باسێک لە شەڕی نەرم و وەرد دانەوەی بەشێک لە شێوازەکانی

0
1773
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

شەڕ، هەر جۆر و شێوەیەک  بێ تەنیا دوو مەبەستی لە پشتە، ئەویش شکست دانی بەرانبەر (دوژمن) یان پاشەکشە پێکردنی کە ئەوەش بە پێی ئەوەی کە باس لە کام لایەنی شەڕەکە دەکەین، جیاواز دەبێ، بۆ نموونە ئەگەر لە شەڕی نێوان داگیرکراو و داگیرکەردا، لە دەلاقەی داگیرکەرەو باسی لێوەبکەین، جیاوازە لەگەڵ ئەوەی کە لە دەلاقەی داگیرکراوەوە، قسەی لێبکەین.

شەڕ بەر لە مرۆڤ لە دایک بووە، لە ناو ئاژەڵەکان و پەلەوەرەکان، مرۆڤیش لە سەرەتاوە لەگەڵ شەڕ برابەش بووە بەڵام جۆر، ئامانج، شوێن و شێواز و پۆلبەندی و ئەنجامی شەڕەکان لێک جیاواز بووە و دەبێ.

تا ساڵی 1945ی زایینی و تێکچوونی بلووکی سۆڤیەت، شەڕەکان، شەڕی گەرم بوون، لەمەبەدوا شەڕی ساردیش دەستی پێکرد، بەڵام دوو شێوەی شەڕی نەرم یان ڕەق لە کۆنەوە هەبوون و لە داهاتووشدا دەبن و بگرە بەشی زۆرینەی شەڕەکان لەمەبەدوا دەبنە شەڕی نەرم، بەڵام پێناچێ تا ئێستا کورد لە ئاستی سیاسەتدا فێری ئەو شێوە لە شەڕ بووبێ بەڵام لە ناو ماڵی خۆیدا وەستایانە بەکاری دەهێنێت. شارەزا نەبوونی کورد لە ئه‌ندازیاریی ئەو شێوە لە شەڕدا وایکردووە کورد هەمیشە پەنا بەرێتە بەر شەڕی ڕەق و بۆیەش تێچووی مادی و مەعنەویی یەکجار زۆری داوە.

شەڕی نەرم  (شەڕی ڕەوانی یان شەڕی سپی) ڕێک پێچەوانەی شەڕی ڕەقە بەڵام هەمیشە کەرستەیەک بووە بۆ شەڕی ڕەق ، جا یان بۆ بەرگری کردن لە شەڕی ڕەق یان بۆ سەرکەوتووتر بوونی شەڕی ڕەق و کورت کردنەوەی ماوە و تێچووی ئەو جۆرە لە شەڕ. لە شەڕی ڕەقدا، مرۆڤ و کەرستەکانی شەڕ، ڕووبەڕووی یەکتری دەوەستنەوە و دەکوژن و دەسووتێنن و دەبڕن  بەڵام لە شەڕی نەرمدا بەپێچەوانە بە بێ ئەوەی هیچ کوشتن و بڕینێک لە ئارادا بێ، لە ڕێگای پرۆپاگەندا و کەرەستەی پەیوەندیدار بە پرۆپاگەنداوە، نەیار و بەرژەوەندییەکانی دەخاتە مەترسیی لەناوچوونەوە و وای لێدەکات لانیکەم لەسەر هەندێ لە داواکارییەکانیان کۆک بن و خاڵ بدەن بە یەکتری.

جان کالینز،  تیۆریسیەنی زانکۆی نەتەوەیی شەڕی ئەمریکا لە پێناسەی شەڕی نەرمدا دەڵێ: “بریتییە لە بەکارهێنانی پلان بۆ داڕێژراو پرۆپاگەندا و کەرستەی پەیوەندیدار بە مەبەستی خزانە ناو ناخی هزر و بیری دوژمن کە لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە شێوەگەلێکەوە دەکرێت کە دەبێتە هۆکاری بەڕێوەچون و هاتنە ئارای ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەییمان”.

بەڵام ئەگەر باسی کورد بکەین، کورد نەتەنیا خۆی شەڕی نەرمی لە هەمبەر نەیارەکانی و داگیرکەراندا بەکارنەهێناوە، بگرە خۆی بۆتە بەشێک لە ئامراز و گەڵاڵەی بەشێک لە دوژمن و داگیرکەرەکەی بە دژی ئەوەی تریان، لەو ناوەدا شەڕی نیابەتی لە ناو کورددا سەری هەڵداوە و و نوێترین نموونەشی هەوڵدان بۆ وەڕێخستنی ڕێپێوان بە دژی تورکیە لە ناو کوردستانی خۆرهەڵاتە یان وەڕێخستنی ڕێپێوان لە باشوور بۆ سازکردنی ئاستەنگ لەسەر ڕێگای سەربەخۆیی (بێ ئەوەی باس لەوە بکەین ئایا سەربەخۆیی خوازی لە باشور، دروشمە یان کردەوە).

هەرچەند قسە کردن لەمبارەوە، زۆری پێدەوێ و زۆر باس هەیە بۆ ورووژاندن و تەنانەت خودی مێژووی شەڕی نەرم، باسێکی تەسەلە، بۆ بەرگرتن لە دادڕێژی، لێرەدا چەند شێوەیەک لە شێوەکانی شەڕی نەرم شیدەکەینەوە. هەڵبەت پێویستە ئەوە بگوترێ کە زۆربەی کاتەکان، دوژمنان چەندین شێوە پێکەوە بەکار دەهێنن یان هەندێک شێوە، تێکەڵەیەکن لە چەند شێوازی تر.

١) ئەنگ یان بەرچەسپ لێدان: ئەو شێوەیە یەکێکە لە کۆنترین شێوەکان کە زۆربەی کاتەکان دەبێتە هۆکاری تیرۆری کەسایەتی. ئەنگ یان بەرچەسپ لێدان لە حیزبێک و مەحکوم کردنی بە بوون بە داردەستی فڵان کەس و لایەنی تر. دانە پاڵی ئەنگی جاشایەتی بۆ کەسانی شۆڕشگێڕ. لێرەدا تایبەتمەندییەکی نەرێنی دەخرێتە سەر لایەنێکی ئەرێنی و بەو شێوەیە هەوڵ دەدرێ لە پێش چاوی خەڵک بێ نرخی بکەی و دژبەری لێ زێدە بکەی و هاوڕێی لێ کەم بکەیەوە.

٢) پشتڕاست کردنەوە (وەباڵ بۆ کێشان): لەو شیوازەدا، هەندێک لایەن لە لایەنی نەیار ڕاست دەکرێنەوە یان چەند کەسی بڕواپێکراو یان لێکۆڵەر، بە  هێنانەوەی چەند ئامار و بەڵگەیەک وەباڵ بۆ پرۆپاگەندا ساختەکانی لایەنی شەڕکەر (شەڕی نەرم) دەکێشن. بۆ نموونە: هەواڵێک بڵاو کراوەتەوە کە لە باژێڕێک ٢٠ کەس بە هۆی چالاکی لە تلێگرامدا گیراون، میدیاکانی ڕژیم هەموو وەباڵی بۆ دەکێشن یان کەسانێک بە ناوی شایەت حاڵ وەباڵی بۆ دەکێشن و ئەوە وردەوردە، هەواڵە ساختە و دروستکراوەکە دەباتە ناو خەڵک و بڕوای پێدەکرێ.

لەو شێوازەدا کەڵک لە کەسانێک وەردەگیردرێت کە جێگای متمانەی خەڵکن. بۆ نموونە ڕستەیەک لە کەسێک دەهێندرێتەوە کە خەڵک بڕوای پێی هەیە یان خەڵک ڕێڕەوی لێدەکەن.

نموونەی مەلای خەتێ یه‌کێک لەو نموونانەیە کە عوسمانییەکان بە دژی کورد کەڵکییان لێوەرگرت، مەلای خەتێ کە مەلایەکی جێگای ڕێز بوو و لە خەباتیش دابوو، مەئموور کرا تا شەڕ کردن لە دژی عوسمانییەکان بە شە کردن لە دژی خودا و ئیسلام پێناسە بکات و بەو شێوەیەش لەشکری میری کورد لێک هەڵوەشا و کورد بۆ چەندین سەدە دواکەوت.

کۆماری ئیسلامیش بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکانیدا زۆر ئەو شێوازە بەکار دەهێنێت بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی خولی ٩هەمی پارلماندا هەندێک شاعیری خۆشەویستی خەڵک برانە گۆڕەپانەکەوە و پشتگیرییان لە هەندێک نوێنەر کرد.

٣) بڵاوکردنەوەی درۆ: درۆ بڵاو کردنەوە بەتایبەت لە کاتێکدا دەکرێ کە خەڵک دەستیان بە سەرچاوەی هەواڵ یان زانینی ڕاستییەکان ڕانەگا، لێرەدا درۆیەک بڵاو دەکرێتەوە کە لەوانەیە هەندێکیشی ڕاست بێ، واتا بە گوتنی بەشێک لە ڕاستییەکە، ڕێگا بۆ بڕوا و متمانەکردن بە بەشی ناڕاست خۆش دەکرێت.

بۆ نموونە لە شەڕەکانی ئەم دواییانەی ڕاسانی خۆرهەڵاتی کوردستان بە هۆی ئەوەی کە خەڵک نەیدەتوانی بە زوویی لە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوەوە هەواڵەکان بزانێت و میدیاکانی دەرەوەش میدیاکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن بە سەرچاوە، بە باس کردن لە شەڕێک کە بەشی ڕاستیی ڕووداوەکە بوو، باس لە شەهیدکرانی هەموو تیمەکە یان هێزەکان دەکرا لە حاڵێکدا بۆی هەبوو تەنیا یەک کەس شەهید کرابێ بە نەبوونی ڕاگەیاندنێکی بەهێزی حیزبەکانیش، ئەو پیلانەی ڕژیم سەرکەوتووتر دەبوو.

٤) گشت وێژی: ئەو شیوازە بەو شێوەیە کە تیۆری یان ڕوانگەیەک بە گشتی دەخرێتە بەر باس و قەراغ و قوڵاغەکانی لە بیسەر یان بینەر دەشاردرێتەوە و بەو پێیەش پەیوەندییەک ساز دەکرێ لە نێوان گشتییەتی یەک تیۆر و بیردۆز و دواتر کردەوەیەک بە گوێرەی ویستی بێژەر، لە مێشکی خوێنەر یان بیسەر دەئاخندرێت.

بۆ نموونە: عەڕەبستان و ئێران پێکەوە کێشەیان هەیە و هەڕەشە لە یەکتری دەکەن، ئەندامێکی حدکاش سەردانی عەڕەبستانی کردووە کەواتە خەباتی حدکا بە فەرمانی سعوودیەیە.

لێرەدا بە گشت وێژییەک، سەرجەم لایەنەکانی تر دەشاردرێنەوە، ویستی خەڵک، دۆخی ناوچە، پشتگیریی وڵاتانی تر و زۆر بابەتی تر دەخرێنە پەراوێز و یەک بەش کە دڵخواز و مەبەستی سەرەکیی بێژەرە، زەق دەکرێتەوە.

٥) درۆی گەورە: گەبلز، سەرۆکی دەزگای پرۆپاگەندای هیتلێر دەیگوت: “درۆ چەندە گەورەتر بێ ئەوەندەش بڕواپێکرانی بۆ خەڵک ساناترە”.

ئەو شێوازە زۆرجار و لە کۆنەوە کەڵکی لێوەرگیراوە. بۆ نموونە کاتێک لایەن یان کەسێک بیهەوێت بەرانبەرەکەی لە پێش چاوی خەڵک سووک بکات، درۆیەکی گەورەی بۆ هەڵدەبەستێ، ئاوا هەم ساناتر بڕوای پێدەکرێ و هەمیش باشتر ڕق یان بێزاریی بەرانبەر هەڵدەستێنێ.

بۆ نموونە ئەگەر بتهەوێت باس لە دزی لە ناو حیزب یان لایەنێک بکەی هەمیشە باس لە دزییەکی میلیاردی باشتر جێگا دەگرێ تا دزییەکی ١٠٠ یان ٥٠٠ یان ١٠٠٠ دۆلاری.

یان کاتێک بتهەوێت باس لە لەسێدارەدان بکەی، باس لە لەسێدارەدانی ٤٠ کەس باشتر ڕق و بێزاری بەرهەم دێنێ تا لەسێدارەدانی ٢ یان ٣ کەس.

٦) خستنەڕووی بەشێک لە ڕاستییەکان: ئەو شێوە لە شەڕی نەرم لە میدیاکاندا یەکجار زۆرە، میدیاکان و ڕاگەیەنەکانیش هەر کامەیان سیاسەتێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، واتا بۆ ئامانجێک کار دەکەن کە ئەو ئامانجە شێوەی کار و سیاسەتییان دەست نیشان دەکات. لێرەدا بەشێک لە پەیام یان پێکهاتەکانی دەسڕدرێنەوە.

بۆ نموونە ڕاگەیاندنە فارسەکان کە باس لە هێزە کوردییەکان دەکەن، بەشێک لە پەیام یان پێکهاتەکانی دەسڕنەوە، لە شەڕی موسڵدا ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە کەمی لە ڕاگەیێنە فارسییەکاندا دەبیندرێ، لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان زۆر جار لایەنێک دەسڕدرێتەوە و بێ کاریگەر یان زۆرلێکراو نیشان دەدرێ و هەڵە و تاوان دەخرێتە سەر شانی یەک یان دوو لایەن. لە شەڕی ڕۆژهەڵات تەنیا باس لە پێشمەرگە دەکرێ و هەواڵی هێرش کرانە سەر هێزەکانی ڕژیم لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ناخرێتە ڕوو بۆ نموونە لە کوژرانی چەند جاشێک لە ناوخۆوە.

٧) سڕینەوەی ڕووی ناشیرین یان جوان (شەیتان دەکرێ بە خوا و خوا دەکرێ بە شەیتان): لێرەدا بۆ ئەوەی کە بەتایبەت ڕق و بێزاریی لە ناو هێزەکانی خۆتدا لە هەمبەر هێزەکانی دوژمندا پێک بێنی یان بۆ سازکردنی هاندەر لە ناو مێشک و بیریاندا، تایبەتمەندیی ناشیرین دەدەی بە بەرانبەرەکەت، فەرماندەکانی شەڕ زۆر ئەو تاکتیکە بەکار دێنن، وشەگەلێکی وەک “دەبێ ئەو تیرۆریستانە لە ناو ببەین”، “هەر کەس لەو شەڕەدا یەخسیر بکرێ ئەو بێ دینانە چاوی دەردێنن” و دەیان ڕستەی تر کە بۆ کورد ئاشنانن و داگیرکەرانی کوردستان زۆریان بەکارهێناون.

هەر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا دەیان شەونامە و بەنێر و پەرتووک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی سازکردنی ڕوخسارێکی شەیتانی لە کورد و هێزە کوردییەکان، بڵاو کرانەوە.

٨)  خستنە ڕووی پێش وێنی یان پێش بینیی دڵتەزێن و تۆقێنەر: لەو شێوازەدا، نەیار یان بەرانبەر بە پشت بەستن بە هەندێ لاڕێ کردنی ڕاستی یان هێنانەوەی نموونەی مێژوویی (ڕاست یان ساختە)، هەندێ پێش بینی و پێش وێژی لە ناو خەڵک بڵاو دەکاتەوە کە لە ئەگەری ڕوودانی فڵان کردەوە یان کار، چ دەقەومێ. پێشووتر دەسەڵاتداران و فەرماندەکان ئەو کارەیان لە ڕێگای پێش وێژەکان یان فاڵ گر و ئەستێرەناسەکانەوە دەکرد، ئێستا لە ڕێگای شیکارانی سیاسی یان ڕۆژنامەنووسان و بەڵگەفیلم سازەکانەوە ئەنجام دەدرێ و زۆر جاریش سینەما بەشێکە لە بەڕێوەبەری ئەو پلانە.

٩) سانسۆڕ یان سڕینەوە: لەو شێوازەدا بەشێک لە زانیاری یان هەواڵ دەسڕدرێتەوە، بەو شێوەیە پرسیار یان پرسیارگەلێک و گومان لە مێشکی خوێنەر یان بیسەدا ساز دەبێت و بە کەڵک وەرگرتن لەو بۆشاییە دەکرێ مەبەست لە ناو مێشکی خوێنەر و بیسەر بخزێندرێت.

کاتێک کە بەشێک لە باس یان هەواڵ و زانیاری سانسۆڕ دەکردرێت و دەسڕدرێتەوە، ڕێگا بۆ پێکهاتنی قسە و قسەڵۆک خۆش دەکرێت و هاوکات دەکرێت کەسانێکش هان بدرێن یان ڕاسپێردرێن تا قسەڵۆک و شایعەکان لە ناو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە.

