با ڕەخنەکانمان نەبێتە خۆراکی پڕۆپاگەندە و تەبلیغاتی ڕژیمی ئێران

0
1263
لە ڕۆژی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی هەواڵدەریی فارس سەر بە ئێران، کورتە فیلمێکی بڵاو کردەوە کە دواتر لە کاناڵەکانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی کەناڵی سنە بڵاو کرایەوە کە جێگای ڕامان و تێفکرین بوو. لەو فیلمەدا بە پشت بەستن بە قسەی چالاکوانانی سیاسی هێرش دەکرێتە سەر لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و ئەمە ڕواڵەتی بابەتەکەیە.
ئەگەر ئێمە سەرنج بدەینە تێفکرین و بیر و باوەڕی ئێرانیەکان و بە گشتی داگیرکەرانی کوردستان ئەوە دەبینین کە ئەوان بە گشتی هەبوونی بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان ئینکار دەکەن و هەرچەشنە جموجووڵێکی کۆمەڵگای کوردستان بە ناڕەوا و تیرۆریستی دەزانن و تا ڕادەیەک ئەم تێفکرینە دەچێتە پێش کە زۆر جار بوونی کورد وەکوو بوونێک لە دەرەوەی بازنەی ئێرانی و حکوومەتەکانی خۆیان ئینکار ئەکەن.
لە ڕاستیدا حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان کوردی باش بە کوردی مردوو دەزانن و ئەمە تێڕوانینی ڕاستەقینەی ئەوانە بەرانبەر بە ئێمەی کورد.
بەڵام لە ڕاستیدا ئێمەی کورد کاتێک کە خۆمان پێناسە ئەکەین خۆمان لە دەرەوەی بازنەی داگیرکەران پێناسە ئەکەین و کوردستانێک پێناسە ئەکەین کە داگیرکراوە و ئەمە وا دەکات کە هەر جموجۆڵێکی سیاسی کوردی کاتێک دێتە بوون ئەچێتە ژێر چەمکی “بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان” هەر بەم بۆنەیەوە چارەنووسی تەواو هێزە سیاسیەکانی کوردستان پێکەوە گرێدەخوات.
ئێمەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کۆمەڵگای کوردستان ئەگەر لە بابەتێکدا سەرکەوتوو بین لە ڕاستیدا سەرکەوتنی هەموومانە و ئەگەر شکست بخۆین لە ڕاستیدا شکستی هەموومانە.
ئەگەر لەم گرێدراویە ئاگادار نەبین واتە ئاگا لەخۆ بوونمان نیە بۆیە جاری وایە لە هەڵسووکەوتماندا ئەکەوینە ناو دەسەڵاتی داگیرکەر و ناڕاستەوخۆ دەبینە داردەستی حکوومەتی داگیرکەر و لێرە دایە کە ئێمە شکستێکی گەورەمان تۆمار کردوە.
بۆیە گرنگە کە بزانین چارەنووسمان تا چەندە پێکەوە گرێدراوە.
خێری گشتی کۆمەڵگای کوردستان و وڵاتی کوردستان لەوەدایە کە نەبینە داردەستی داگیرکەر و نەبینەوە دوژمنی خۆمان و هەوڵی خۆمان لەسەر بنیادێکی یەکگرتوو داڕێژین.
ئەم فیلمەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی دەکاتەوە چەن ئامانجی لە پشتە:
١: وا بنوێنێت کە هەندێک کەس لە ڕاستای کۆماری ئیسلامی ئێراندا چالاکی دەکەن و بەو شێوازە کۆمەڵگای کوردستان بکاتەوە دوژمنی خودی کوردستان .
٢: کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بێژێت بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان بوونی نیە و ئەم هێزانەی کە هەن هێزی تیرۆریستین و لە لایەنی ماڵیەوە لە دەرەوەی کۆمەڵگا یارمەتی دەدرێن.
٣: ئەو هێزانه دوژمنی کوردن.
٤: شەڕ لە نێوان چالاکانی سیاسی و حیزبی و ڕێکخراوەیی دروست بکات.
٥: ئەوە ئێرانه کە بەرژەوەندیی کۆمەڵگای کوردستان دەپارێزێت.
دیارە کۆمەڵگای کوردستان و بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان بزاڤێکی ئینسانیە و ئینسانیش هەڵەی هەیە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان ئەرکی سەرشانی گشتمانە.
ئێمە کاتێک کە لەگەڵ ڕخنەگراندا بەرەوڕوو دەبینەوە ئەوان بە ئێمە ئێژن ئێمه مافمانه کە ڕخنه بگرین و ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵکی لێ وردەگرێت پێوەندی بە ئێمەوە نیە.
کەس ناتوانێت ئینکاری ئەوە بکات کە تاک نەک مافیەتی بەڵکوو وەزیفەیەتی کە ئەگەر هەڵەیەک لە کۆمەڵگای خۆیدا دەبینێت بەرپرس بێت لێی و هەوڵ بدات چارەسەری بکات. بەڵام جاری وایە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان ئەبینی کابرا دەدات لە چاو کابرا کوێری دەکات و لێرەدا پرسیارێک دەبێت بپرسرێت ئایا ئێمە وەکوو تاک و ڕێکخراوە و چیتر بەرپرس نین لە داگیرکراوی مانەوەی کۆمەڵگای کوردستان؟ ئایا ئەکرێت بە بێ لەبەرچاو نەگرتنی خێر و بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگای کوردستان هەرچەشنه بابەتێک بێتە بەرباس؟
بۆیە گرنگە بزانین که ڕخنەی بنەڕەتی و دروست نە لە فەیسبووک و دونیای ئینتێرنێت بەڵکوو دەتوانێت لە لاپەڕەی کتێبەکاندا هەبێت. ئێمە ڕەخنەگری چالاک و زانستیمان نیە بەڵکوو هەرچێک دەبینین لە پەڕە تاکەکەسیەکانی فەیسبووکدایە بۆیە گرنگە کە ڕخنەگر قەڵەمی بەهێز بێت و بتوانێت کاتێک ڕەخنە دەگرێت بە جۆرێک بێت کە ئاو نەکاتە ئاشی دوژمنەوە بەڵکوو حەول بدات کە بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان بەهێز بکات. شێوازی ڕەخنە گرتن زۆر گرنگترێکە لە خودی ڕەخنەکە بۆ کۆمەڵگایەک کە داگیرکراوە و ئەگەری ئەوە هەیە کە دوژمن کەڵکی لێ وەرگرێت.
دیارە لە حکومەتی ئێراندا بە درێژایی ئەم تەمەنەی کوردی چەوساوەتەوە و ئێمەی کوردیش نابێت تاکی کورد بە دوژمنی خۆمان بزانین و ئێمە بنەماڵەیەکین بە ناوی کوردستان و پەندی پێشینیان ئێژێت کورد ئەگەر گۆشتی کورد بخوات ئێسک و پێشەکەی ناشکێنێت بۆیە تا ئەو کاتەی کە بنەماڵەیەکین نابینە دوژمن و ئەوە ئێرانیەکانن کە دوژمنن.
ئێمەی کوردیش کاتێک کە حکومەتی داگیرکەری کوردستان ئاو و خاکمان و مرۆڤمانی داگیر کردوە و بە بێ ئیزنی خۆمان بوون و نەبوونمانی بە تاڵان بردووە و خۆمان لە سەروەت و سامانی وڵاتی خۆمان بێبەشین و بەشی ئێمە کۆڵبەری و فەقیریە و پەتی سێدارە بەشمانە مافمانه کە یارمەتی لە هەر جێگایەک کە یارمەتی بدات بۆ ستاندنەوەی کەرامەتمان وەرگرین و دەست خۆشیش بکەین بۆ هەرچەشنە یارمەتیەک کە پێمان دەدرێت.
نووسەر:
مەسعود پەژووهی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.