بایکۆتی، هەڵبژاردن و پۆستەجادووییەکانی حکوومەتی ئاخوندیی ئێران بکرێ!

0
1199
محەممەد سلێمانی

نووسینی: محەممەد سلێمانی

 ئەو هەڵبژاردنانەی سەرۆککۆماری و پارلمانی کە  لە ئێراندا بەڕێوەچوون و دەچن، سەرەڕای قەول و بەڵێنی و دروشمی بێکرداری بەربژێرەکان، کە لە گەرمەی کاری خولەکانی هەڵبژاردنەکاندا بە لایەنگران و گەلانی وڵاتەکەیان داوە، شتێکی ئەوتۆی لێ سەوزنەبووە و هەرگیز ئاوات و ئارەزوەکانی بەجێ نەگەیاندوون هەتا ئەوجاریش خەڵك بەجۆش و خرۆشەوە بەرەوپیری سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن و دەنگ بە نوێنەری دڵخوازیان بدەن. ئەو ژمارەیەی کە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری دەست نیشانکراون، کەسانێکن کە بەتەواوی باوەڕیان بە ئەسڵەکانی ولایەتی فەقیه و، جارێ لە وڵاتێكدا کە ئازادی سیاسی و فرەیی سیاسی و  دادپەروەری کۆمەڵایەتی وەك بنەما و مەرجەکانی حکوومەتێکی دێمۆکراتیك نەبێ و، جیابیران و تێکۆشەرانی وڵات کە داوایی باشترکردنی  ژایان و گۆزەرانی خەڵکی ئێران دەکەن، بگیرێن و پاش ئازارو ئەشکەنجەدانی زۆریان، ژمارەیەکی بەرچاویان لە ئیعدام بکرێن بەتاوانی جیاوازی بیرکردنەوە و تێڕوانینی فراوانیان بۆ ژێنگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران. چۆن دەگونجێت ئەو شێوە هەڵبژاردنە وەك وەسیلەی دەستاودەستی دەسەڵات و جێگرکردنی دێمۆکراسی و  بەختەوەری کۆمەڵگای ئێران سەیربکرێت. بەدڵنیایەوە بەبێ دێمۆکراسی سیاسی و کۆمەڵایەتی حوکمڕانی شیاو هەرگیز لە ئێراندا جێناکەوێت و، پێویستە هەموولایەك زۆر بەوشیاری هەڵسەنگاندنی بارودۆخی وڵات بکەن.  حکوومەتی ئاخوندی هەر لە سەرەتایی دەسەڵاتدارییەوە، ئێرانی فرەنەتەوەیی کردۆتە دۆزەخێك بۆ ژیانی ئەو مرۆڤانەی، بەپێچەوانەی ئەوان لێکدانەوەی  کەش و هەوای سیاسی ئێران دەکەن.  لەوەها زروفێکدا بەشداری خەڵك و دەنگدان بە پۆستە “جادوویەکانی حکوومەتی ئاخوندی ئێران” ، جگە لە خۆخەڵەتاندن و هەڵوێستی ناروون شتێکیتر نیە. ئاکامی کۆتایی هەموو هەڵبژاردنەکانی ئێران کە بەدرێژایی مێژووی سیاسی بەڕێوەچوونە، نەتیجەکەی یەك شتیدیاریکراوە، ئەویش ئەو کاندیدە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت کە بەتەواوی باوەڕی بە پێك هاتەو و بیرو هزری شۆڤێنیستی فەلسەفەی ڕژیمی ئاخوندی ئێران لەبەرانبەر فرەنەتەوەیی بوونی ئێراندا هەبێت. کەوابوو لێرەدا نەتیجە وەردەگرین و بەروونی نادێمۆکراتیك بوون و ناتەندروستی شانۆی هەڵبژاردنەکانمان بۆ دەردەکەوێت. گەلانی ئێران و لە نێویشیاندا بزووتنەوەیی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەوجار بە لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی جیاوازترەوە بابەتی هەڵبژاردنیان دێراسەدەکەن و ئەگەر خەڵکانێك لە کوردستان بڕۆنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگبدەن، بێگوومان پەسندی هەموو سیاسەتەکانی ڕژیمی ئاخوندیانکردوە و، لەو ڕێگایەوە شەرحیەت بە دەسەڵاتێك دەدرێت کە بەنامەشروعی  هەر لە سەرەتاوە لە دایکبووە و هەموو جوومگەکانی حوکمڕانی وڵات بەدەستی تاقمێك ئاخوندی کۆنەپەرست و دژی ئازادی و بەرانبەری کۆمەڵایەتی پاوانکراوە.

 هەڵوێستی ‌هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی کوردستانیش بەرئەنجامی لێکدانەوە و بیرکردنەوەیەکی قووڵەوە دێت کە پێیان وایە ئەو ڕژیمە هیچکام لە تایبەت مەندییەکانی حکوومەتێکی گەلی و دێمۆکراتیکی نیە و بەزۆر و بە فشار خۆیان بەسەر ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵكدا فەڕزکردوە و ئەو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردوەوە و، داواشیان لە  هەموو لایەكکردوە، بە ڕێگایی دەنگداندا، خۆیان نەکەنە شەریکی ئیعدام و ماڵوێرانی زۆرتری گەلی کورد و گەلانی تری ئێران. سیاسەتی حکوومەتی تاران بەدرێژای مێژووی ئیدارەکردنی ئێران،  بەرسیکردن و چەکدارکردنی ڕۆڵەکانی گەلانی وڵاتە و ئەو ژمارەی زۆرەش کە لە کوردستان و بەشەکانی تردا، لە پێناوی ناندا کەرامەت و ئیرادەیی نەتەوەیی خۆی تەسلیمی کاربەدەستانی ڕژیمی ئاخوندی دەکات، زیان سەرەتا  بەخۆیی و پاشان بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت. حکوومەتی ئاخوندیی تاران هەتا ئێستایش وەك پێویست خەمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان لەبەر نیەوە و، نەبووە و  هەتا ئەو جێگاییەی بۆیان بکرێ زیان بە دامەزراوە و شوێنە مێژووی و نەتەوایەتیەکانیشی دەگەیەنێت.

لە ئێستادا یەك دڵی و یەك هەڵوێستی تەنیا ڕێگایی ڕیسواکردن و بێنرخکردنی مۆرە سیاسیەکانی ڕژیمە کە خۆیان بە مرۆڤی باش و خەمخۆری گەلانی وڵات دەزانن. پۆستی سەرۆککۆماری وەك ئۆرگانێکی بڕیاردەر یان جێبەجێکاری فەرمۆدەکانی ڕێبەری نیزام کە پڕیەتی لە نابەرانبەری  نژادی و پەراوێزخستن و هەڵاواردن، شتێکی ترنیە بۆ ئێرانی فرەنەتەوەیی.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت