باکورى کوردستان دواى سەد ساڵ لە نێوان دامەزرانى کۆمارى تورکیە و سیستمى سەرۆکایەتى

0
1118
ئەلبورز ڕووئین تەن
نوسینى  ئەلبورز ڕۆئین تەن

نزیکەى سەد ساڵ تێپەر دەبێت بە سەر دامەزراندنى حکومەتى کۆمارى تورکیە و ڕووخانى پاشایەتى ئۆسمانى ئیستاش یەکیک لە گرفتە سەرەکیەکانى ئەو کۆمارە هەر کورد و مافەکانیەتى. بەلام لە هەمان کات دا جیاوازیەکى سەرەکى دەبینرێت لە نێوان دۆخى کورد دواى سەد ساڵ.

سەرەتا مستەفا کەماڵ پاشا کە دەیهەویست کۆمارى تورکیە دروست بکات لە گەڵ کوردەکان رێککەوت و بە هاوکارى ئەوان بەرەو دامەزراندنى کۆمار چوو دواى دامەزران ڕەوتیکى تری گرتە بەر کە بەرەو پەراوێز و دژایەتى و داپلۆسینى شۆرەشەکانى کورد و سڕینەوەى نەتەوەیەک بە یاساو ڕێساى تورک میحوەر کرد.

نزیکەى سەد سال لەو کات تێپەڕ بووە ئێستاش کیشەى کورد هەر هەیە و ئیستاش هەر بە تەواوى باس و گفتوگۆ لە سەر مافى کوردان بەردەوامە. تەنانەت شەڕ و گرتن و کوشتن و شەهید بوون و زیندان بەردەوامە بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمارى تورکیەش بەرەو گۆڕانکاریەکى جیدى دەڕوات ئەویش گۆڕینى سیستمى پەڕلەمانى بۆ سیستمى سەرۆکایەتیە.

ئەو گۆڕانکاریە بە دەستى سەرۆک کۆمارێکى بە هێز وەکو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرا کە هەروەکو مستەفا کەماڵ بۆ بەشیک لە تورکەکان وەکو ڕێبەرێکى گەورە سەیر دەکرێت. ئەوەى لێرە مەبەستمە بۆچى لە هەردوو گۆڕانکاریەکە تا ئێستا ئەوەى هەر بێ ماف ماوەتەوە هەر کوردە.

ڕووى زیاترى قسەى من ئێستایە چونکو پێم وایە کورد لە باکور یا باشتر بڵێم ئەو هێزەى باکور کە کاریگەرى هەیە ڕۆڵى هەیە لەوەى کە ئەمڕۆ هیچ پێگەیەکى لە گۆڕینى دەستورو سیستمى دا نابینێت. کاتێک باس لە کەم و کوڕیەکانى خۆمان وەک کورد دەکەم مەبەستم پاکانە هێنانەوە بۆ هێزى داگیرکەرو و هێنانەوەى بیانوو بۆ ڕەواى کارەکان نیە بەڵکوو نەبوونى چاوەڕوانى لە دەوڵەتى داگیرکەرو دەرخستنى راستیەکان وەک ئەوەى هەیە.

کاتێک کە تورگوت ئۆزال ویستى هەنگاوەکانى چارەسەرى بگرە تا کردنەوەى ڕێگەى دانوستاندن و ئاگربەست بەرەو پێش ببات. بە شێوەیەکى نادیار مرد. پرسیار لە سەر چۆنیەتى ئەو مەرگە ئێستاش بەردەوامەوە تەنانەت لە هەموو شوێنێک بە ئاشکرا باس دەکرێت کە هەوڵدانى بۆ چارەسەرى گرفتى کورد ئەگەرى مەرگى نادیارى بوو.

دواى ئەو مەرگە و کاریگەرى هێزە نادیارو کاریگەرى سیاسەتى تورکیە باس کردن و گەڕانەوە بۆ دۆخى چارەسەرى زۆر دژوار دەهاتە بەر چاو هەر بۆیەش کاتێک کە ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانى پێشوو ئەو باسەى هێنا گۆڕێ زۆر کەس بە چاوى گومانەوە سەیرى دەکرد.
بەلام ئەو باش دەیزانى کە بە هێز بوونى تورکیە لە چارەسەرى پرسی کورد دایە و تەنانەت هەوڵیشی دا کە لە گەڵ هەرێمى کوردستانیش پەیوەندى باش دابمەزرێت و زۆر گۆڕانکارى لە ئاستى تورکیە لە سەردەمى سەرۆک وەزیرایەتى ئەو دا دروست بوون.

