بڕیاری دیدار و چاوپێکەوتنی سەرۆکانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە گەڵ ئەردۆغان

0
645

ڕوژی کورد :
سەرۆک کۆماری فەرانسە ڕایگەیاند کە هاوڕێ لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و بریتانیا لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیە، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی باکووری سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان وتووێژێک پێک دەهێنن. ئامریکا ڕایگەیاندووە کە لە دابینکردنی ناوچەیەکی ئەمن لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری ناکات.

سەرۆک کۆماری فەرانسە، ئەمانوئێل ماکڕۆن ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی دا، دوابەدوای دانیشتنی سەرۆکانی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا لە بڕووکسێل پێتەختی وڵاتی بەلژیک، ڕایگەیاند کە ناوبراو هاوڕێ لە گەڵ ئانگێلا مێرکڵ، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و بووریس جانسۆن، سەرۆک وەزیری بریتانیا بە تەمای ئەوەن لە گەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە چاوپێکەوتنێک پێک بهێنن. ماکڕۆن لە چالاکییە سەربازییەکانی سۆپای تورکیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە بە توندی ڕەخنەی گرت و ئەو هێرشانەی وەکوو “هێرشێکی سەرشێتانە” ناوبرد کە لە دەرئەنجامی هەڵەکانی ڕۆژئاوا و هێزەکانی ناتۆ کەوتووەتەوە. سەرۆک کۆماری فەرانسە ڕایگەیاند کە لە بڕیاری ئامریکا بۆ پاشەکشێی هێزەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگای تووییتێرەوە ئاگادار بووە.
ماکڕۆن چەندین جار ترامپی هاندابوو کە هێزەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باکووری سووریە نەکشێنێتەوە و لە هاوپەیمانە کوردەکانی خۆیان پارێزگاری بکات. بەڵام دۆناڵد ترامپ پێداگری کرد لە سەر هەڵویستی خۆی و فەرمانی پاشەکشێی هێزە سەربازییەکانی ئامریکای لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێ کرد. سەرۆک کۆماری ئامریکا تەنانەت بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە سەر هەژماری توویتێری خۆی ڕایگەیاند : ئێمە کێشەمان لە گەڵ ئەوە نیە کێ یارمەتی سووریە و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات تا پارێزگاری لە هێزە کوردەکان بکات، حەز ئەکات ڕووسیە بێت، چین بێت، یان ناپلیۆن بۆناپارت. هیوادارم بە باشی بە ئەنجامی بگەیەنن بەڵام ئێمە بڕی ٧٠٠٠ مایل لەوێوە دوورین. کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە بە فەرمانی ترامپ، کەوتە بەر ڕەخنەی تەنانەت لایەنگرانی خودی ترامپیشەوە.
بەرپرسانی ناوخۆیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دەرکردنی داخوویانێک، هێزەکانی تورکیەیان تاوانبار کرد بەوەی کە چەکی شیمیایی و چەن مادەیەکی نائاسایی قەدەغەکراو وەکوو فۆسفۆری سپی و گازی ناپاڵمیان بە کار هێناوە. بەڵام وەزارەتی بەرگری و کاروباری دەرەوەی تورکیە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی شیمیایی لە چالاکی ناسراو بە “سەرچاوەی ئاشتی” لە لایەن سۆپای ئەم وڵاتەوە بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە. وەزارەتی بەرگری نەتەوەیی تورکیە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبر بە دەرکردنی بڵاوکراوەیەک لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان ڕایگەیاندووە کە ئەم هەواڵە بانگەشەیە. لەم بڵاوکراوەدا هاتووە کە هێزەکانی سۆپای تورکیە هیچ کات ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە بە پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغە کراون بە کار ناهێنێت. هاوکات “حامی ئاکسۆی” وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیە هەر سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندنە هەواڵی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی و مادە نائاساییە قەدەغەکراوەکانی لە لایەن هێزەکانی سۆپای تورکیە وەدرۆ خستەوە و وتیشی هێزە چەکدارەکانی تورکیە هیچ کات چەکی شیمیایی یان نەبووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.