بانگەوازیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بۆ ڕزگارکردنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە سێدارە

0
804

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ڕاگەیێندراوێکدا، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێپۆرتێری تایبەت بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران دەکات تا هەوڵیخۆیان بۆ ڕزگارکردنی هیدایەت عەبدووڵا پوور، بەندکراوی سیاسیی کورد لە سێدارە بدەن.

ڕۆژی کورد: هیدایەت عەبدووڵاپوور، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ کە لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو جار سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ئێستا گیانی لە مەترسی دایە، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵیش لە ڕاگەیێندراوێکدا داوای هەوڵی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو بەندکراوە سیاسیە کوردە دەکات.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

خەڵکی خەباتکار

هێزە ئازادیخوازەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بە مەبەستی ڕزگارکردنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی ئەبووبەکر، کە لە لایەن بەناو دادگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران بە ئێعدام مەحکووم کراوە، لە هەموو ئۆرگانەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێپۆرتێری تایبەت بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، داوای کردەوەی بەپەلەی بۆ پێشگرتن لەو جەنایەتە دژەمرۆییە بگرن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندان، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی گوندی قەرەسەقەل سەر بە شاری شنۆ، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران دووجار بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

لەو بارەوە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ کردووە، بە کردەوە نیسبەت بە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ناڕەزایەتی دەرببڕن و پێش بە جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لە لایەن بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بگرن.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.