ڕۆژی كورد: بیسته‌مین خولی فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ له‌ژێر دروشمی (ئەقڵی ئازاد، نەوەیەکی ڕۆشنگەر) ئەمڕۆ له سلێمانی دەست بە کارەکانی دەکات.
له‌و باره‌وه ماڵپه‌ڕی باس‌نیوز بڵاوی كردۆته‌وه كه بیستەمین خولی فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2016 -11 -20 بە بەشداریی نووسەرانی کورد، عەرەب و ئێرانی و ئەرمەنی بە دروشمی (ئەقڵی ئازاد، نەوەیەکی ڕۆشنگەر) له سلێمانی دەست بە کارەکانی دەکات و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژدا پێشبڕکێی ئەدەبیی لە بواری شێعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە، پێشانگەی شێوەکاری، پێشانگەی کتێب، شەوی شێعری به‌ڕیوه ده‌چێت.
هەروەها بڕیار وایە وتارێک بە بۆنەی رۆژی جیهانی فەلسەفە کە ئەمڕۆیە، بخوێندرێتەوە و ڕۆژی دوەم تایبەتە بە دیالۆگی کولتوریی کوردی- ئەرمەنی کە جگە لە وەزیری رۆشنبیریی ئەرمینیا – ژمارەیەک نووسەر و توێژەری ئەرمەنی سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەن بابەتی جیاجیا پێشکەش دەکەن، چەند نووسەر و توێژەری کوردیش لەگەڵ ئەرمەنەکاندا له‌بارەی جینۆسایدی ئەرمەن و پەیوەندیی کورد بەو جینۆسایدەوە گفتوگۆ دەکەن.
به‌پێی زانیارییه‌کانی ده‌بیرخانه‌ی گه‌لاوێژ، جگە لەوە ڕۆژێکیش تەرخان دەکرێ بۆ کولتوری عەرەب و فارس. سەرلەبەیانی سێیەمین ڕۆژیش، ژمارەیەک نووسەر و ئەدیبی ئێرانی بابەتەکانیان پێشکەش دەکەن، پاشنیوەڕۆیش بابەتە عەرەبییەکان پێشکەش دەکرێن کە تەوەری سەرەکیی لێکۆڵینەوە عەرەبییەکان بریتیە لە (گرفتی ناسنامە، هۆشیاریی خود لە ئاوێنەی ئەویدیدا) کە هەریەک لە د. مالک مەتلەبی، عەباس بیزون، یاسین ئەلنەسیر بەشداریی تێدا ده‌که‌ن.
له ڕێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵه‌که خەڵاتەکانی شێعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە لە دوایەمین ڕۆژدا دابەش دەکرێن.
هەروەها خەڵاتی حسێن عارف، دەدرێ بە ڕوماننووسێکی کورد، له‌لایه‌کی دیکه‌وه بۆ یه‌که‌مین جار خەڵاتی تایبەت بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دابه‌ش ده‌کرێت، له میانه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا چه‌ندین گۆڤاری تایبه‌ت به فێستیڤاڵه‌که‌ش بڵاو ده‌کرێنه‌وه.