێکى تر دیارى بکات ئێرانە.

 ئەز تەنیا بە پرسیارێک دەسەلمێنێم کە ئێران لە پشت هەموو هەنگاوەکانى دژى سەربەخۆی کوردە، ئەویش ئەو پرسیارەیە، ئایا وڵاتێک کە بە فەرمى و ئاشکرا ڕابگەینێ کە دەست تێوەردان دەکا لە کارو بارى هەموو ڕۆژهەلاتى  ناوەراست و لە هەموو ئەو وڵاتانەش کە دەست تێوەردان دەکات شەڕی ناوخۆ ناکۆکى نێوان لایەنەکانی بە شێوەیەکى بەرچاوهەیە، چۆن ڕیگە بە کوردستانێکى سەربەخۆ لە سەر سنورى خۆى دەدات؟ مومکین نیە و هەموو هەوڵیشی دەخاتە گەڕ بۆ بە ئەنجام نەگەیشتنى  ئەم مەبەستە.

ئاستەنگى دووەم بەردەم سەربەخۆى کورد و بە شێک لە کورد خۆیەتى. ئەگەر بیت و ئەم بەشەى کورد نەبێتە سەکۆى ئێران، ئێران سەڕەراى ئەو هەموو هێزەى ناتوانێ پێشی بە سەر بەخۆى کوردەکان بگرێ. هەموو کوردەکان بە هەموو هێزەکانیانەوە دەبێ پشتگیری لە سەربەخۆى بە هەموو شێوەیەک بکەن.

بۆ بەدەست هینانى پۆست ناکۆکى دروست نەکەن و تەنانەت ئەبێ بەرنامەو پلانى بۆ دابنێن لە حاڵێک دا تابلۆیەکى لەم شیوەیە لە گوڕەپانى سیاسەت نابینین. تەنیا ئەوەى بە زەقى دەبینین پیداگرى پارتى دێموکرات و سەرۆکى هەرێمە، کە لایەنەکانى تر یا بە کزى یا ئەسلەن پشتگیری ئەو هەوڵانە ناکەن. ڕاستە نابی لە بیر بکەین کە بۆ سەربەخۆى هەندێ بنەما و ژێرخان پێویستە، دەتوانین زۆر لەوانەش نا بهێنین. بەڵام گرنگترینیان کە دەتوانێ ئەو ژێرخانەیەش دروست بکات، ئیرادە و یەکڕێزى گەلى کورد بە تایبەتى لانى کەم هێزە ساسیەکانە. ئەگەر ئەو خاڵە جەوهەریە هەبێ، دەتوانرێ زۆر بە ئاسانى کورد لە بەشێکى لە خاکەکەى بە ئامانجی دێرینەى بگات.

بۆ ئەوانەى کە دەڵێن کورد ئامادە نیە یا کاتە کە گونجاو نیە دەپرسم ئەگەر داعشێک بتوانێ بۆ ماوەى دو ساڵ بە و هەموو دڕەندەییەوە شەڕو ئەو جورە بەربەریەتە بتوانی سنورى بۆخۆى دروست بکات و سنور بسڕێتەوە حوکم بگیڕێ چۆن کوردستان بەو هەموو تواناییەوە و جیاوازیە ناتوانێ ببێ بە دەوڵەت؟ تەنیا  ئەگەر کوردەکان خۆیان یەکڕێز و یەکدەنگ نەبن لە سەرى. هەر بۆیەش گەورەترین بەربەستى بەردەم سەربەخۆى کوردستان ئێستا کوردەکان خۆیانن ئەگی نا بە هەموو شێوەیەک کوردستان ئامادەیە. ئەگەر لایەنى ئۆپزسیون یەک لە سەر پێنجى ئەوەى بە ناوى موچەو گەندەڵى بانگەشەی بۆ دەکا بۆ ئەوەى کە پۆستەکانى بەدەست بێنێت، بانگەشە بۆ سەر بەخۆى بکەن ئەوا کورد زۆر بە ئاسانى دەتوانی ئەو هەنگاوە مێژوویە ببڕێت. ئەگەر هات و ئەو دەرفەتە لە دەست چوو ئیتر کورد ئەبی سەد ساڵى تر ڕابوەستیت.

نوسینى ئەلبورز ڕۆئین تەن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.