بەشداریکردن لە شانۆی هەڵبژاردنی ئێراندا، ڕەوایی دانە بە داگیرکاری

0
9106

ڕژیمی ئێران بڕیارە لە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی شانۆیەک لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شووڕای شار و گوندەکان بەڕێوە ببات.
ڕژیم کە هەر چوار ساڵ جارێک وەها شانۆگەرییەک وەڕێدەخا، هەموو جارێ بە شێوەی جۆراوجۆر و بە فێڵ و تەڵەکە و هەڵخەڵەتاندن، تاقمێک لە خەڵک دەکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەم چەشنە وا بە دونیای دەرەوە نیشان دەدا کە خەڵک پێشوازی لە دەسەڵات و هەڵبژاردنەکانی دەکەن و مەشڕووعیەتی دەدەنێ و پەیمانی لە گەڵ نوێ دەکەنەوە.

ڕژیمی ئێران لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی دیبەیت و مونازرە بۆ کاندیدا و بەربژێرەکان ڕێک دەخا و لەو دیبەیتانە دا بردنە ژێر پرسیاری کاربەدەستانی ڕژیم و بە ناو ئۆپۆزیسیۆن سازی لە ناو خۆیان دا و لە کۆنتڕۆلی خۆیاندا، لە مێژ ساڵە بۆ ڕاکێشان و هەڵفریواندنی خەڵکانێکی ساویلکە دووپاتە دەبێتەوە و دیسانیش هەندێک کەس بە سانایی فریوی ئەو سیاسەتەی ڕژیم دەخۆنەوە و پێیان وایە ئەمیان لەویتر باشترە و باوەڕ بە شەڕە ساختەکانیان دەکەن.

دیارە چ خەڵک بەشداری بکا و چ بەشداری نەکا، ئەوان لە ناو مۆرەکانی دیاریکراوی خۆیان، کەسانێک کە لە پێشووترەوە ، بۆ خۆیان بە چەپ و ڕاست و ناوەندیانەوە لە سەری ڕێککەوتوون وەک نوێنەر و پاڵێوراوی خەڵک دەستنیشان دەکەن و ئەوەی لێرە دا بۆیان گرینگە، بوونی خەڵک لە ڕیزەکانی دەنگدانە وەک سیاهی لەشکەر و ئەوەشی کە لایان بێ بایەخە، دەنگی خەڵک و ژمارە و سندووقەکانی دەنگدانە.

جیا لە هەموو ئەوانەی کە باسمان کرد، بەشداریکردنی تاکی کورد لە وەها شانۆیەکی قێزەون دا هەم پاڵپشتی و هاودەستییە لە سەرجەم جینایەتەکانی ئەو ڕژیمە لە کوردستان و هەم هەڵە و خیانەتە بە خاک و نەتەوە و نیشتمان و گشت هێما و سەروەرییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان.

ڕژیم لە ناو خاکی ڕۆژهەلاتی کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە پڕۆسەیەکی فۆرمالیتە و نەمایشی لە ژێر ناوی شانۆی هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی مەشڕووعیەت و ڕەوایی دان بە داگیرکارییەکانی بەڕێوە دەبا کە بەشداریکردنی کورد لەو شانۆیە دا جیا لە قەبووڵکردنی مانەوە وەک کۆیلە و ژێردەستە، ئەو واتا و مانایە دەگەیەنێ کە هۆویەت و شوناس و ناسنامەی تۆی کورد ئێرانیە نەک کوردستانی.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای بایکۆتکردنی نمایش و شانۆی هەڵبژاردن داوا لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا کە:

پێویستە هەڵوێستێکی مێژوویی بەرانبەر داگیرکاریی ڕژیمی ئێران بگرن و بە بایکۆتکردن و بەشدارینەکردن لەو هەڵبژاردنە دا جارێکی دیکە بە ئێران و ئێرانیەکان بڵێن: نا
بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە دەنگدانە بە ئێرانیبوون، بۆیە لە ناو ماڵەوە مانەوەتان، لە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان واتادار و پڕمانا دەبێ و بەڵێ گوتنە بە کوردستانی بوون و نا وتنە بە ئێرانیبوون.
دەنگنەدان و بەشدارینەکردن لە شانۆی بە ناو هەڵبژاردن جیا لەوەی ڕێفراندۆمێکی مەزنە بۆ ڕەوایی نەدان بە داگیرکەری ئێرانی، هاوکات داکۆکی و پاڵپشتیکردنە لە زمان،کلتوور، فەرهەنگ، مێژوو و ژیار و شارستانیەت و ناسنامە و شوناسی کوردەواری.

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢١ی کوردی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.