ئەو گۆرانکاریانە گەیشتە ڕادەیەک کە زمانى کوردى نەتەنیا ئازاد کرا بە ڵکو حکومەت تەلەفزیونیشی بۆ دانا و سوێندى کە من تورکم و زۆر شتى تر کە تا نزیک تر لە یەک دەیە بە گەورەترین قەدەغە دادەنر لە تورکیە ئازاد کران و پڕۆسەیک بە ناوى پڕۆسەى چارەسەرى دەستى پێکرد لەو پرۆسەیە دا تەنانەت دانوستاندنى لە گەڵ پەکەکە دەست پێکرد و ئەو چەندەش بە هیوایەکی زۆرەوە سەیر کرا چونکو ئەردوغان تەنانەت مەترسی ئەوەشی قەبوڵ کردبوو کە هێرشی توندى تورکە ڕەگەز پورەستەکان ببێتەوە. ئایا ئەو گورانکاریانە هەموو مافەکانى کوردى دەگرتەوە بێ گومان نا لە سەرەتاى ڕێگا دابوون بەڵام لە دۆخێکى قەدەغە کراوەوە بەروە دۆخێکى چارەسەرى رۆیشتبوو بۆیەش هیواى دروست کردبوو.

ئەو دۆخە تا ڕاگەیاندنى ئەو خاڵانەى کە بە ڕاگەیانراوى دۆلمە باخچە بەناوبانگە بەردەوام بوو بێ گومان زۆر هەوراز و نشێوى دیت بەڵام تا ئەو کات ئەو پڕۆسەیە هەر بەردەوام بوو بەڵام هەر زوو لە هەردوو لا ئەو ڕاگەیەنراوە بە جۆرێک مەحکوم کرا. لێدوانى ئاگرینى نیوان هەردوو لا واتە ئاکەپە و هەدەپە دەستى پێکرد.

ئەو چەندە زۆر بە گرنگیەوە لە لایەن دڵسۆزانى ئاشتى و مافى کورد سەیر دەکرا چونکو چەندىش دور بن ئەو کات لە هەموو کات زیاتر لە سەد ساڵى ڕابردوو لە ئاشتى نزیکتر ببون. وەڵامى ئەوەى بۆچى ئەو نزیک بوونە ئەوڕۆ دیسان گەیشتۆتە ئەو دوریە بۆ چەند شت دەگەڕێتەوە.
سەرەتا حکومەتى ئاکەپە ناتوانێ بە هەموو هێزێکیەوە هەنگاو بەرەو ئاشتى بهاوێژیت چونکو نایهەوی حکومەت لە دەست بدات و دەیهەوێ بە بالانسێک ببیاتە پێش کە ئەو باڵانسە زۆر جار ئەوە دەخوازێ کە ئاکەپە زیاتر بەرەو دۆخیکى پارێزگارانە بڕوات تا بەرەو دۆخى چارەسەرى و ئاشتى و دیموکراسی.
لایەنى کورد وەک هەدەپە هەر وەک پەکەکە لە ژیر کاریگەرى ڕەوتى چەپ دان و تەنانەت بەشێکى هەرە زۆرى بەڕێوەبەرانى ئەو پارتە ئەو کەسانەن کە لە بزوتنەوەى چەپی دا هاتوون. کەسە نەتەوەیەکان هەر بەرەو پەرواێز دور دەکرێنەوە. لەوانە لەیلا زانا کە لە تەواوى ئەو سێ سالەى رابردوو یەکجاریش قسەى نەکردوە.

لە ڕەوتى چەپ دا دژایەتى ڕاستگەراکان کە ئەردوغان نمونەى سەرکەوتووى ئەو ڕاستانەیە لە مێژووى تورکیە دا، گرنگترە لە بابەتى نەتەوەىى و مافە پێشێل کراوەکان چونکو ئیستاش بەشی هەرە زۆریان هەر بۆ داهێنانى یوتوپیاى شۆڕشى سوسیالیستى و ئەو بابەتانە کار دەکەن.
هەر بۆیە لە جیاتى ئەوەى مافەکانى کورد بکرێنە مێحوەر بەڵکو نرخەکانى چەپ بوونە مێحوەرو ئەوەش وایکرد کە گۆڕانکاریەکانى سەرەدەمى ئەردوغان بە هەند وەرنەگرن و بکەونە دژایەتى. ئەردوغانیش لەو بابەتە کەلک وەبگریت و بۆ خۆى لە نیو کوردە موسلمانەکان کە باوەڕیان وە پێش دەخەن پیگەیەک بۆ خۆى دروست بکات کە کەم نیە.
دژایەتی نێوانیان لە کاتێک دا بوو کە کورد دەیتوانى ئەو دژایەتیە نەکات و ببێ بە هاوپەیمان چونکە ئەردوغان و نەتەوە پەرەستەکان بە هۆى هەبونى پرۆسەى چارەسەرى ئاشتى دورکەوتبونەوە.
هەر بۆیەش دژایەتیان کرد و تەنانەت ڕایانگەیاند کە ئێمە ناهێڵێین تۆ واتە ئەردوغان ببێت بە سەرۆک لە سیسستمى سەرۆکایەتى. من دەپرسم ئەگەر سیستمێکى سەرۆکایەتى کە مافى کوردى تێدا رەچاو بکرێت باشتر نیە لەو سێتمە پەڕڵەمانیە کە مافى کوردى تێدا پێشل دەکرێت هەر بۆیەش دەبا پشتیوانى یا رەتکردنەوەى مەرجدار ببا بە مافى کوردان لە هەر سیتمێک زیاتر مافى کوردانى دابین کردبا پشتیوانى کرابا.
لەو نێوەش پەکەکە کە نیگەران بوو باڵى پەرڵەمانى بەهێز دەبێت و هاتە مەیدان بە کوشتنى پولیس و بە ئەستۆ گرتنى کوشتنەکانى پەرە پێدانى کردەوەى خۆ کوژى لە لایەن ئەندامانى تاک بەستێنى چالاکى پاڕڵەمان و مەدەنیانەى داخست و بۆ دەست پێکردنەوەى شەڕ ئاڵۆزى بیانووى دروست دەکرد. تەنانەت هەدەپەش مەجبور بە پشتیوانى لەو هەوڵانە دەکرد.
دروست کردنى خەندەق و بە دەست گرتنى چەند گەڕکێک بۆ ئەوەى گوشار بهێنێت بە دەوڵەت تا بڵێت ئەگەر بە گوێم نەکەى تورکیە ئاڵۆز دەکەم و پشتیوانى هەدەپە لەو ڕەوتەش بووە هۆى ئەوەى ئیتر بە تەواوى دوربکەونەوە لە خەڵک چارەسەرى ئاشتى ئەو چەند گەڕەکەش وێران کران و دواتر ئێستا دەگوترێ کە لە لایەن حکومەتى تورکیاوە دوبارە دروست دەکریتەوە تا ئاوارەکان بگەرێنەوە.
پەکەکە بۆیە واى دەکرد چونکو پی گوترا بوو کە ئەردوغان لە سەر کار نامێنێت و هەروەها بە هۆى بارودۆخى ڕۆژئاواى کوردستان خۆى زۆر زیاتر لەوەى هەیە بە هێز دەدیت هەربۆیەش واى دانابوو کە دەوڵەتى تورکیە سەر بۆ داخوازیەکانى خوار بکات کە بە داخەوە لە هەڵە دا بوون ئەو شتە ڕووى نەدا.

هەمووى ئەو گۆڕانکاریانە دەست تێوەردانى هەندێک هێزى ناوچەى و هەروەها ئەندامانى سەر بە ڕەوتى گولەن بێ کاریگەریش نەبوون بگرە پشکى شێریشیان بەردەکەوێ کە هەردووى ئەو هێزانەش هیچ کات دۆستى کورد نەبوون بەردەوام بە دواى دروست کردنى ئاڵۆزى دورکەوتنەوەى کورد لە ئاشتى بوون.

ئەوە بەشێکى زۆر کورت لەوەى کە لە چەند ساڵى دواى ڕوویداوە کە ئاکامەکەى ئەوەىە لە کاتێک دا کە تورکیە بەرەو گوڕانکاریەکى جیدى دەڕوات کورد پێگەى لاوازەو ئامادەى نیە. ئەگەر هۆکارى سەرەکیش کورد خۆى نەبێت بەڵام بێ خەتاش نیە لەو دۆخەی ئێستا دا.

ئەو چەندە دەبێت تورکیە زیاتر هان بدات بەروە دێموکراسی بڕوات و لەو دێموکراسیەش دا مافى کورد ئەگەر هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە هەر چۆن لە سەدساڵى ڕابردوو بە سیاسەتەکانى مستەفا کەماڵ و توند ئاژۆکان ئەو کێشەیە نەسڕایەوە کۆتاىى نایێ و هەر بەردەوام دەبێت و بۆ هەردوو لاش نرخى زۆرى تێ دەچێ.

خەڵکى کورد لە باکوریش دەبی هێزێکى وەها بکاتە نوێنەرى خۆى کە بۆ چارەسەرى میکانیزم و داخوازى ڕوون و ئاشکراو ڕەواى هەبێت بۆ ئەوەى پڕۆسەکانى خەبات و تێکۆشان شەفاف و کاریگەر بەرەو پێش بڕوات.بۆ ئەوەى لە گۆڕانکاریەکان لە پەراوێز نەبین وەک ئێستا بەڵکو بەشێک بین لە گۆرانکاریەکان چونکو بەشێکى بەرچاوى گرفتەکە پەیوەندى بە نەبوونى مافەکانمان هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت