بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە عێراق ٤٢ کوژراو و زیاتر لە ١٨٠٠ برینداری لێکەوتەوە

0
685

ڕۆژی کورد :
سەرچاوە هەواڵنێرییەکان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبر باس لە کوژرانی ٤٢ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ١٨٠٠ کەس لە دانیشتوانی بەغدا و چەن شاری دیکە لە باشووری وڵاتی عێراق، لە دریژەی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دژی حکوومەتی ئەو وڵاتە لە ڕۆژی ڕابردوو دا دەکەن.

دەربڕینی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵەوە، سەبارەت بە دزەکردنی ئێران، بەتاڵی و بێکاری، گەندەڵی ئابووری و ناکارامەیی خزمەتگوزارییە گشتییە حکوومیەکان لە شاری بەغدا و زیاتر لە ١١ پارێزگای دیکەی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون و تا ئێستاش بەردەوامن. ڕۆژی ڕابردوو خۆپیشاندەرانی عێراقی لە بەغدا هەوڵی ئەوەیان داوە بچنە ناو هێڵی پارێزراوی “سەوز”. ئەو ناوچەی کە بنکەی ناوەندە حکوومەتییەکان و باڵوێزخانەی وڵاتانی بیانی لە شاری بەغدا لەوێ نێشتەجێن. لە زۆربەی شارە گەورەکانی عێراق هێزەکانی پۆلیس بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران هەنگاوی هەڵگرتووە بە تەقەکردن و هاویشتنی گازی فرمێسک ڕێژ بەرانبەر بە خۆپیشاندەران. لە ماوەی ئەم مانگە دا تا ئێستا ڕێژەیەکی ١٥٧ کەسی لە خۆپیشاندەران گیانی خۆیان لە دەست داوە کە زۆربەی ئەوانە بەر ئامانجی فیشەکی سەربازی کەوتوون.
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکی دا باسی لە روو لە زیادبوونی ئاماری بریندارەکانی ئەم دواییانەی خۆپیشاندانەکانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی ئەو بریندارانە بە هۆی کەوتنە بەر پەلاماری گازی فرمێسک رێژ تووشی خنکاوی بوون. زۆربەی ئەم بریندارانە خۆیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن. سەید عەلی سیستانی، بەرزترین سەرچاوەی ئایینی شێعەکانی عێراق، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی ئۆکتۆبر لە پەیامێکدا کە لایەن یەکێک لە نوێنەرانی لە نوێژی هەینی خوێندرایەوە، داوای لە هێزە ئەمنیتییەکانی ئەم وڵاتە کرد خۆڕاگر بن و پارێزگاری لە جەماوەری خۆپیشاندەر بکەن. ناوبراو درێژەی پێدا ڕێفۆرمی ڕاستەقینە و گۆڕانکاری شیاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێویستە لە ڕیگاچارە ئاشتیخوازانەکانەوە چارەسەر بێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەڵێت لە خۆپیشاندەران پارێزگاری دەکرێت بەڵام هاوکات ئەو کەسانەی کە بە تێکدەر ناوی بردوون سزا دەدرێن. سەرۆک کۆماری عێراقی فێدڕاڵیش هێرش بۆ سەر خۆپیشاندەران و ڕاگەیاندنەکانی شەرمەزار کردووە. هاوکات ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داخوازی کۆتایی هێنان بە شەڕ و تێکهەڵچوونە خوێناوییەکان لە عێراق دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.