بۆشایی تیۆریک لە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا

0
1010
فوئاد شێربەگی
فوئاد شێربەگی

نووسینی: فۆئاد شێربەیگی

لێنین لە “چ دەبێ بکرێ” گوتوویەتی هیچ کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بەبێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە ناکردرێ و هەر لەسەر ئەم بابەتە، مائۆش دەڵێ تیۆری ڕێنوێنیی کردەوەیە و منیش باوەڕم وایە هەردووک ئەم بلیمەتانەی جیهانی سیاسەت، باشترین ڕێنوێنییان بۆ هەموو مێژوو باس کردووە و هەر کەسێک دەیهەوێ لەبواری سیاسیدا ئیش بکا، لەپێشدا پێویستە خۆی بە تیۆرییەکی گونجاو و دروست چەکدار بکا و لەوەش دڵنیام لە نەبوونی تیۆریدا کردەوەی چارەنووس ساز ڕوونادا.

بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد یەکەم هەنگاوی بەرەو داڕشتنی تیۆری بۆ بزووتنەوەکەی و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازی دنیای پێشکەوتوو واتە ڕێکخراو و حیزب هەڵێناوە و هەستی بە گرینگیی ئەم دوو بابەتە واتە تیۆری و حیزب وەکوو دووانەیەکی لێکجیانەکراوە کردووە.

بەئاکام گەیشتنی هەموو بزووتنەوەیەک ئاوات و خولیای هەموو بەشداربوانی ئەو بزووتنەوەیە و بەئاکام نەگەیشتنیشی دەبێ ببێتە هاندەریان بۆ چاوخشاندنێک بە خۆیاندا و تێکۆشان بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەم سەرنەکەوتنە.

بە دڵنیاییەوە لە سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەک بە گشتی دوو جۆر هۆکار کاریگەرییان هەیە. یەکەم ئەو هۆکارانەی کە لەدەسەڵاتی ئێمەدان و دەتوانین و دەبێ کاریگەریمان لەسەریان هەبێ و دوهەم ئەو هۆکارانەن کە لەدەسەڵاتی ئێمەدانین بە زۆرەملیی مێژوویی و دەرفەتە هەڵکەوتووەکانی کۆمەڵگاکەوە بەستراونەتەوە، بەڵام لە سەر ئەم هۆکارانەی دووهەمیش کردەوەکانی ئێمە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە چۆنێتی کەڵک وەرگرتن لێیان بۆ بە ئامانج گەیشتنی ئاواتەکانی ئێمە دەبێت.

لەهەرسەردەمێکدا، کەسایەتی و ئامرازی ئەو سەردەمە دەتوانێت دەوری مێژوویی بگێڕێ و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی جیلەکان و چۆنیەتیی بیرکردنەوەیان و ئاواتەکانیان کە دەگۆڕدرێ و پێویستە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا لەبەرچاو بگیرێ و لە سیاسەتیشدا ڕێک ئەو شتە دەبیندرێ و پێشکەوتووترین تیۆرییەکانی هەموو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازیش ماوەیەکی دیاریکراوی بۆ دادەندرێ و ئەگەر لەو ماوەیەدا بزووتنەوەیەک بە تیۆرییەکی تایبەتەوە نەیتوانی سەرکەوێ دەبێ بۆ نوێکردنەوە و بەڕۆژکردنی تیۆرییەکانمان تێبکۆشین و لە ئامرازی سەردەمی نوێ بۆ هەنگاو هەڵێنان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کەڵک وەرگرین.

بۆ داڕشتنی تیۆرییەکی دروست و کاریگەر بۆ هەر بزووتنەوەیەک، پێویستە بۆ بارودۆخی بینراو (عەینی)ی و زەینی و هەروەها بەستێنی کۆمەڵایەتی و مێژوویی کۆمەڵگاکە، خوێندنەوەیەکی دروستمان هەبێ و بەپێی ئیمکاناتی سەردەمی دیاریکراو پلانی دروست بۆ کردەوەکانمان داڕێژین.

کاتی هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، لەڕوانگەی منەوە بۆ کورد و بزووتنەوەکەی و هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو و هەر بەو هۆکارەشەوە هەموویان کەوتنە نێو لافاوی بزووتنەوەکەو خۆیان لەناویدا تیۆریزە کردەوە و جموجۆڵەکانی خۆیان دەست پێکرد، بەڵام بە سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکە و با ئامانج نەگەیشتنی دوای ماوەیەکی زۆر ئەو تیۆرییەی بۆ ئەو سەردەمە تایبەتە داڕێژرابوو چیتر نەیتوانی وڵامدەرەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگا بێت و بەتایبەت لە نیوەی دووهەمی هەشتاکانەوە هەست بەو بۆشاییەی کرا و لەسەر هەردووک حیزبی سەرەکیی کوردستانی ڕۆژهەڵات واتە کۆمەڵە و دێموکرات کاریگەری دانا و کێشەی بۆ دروست کردن، کە جۆری کێشەکان و کاریگەرییەکانی دەبێ لە کاتێکی دیکەدا و بە وردی باسی لێبکردرێ.

بەداخەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی نەیانتوانیوە گوتار و تیۆریی پێویستی سەردەمەکە داڕێژنەوە و لەباتی بەخۆداچوونەوەیەک بەو بابەتە، تەنیا دەستیانداوەتە گۆڕینی کردەوە تاکتیکییەکانی خۆیان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئیستراتژییەکی هەڵقوڵاوی تیۆرییەکی نوێکراوە.

گرنگیی حیزب و حیزبایەتی لە چارەنووسی هەموو کۆمەڵگایەکی ژێر ستەم، حاشاهەڵنەگرە و دوژمنانیشمان ئەوە بە باشی دەزانن و بۆ بەرەنگاربوونەوەمان کەڵک لە دوو شت وەردەگرن. لە هەنگاوی یەکەمدا کەم بایەخکردنی حیزبایەتی و لە هەنگاوی دووهەمدا دەرفەتدان بە سەرهەڵدانی حیزب و ڕێکخراوی دەستەمۆی خۆیان و پەرەپێدانی تیۆری ناشۆڕشگێڕانە بە دیسکۆرسێکی چەواشەکراو و ڕازاوە بەڵام بێ سەرەنجام.

ئەرکی سەرەکیی گوازتنەوەی ئەزموونی بزووتنەوەکان و پەروەردەکردنی جیلی نوێ بە لەئەستۆگرتنی ئەرکی بەسەرەنجام گەیاندنی بزووتنەوەکە، لەسەرشانی حیزبەکانە و داڕشتنەوەی تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەرکی هەموو تێکۆشەر و دلسۆزێکە و نابێت تەنیا بخسترێتە سەرشانی حیزبەکان و پێویستە هەموو کەس لەقەدەر توانای خۆی یارمەتیدەر بێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت