بەر لە ٣١ ساڵ و دوایین دیدار و چاو پێکەوتن لە گەل ڕێبەر و سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزب کاک دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو

0
3325

نووسین و ئاماده‌كردنی : فه‌رهاد میرۆزاده

بەهاری ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی بوو،  هێشتا  هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بنکە سابیتەکانی خۆیان بەرەو ناوچە و حەوزەی کار و تێکۆشانیان حەرەکەتیان نەکردبوو.  بنکەی هێزی ئاگری و مەڵبەندی شیمالی کوردستانی حیزب لە گوندی ” بێشێ “ی بناری چیای حەسەنبەگ سەر بە قەزای سۆران له‌ پارێزگای هەولێر بوو.  رێبەر و سەر کردەی حیزبەکەمان کاک دوکتۆر قاسملوو بۆ سەردان و ڕێنوێنی کردنی تێکۆشەرانی حیزب   بۆ کار و تێکۆشانی حیزبی  تەشریفیان بۆ مەلبەندی شیمالی کوردستان و هێزی ئاگری هێنابوو. لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا دوکتۆر  قاسملوو باسێکی تێر و
تەسەلی لەسەر سیاسەت و کاروتێکۆشانی حیزب و بەتایبەتی   دیپلۆماسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ( ڕۆژهەڵات) چ لەناوخۆی کوردستان  و  چ لە دەرەوەی کوردستان بۆ گەیاندنی پەیامی حەقخوازانەی گەلی کورد بە کۆر و کۆمەڵە ناونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان ، بۆ ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان قسەی کرد و هەر وەها باسی فرت و فێڵی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کارە تێرۆریستییەکانی  لە ئاستی نێودەوڵەتیی و ڕۆژهەلاتی ناوین کرد.

باسی پەیامی خۆمەینی کرا کە لە رۆژی ٢٨ی خاکەلێوە بە بوونەی رۆژی ئەرتەشی  دژی گەلی کوماری ئیسلامیی ئێران ناردبووی(لە ئێران ٢٩ی خاکەلێوە ڕۆژی ئەرتەشە). بەپێی دەستێوەردانی دستوور عەمەلی ئەرتەش لە مادەی حەوته‌م لە سالی ١٣٦٦یەکێک لە ئەرکەکانی  ئەرتەش کە بەرەورووبوونەوە لە گەل ( تجزیەطلبان) (جیاخوازەکان ) بوو کە کۆماری  ئیسلامیی ئێران لەو دەستوور عەمەلە دا جێگیر کراوە  .دکتۆر قاسملوو ئیشارەی بە قسەکانی خومەنی کرد کەباسی حیزبی دێمۆکراتی کردبوو ، فەرمووی : خومەینی داخای دڵی ڕەشی خۆی لە رۆژی ئەرتەش دا دژی ئێمەی هەلڕشت و  دیار بوو ئێمەی هەر لە بیرە.

پاش تەواو بوونی قسەکانی،کاک دکتور قاسملوو ، نۆرە گەیشتە پرسیارەکانی هێزی پێشمەرگە . ژمارەیەک لە هاورێیان پرسیاریان لە کاک دوکتۆرکرد لە سەر وەزعی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەڕاستیدا یەک لە ناوچە هەرە دوورەدەستەکانی کوردستانە لە گەل ناوەندی حیزبی دێموکرات لە باری هەڵکەوتەی جۆغرافیاییەوە . کاک دکتور قاسملوو  هونەرێکی گەلێک جوانی هەبوو بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکان و   بە پێكەنینەوە فەرمووی : ئێوە خودمختاریتان لە باری مالییەوە هەیە و توومەنی دەکەن بە دۆلار، دۆلاری دەکەن بە  لیرەی تورکیە، لیرەی تورکیە دەکەن بە مارکی ئالمانی و….

هەر لە درێژەی ئەم وتە بەنرخانەی دا ڕووی لە مامۆستا مەلا خالیدی عزیزی کرد (رۆحیان شادبێ). مامۆستا خەلکی گۆندی زێوەی مەرگەوەڕی  سەر بە شاری ئۆرمیە و کەسایەتییەکی ئایینی و کۆمەڵایەتیی دیاری نێو ڕیزەکانی  حیزبی دێموکرات بوو ،کاک دکتور قاسملوو فەرمووی من لە مامۆستا مەلا خالید شیمالی ترم، ئەڵبەتە بە جۆغرافیا . بەداخەوە ئەم دیدار و کۆبوونەوەیەی ئێمە  ئاخرین دیدارمان بوو لەگەل دوکتۆر قاسملووی رێبەر و سەرکردەی حیزبی دێموکرات  و  بزووتنەوەی رۆژهەلاتی کوردستان.

 پاش ماوەیەکی کورت ئێمە وەک دەستەیه‌ک لە  کادر و پێشمەرگەی مەلبەندی شیمال و هێزی ئاگری چووینەوە ناوچەی باکوری رۆژهەلاتی کوردستان کە حەوزەی کار و تێکۆشانی ئێمە بوو. رۆژی ٢٢ی پووشپەر هەواڵی جەرگبڕی  تێرۆری دوکتۆر قاسملوو لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە ناوچەی تەرگەوەڕ گەلی بەردەش سەر بە شاری ئۆرمیە  گوێمان لێبوو . بەم شێوەیە رێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوکتۆر قاسملوو ی ئاشتیخواز و عاشقی ئازادیی  لە سەر مێزی دانووستان لە ڤییەن پێتەختی وڵاتی  ئۆتریش تێرۆر کرد.

سیاسەتی دوژمنانی گەلی کورد سیاسەتی بە ئامانج گرتنی تاک و کەسایەتیی کورد وەک ئەوەی ئەگەر فلان کەسایەتی نه‌بێت میللەتی کورد ئەم داوایەی نییە و هەربۆیە هەمیشە دوژمن هەوڵی لە ناوبردنی سەرکردەکانی کوردی داوە و  لەو چواچێوەیەشدا هەوڵی چاوترساندنی کوردی داوە . بۆ نموونە تێرۆرکردنی ڕێبەرانی گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان  وەک : کاک دوکتۆر قاسملوو ، کاک  دوکتۆر سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانیان.

ئەگەر لە هەمبەر تێرۆری دوکتۆر قاسملوو  لە لایەن تیرۆریستیەکانی رێژیمی جمهوری ئیسلامی ئێران ، گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدژی ئەو کردەوە دژی کوردە ڕاپەڕیباوە و  دام ودەزگاکانی  سەرکوتکەری رێژیمی تێرۆریستیی جمهوری ئیسلامیی ئێرانی لە رۆژهەلاتی کوردستان تێک و پێک دابا و وێرانی کردبا ، ئەوجار بۆ هەموو دوژمنانی نەتەوەی کورد دەبوو بە دەرسی عیبرەت هیندە بە هاسانی نەدەکەوتنە بیری پیلانگێری بۆ لە نێو بردنی ڕێبەران و تێکۆشەرانی کورد . بێ گومان ئەوکات ئیدی هەم  رێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئسلامی و هەم هاوشێوەکانی ئاوەها بەڕاحەتی نەیاندەتوانی دەست بۆ تێرۆری ڕێبەرانمان بەرن. بەڵام بەداخەوە ئه‌م کردەوانەی  رێژیم  بە بێ  دانی نرخی پێویست دەرباز بوون وهێندەی دیکە کەوتنە بیری لێدانی سەری نەتەوەکەمان.
سڵاو لە گیانی پاکی ڕێبەر و زانای کورد دوکتۆر قاسملوو و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.