بان کی مۆن: ڕژیمی ئەسەد هۆکاری کوشتاری سووریەیە

0
674

ڕۆژی کورد: بان کی مۆن، لە دوایین لێدوانی خۆی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە لۆمەی زۆری لە دۆخی هەنووکەی سووریا گرت و ڕژیمی ئەسەدی وەک بەرپرسی سەرەکیی کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە شەڕی ٥ ساڵەی ناوخۆی سووریە، لە قەڵەم دا.

لە هەمان کاتدا بان کی مۆن، لایەنگرانی دەوڵەت و لایەنگرانی دژبەرانی ئەسەدیشی بە هۆی ئاگر خۆش کردنی ئەو شەڕە، خستە بەر لۆمە و گوتی ئەو هەموو کوشتارە بە هۆی ئێوەوەیە و گوتیشی دەبێ شەڕی سووریە کۆتایی پێ بێ.

بان کی مۆن ڕوو لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: “بەشێک لە ئێوە ئامادەبووان دەستتان بە خوێنی خەڵکی سووریە سوورە”.

ئەو قسە ڕاشکاوانانەی بان کی مۆن و نیگەرانیی قووڵی ناوبراو لە دۆخی سووریە، لە کاتێکدا دەکرێ کە دانیشتن و دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیە لەمەڕ سووریە تا ئێستاش بێ ئاکام ماوەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە ئەسەد لە دوایین دیمانەی میدیایی خۆیدا کە بە بۆنەی جێژنی قوربان داویەتی باسی لە کۆنترۆڵ کردنەوەی دووبارەی هەموو سووریە لە لایەن ئەرتەشی وڵاتەکەیەوە کردووە و هەموو سووریەی بە یەک نەتەوە ناو بردووە.

لە هەمان کاتدا نوێنەرانی ئەمریکا و ڕووسیە و وڵاتانی تر لە نیۆیۆرک چەند کۆبوونەوەیەکیان پێکهێناوە کە بە مەبەستی پێشگرتن لە شکست هێنانی تەواوی و یەکجارەکیی ئاگربەست لە سووریە پێکهێناوە.

جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەوە گوتوویەتی کە ئاگربەستەکە تا ئێستا بە یەکجاری شکستی نەهێناوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت