باڵوێزخانە و ناوەندە ئیسرائیلییەکان لە چەن وڵات، لە ترس و دڵەڕاوکێی هێرشی تێرۆریستەکانی ڕژیمی ئێران لە بارودۆخی ئامادەیی تەواو دان

0
678

ڕۆژی کورد :
سەرچاوە هەواڵنێرییەکان لە ئۆرشەلیم ئاشکرایان کردووە کە دوابەدوای ئاگاداربوون لە زانیارییە نهێنییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئیسرائیلییەکان و ویستی ئێران بۆ زنجیرە چالاکییەکی گەورە و دەستدرێژی دژی وڵاتی ئیسرائیل، باڵوێزخانە و ناوەندەکانی سەر بە وڵاتی ئیسرائیل لە زۆربەی وڵاتانی جیهان کەوتوونەتە بەر مەترسی و بارودۆخی ئامادەیی تەواویان بە خۆیان گرتووە. ئەم بڕیارە هەموو باڵوێزخانەکان لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو ئەو وڵاتانە لە خۆ دەگرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەوێ دەست ڕۆیشتوویی هەیە و گۆمانی ئەوە دەکرێت کە لەو وڵاتانە دار و دەستە و بەکرێگیراوی تێرۆریستی هەیە بۆ ئەنجامدانی چالاکی دەستدرێژی و پەلاماردەرانە.

بنیامین نتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ئۆکتۆبر ڕژیمی ئێرانی تاوانبار کرد بەوەی کە بە تەمای ئەوەیە بە مووشەکی “خاڵ پێکی ڕاهێنراو” لە وڵاتی یەمەن هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و داوای لە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کرد گوشارەکانی خۆیان دژی تاران زیاتر بکەن. نتانیاهوو لە گەڵ ڕاگەیاندنی ئەم بابەتە لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ وەزیری خەزانەداری ئامریکا، ئێستیڤان مێنۆچین لە ئۆرشەلیم، ئاماژەی بەوە دا کە ئێران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی چەشنێک مووشەکە کە ئەتوانێت هەر ئامانجێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردبینی پێنج هەتا دە مەتر بپێکێت. ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ڕژیمی تاران بە تەمای ئەوەیە ئەم مووشەکانە لە عێراق و سووریە جێگر بکات و بڕی ١٣٠ هەزار ڕاکێتی بەردەستی لە وڵاتی لۆبنان بکاتە جۆری ئەو مووشەکە تایبەتە خاڵ پێکانە.
ناوی ئەو وڵاتانە کە بڕیارە باڵوێزخانە و ناوەندە ئییرائیلییەکانیان دابخرێت تا ئێستا ڕانەگەیەندراون، بەڵام ئەتوانێت زۆر لە وڵاتە کۆمارییەکانی یەکیەتی شۆرەوی پێشوو وەکوو ئازەبایجان و گۆرجستان لە خۆ بگرێت و هاوکات تورکیە بە هۆی بارودۆخی هەستیاری ئێستای لەم بارەوە لە خۆ دەگرێت. لە چەن وڵاتێکی ئافریقایی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بەکرێگیراوی تێرۆریستی بۆ تەیار کردووە و ئەگەری هێرش کردن بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتانە زۆرە. بۆ وێنە لە ساڵانی ڕابردووش دا لە چەن وڵاتی ئافریقایی چالاکی تێرۆریستی مەترسیدار دژی باڵوێزخانە و ناوەندەکانی سەر بە ئیسرائیل و ئامریکا هاتوونەتە ئاراوە و ئەنجام دراون.
نتانیاهوو وێڕای سپاس و دەسخۆشی لە بەرپرسانی ئامریکا بۆ دابینکردنی داکێڵەکان دژی ڕژیمی ئێران داخوازی چڕکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئەو وڵاتەی کرد. هاوکات ئێستیڤان مێنۆچین، وەزیری خەزانەداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەم دیدارە دا باسی لە زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران کرد و وتیشی : ململانێی زۆرترین گوشار لە دووتۆی چڕکردنی داکێڵەکان دژی ئێران تا ئێستا سەرکەوتوو بووە و بووەتە هۆی پچڕانی بەرچاوی سەرچاوە ئابوورییەکانی ڕژیمی ئێران. ئەم ڕەوتە هەر وا بەردەوام دەبێت تا ڕێگری بکەین لە پەرەستاندن و گەشەی بەرنامە ناوەکییەکانی ڕژیمی ئێران.
دەوڵەتی ئامریکا دوابەدوای دەرچوونی یەک لایەنە لە ڕێکەوتننامەی زلهێزە ناوەکی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لە گەڵ ڕژیمی ئێران، لە ساڵی ڕابردوو دا، کۆمەڵێک داکێڵی بەربڵاوی ئابووری، دارایی، نەوتی دژی ئەم وڵاتە دابین کرد و لە سەر ئەو بڕوایەن بەم هەنگاوە هاوکات لە گەڵ بەرگری لە پێشکەوتنەکانی بەرنامەی ناوەکی و چەکداری ئێران، لە کۆتاییدا بەرپرسانی باڵای ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ملکەچ و ناچار بکەن بە پەسەندکردنی ڕێکەوتنێکی نوێ لەم بارەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.