بۆ تێرۆرەکەی شەوی یەلدا کاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە؟

0
1150
simail sherefi
سمایل شەرەفی

لە پێوەندی لە گەڵ تەقینەوەکانی شەوی یەلدای بەردەم قەڵای دێموکرات‌دا، ناوهێنانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، نەتەنیا ناکرێ وەک “بڕیاردانی بەپەلە” لێک بدرێتەوە، بەڵکوو نیشان لە ناسینی درووستی ئادرەسێکە کە، جیا لە تاران ناتوانێ هیچ کوێی دیکە بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەت لە ماوەی نزیک بە ٤٠ دەیە لە دەسەڵاتدارێتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، جیا لە رێژیمی ئێران هیچ دەوڵەت و لایەنێکی دیکەی بە دوژمنی خۆی نەزانیوە. هەروەها لە ماوەی ئەم چەند دەیەدا هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی دژ بە رێبەران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات کرابێ، بە بێ ئەملاوئەولا جیا لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیڕان هیچ لایەنێکی دیکە نەبووە.

کەوابوو لە بەگشتی ئادرەسی هەموو ئەو دەست‌وەشاندنانە لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەیەی نەتەوایەتی خەڵکی رۆژهەڵاتەی کوردستان تا ئێستاو لەمەوبەدوایش هەر رێژیمی تیرۆریست‌پەروەری کۆماری ئیسلامی ئیڕانە.
هەڕەشەی ئاشکراو پەیتاپەیتای بەرپرسانی ئەمنییەتیی رێژیم لە چەند مانگی رابردووی ئەمساڵ‌دا لە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵگەیەکی ئاشکراو حاشاهەڵنەگری دیکە کە تەقینەوەکانی شەوی یەلدای بەردەم قەڵای دێموکرات تەنیاو تەنیا کاری ئەم رێژیمەیە.

حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران رۆژی ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە کۆبوونەوەیەکی‌دا لە گەڵ بەرپرسانی ئەمنییەتی رێژیمەکەی لە ورمێ راشکاوانە رایگەیاند کە؛” بۆ بەدواداچوون و تێکشکاندنی هێزەکانی دژە شۆڕش هێچ هێڵێکی سوور ناناسین و لە هەر کوێی ئەم جیهانە بن دەیانکوژین”. ئەم پاسدارە وێڕای ئاماژەدان بە حزووری پیشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە شارو ناوچەکانی کوردستان، کە ئەو بە “تێرۆریست”یان ناو دەبات، هەڕەشە لە حیزبی دێموکرات دەکات کە تۆڵەی ئەو “سنوور بڕین”ی لێ دەکەنەوە.
ئەوە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە دەسەلمێنی ئەمجارەیشیان وەک هەموو جارەکانی دیکە رێژیم توانی لە کردەوەیەکی تیرۆریستی دا دەست لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوەشینێ.

راستە کە رێژیم توانی وەک بەرپرسانی ئەمنییەتی ئیدیعایان کردبوو، دەست لە حیزبی دێموکرات بوەشێنن و ئەمجارەیشیان گیانی ٥ کەس لە پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە بستێنن. بەڵام وەک لە رابردوویش دا دەرکەوتووە، ئەم رێژیمە ئەگەر بە سەدان جاری دیکەیش دەست لە حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە بوەشێنێ، ناتوانێ بە ئامانجی سەرەکی خۆی، کە بەچۆک‌داهێنانی ئیرادەی خەبات و تێکۆشانی ئەم حیزبە و تێکۆشەرانییەتی بگات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت