بەرپرسی ماڵپەڕی ڕوانگە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

0
652

بەرپرسی ماڵپەڕی “ڕوانگە” لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیرانەوە دەستبەسەر و چالاکیی ئەو ماڵپەڕەش ڕاگیرا.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر، “حەسەن شێخ‌ئاقایی” ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ماڵپەڕی ڕوانگە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە مەهاباد دەستبەسەر کرا.

دەوترێت، ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە: “بڕیاری دەستبەسەرکرانی حەسەن شێخ‌ئاقایی لەلایەن “عەلی مێهر” دادیاری لقی یەکەمی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد درکراوە”.

هەروەها “یوونس قوربانی‌فەر”، ئەندامی شورای سەرنووسەریی “ڕوانگە” لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر و دوای کاتژمێرێک ئازاد کراوە.

دوای دەستبەسەرکرانی بەرپرسانی ماڵپەڕی ڕوانگە، شورای سەرنووسەریی ڕوانگە لە لاپەڕەی فەیس‌بووکی ئەو ماڵپەڕەدا ڕایگەیاند: “لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاویەوە، بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ڕوانگە لە دەستی بەرپرسانی ئەو ماڵپەرەدا نەبووە و هیچ کۆنتڕۆڵێکیان لەسەر ماڵپەڕەکە نەبووە. ئاشکرایە کە ڕوانگە لەو هەلومەرجەدا هیچ بەرپرسیارەتێک لەمەڕ ئەگەری دەستکاریی ماڵپەڕەکە لە ئەستۆ ناگرێت”.

بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتیی ڕێژیم دوای چەندین جار بەدواداچوونی بنەماڵەی شێخ‌ئاقایی ڕایانگەیاندووە: “ئەگەری ئەوە هەیە کە کوڕەکەتان بۆ ورمێ ڕاگوازرابێت”.

تا کاتی بڵاوبوونەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنی ئەو چالاکە مەدەنییە لەبەر دەست‌دا نیە.

حەسەن شێخ‌ئاقایی، چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی کورد، دەرچووی زانکۆی هونەرە جوانەکان و دوکتورای داروسازی هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.