١٠) دووبەرەکی نانەوە: ئەو شێوازە تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە و سەرەڕای ئەوەش هەمیشە سەرکەوتوویە، تێیدا چەند شێوازی تریش لە شێوازەکانی شەڕی نەرم کەڵکیان لێوەردەگیردرێت. سازکردنی دووبەرەکی و ناکۆکی هەمیشە هەنگاوەکان شل دەکات، هێز دابەش دەکات و هێزی هەیی لە بەرانبەر یەکتری ڕادەگرێت.

لە ئێستادا کوردستانی باشوور بە چڕی لەو شێوازەدا ڕۆچووە و دووبەرەکی و دەبەرەکییەکی قورس لە ناویاندا بوونی هەیە، بۆ سازکردنی دووبەرەکی دەکرێ کەڵک لە بوختان سازکردن، بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ، پێدانی پارە و دەسەڵات و وەتەماح خستن و دەیان بابەتی تر، وەربگیردرێت.

١١) تیرۆری کەسایەتی: لێرەدا لە جیاتی کوشتن و لە ناوبردنی تاک یان لایەنێک، کەسایەتییەکی دەکرێتە ئامانج. ئیتلاعاتی ئێران بۆ سووک کردن و بێ باوەڕکردنی دژبەرانی خۆی لە ناو خەڵکدا زۆر کەڵک لەو شێوازە وەردەگرێت. هاوڕێیەکمان کە ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەیەکی زۆر دوای ئازادبوونی خۆی لە هاتنە ناو بازاڕ و خەڵک دەبوارد چون هێز و بەرپرسانیئیتلاعات لە هەر شوێنێک بینیبایان خۆیان لێ نزیک دەکردەوە و جۆرێک لەگەڵی هەڵسووکەوتیان دەکرد کە گوایە هاوکاریانە و زۆر جار هەندێ ڕستەی وەک “ئەو ئەرکەی پێمان ئەسپاردی، بەجێت هێنا”ـیان دەگوت و ئەوەش وایدەکرد زۆر کەس لێی بێ متمانە بێ و بە جاشی بناسێ.

١٢) دووپاتەکردنەوە: دەروونناسەکان دەڵێن هەر بابەت یان کار و کردەوەیەک کە زۆر دووپاتە بێتەوە، دەبێتە خوو و عادەت. دووپاتەکردنەوەی زۆری یەک هەواڵ، زانیاری یان هەر بابەتێک، ئەو بابەت و هەواڵە دەباتە ناو مێشکی بیسەر و خوێنەرەکەیەوە. هەروەها کەسێک کە درۆیەک زۆر دووپاتە دەکاتەوە دوای ماوەیەک خودی خۆشی بڕوای پێدەکا، بەو پێیە هێز و لایەنەکان هەمێشە کەڵک لەو شێوازە وەردەگرن، بەتایبەتی نەیارانی کورد هەمیشە وەبیر هێزەکانی خۆیان دەخەنەوە کە ئەوان سەردەکەون و هێزی کوردی لەناو دەچێ و لێرەشدا بۆی هەیە چیرۆک یان فیلمی ساختەی شەڕێک زۆر دووپاتە بکەنەوە. هەڵبەت دووپاتە کردنەوەش شیوازی خۆی هەیە کە باسی ئەو بابەتە نیە و پێویستە بە شێوەی زانستییانە و دروستی خۆی بەکار بێت تا بێزاری و جاڕس بوون لە خوێنەر و بیسەرەکەیدا پێکنەهێنێت و باشتر وایە لە نێوان هەر دووپات کردنەوەیەک لەگەڵ جاری پێشووی، مەودایەک هەبێ.

1٣) هانابردن بۆ ترس و تۆقاندن: یەکێک لە کۆنترین و سەرکەوتووانەترین شێوازەکانی شەڕی نەرم، پێکهێنانی ترس و دڵەراوکێیە لە ناو هێزەکانی لایەنی بەرانبەردا، بۆ ئەو مەبەستە زۆر جار باس لە مەترسییەکان دەکرێت و زۆر جار هێزی لایەنی بەرانبەر زۆر گەورە دەکرێتەوە و چەک و چۆڵەکانیان سەدان قات پێشکەوتووتر نێشان دەدرێت. بەشێک لە مانۆڕەکانی شەڕ بەو مەبەستە ئەنجام دەدرێن. زۆر جاریش هێزەکان بەو مەبەستە هەندێک چەک و تەقەمنیی پێشکەوتوو دەخەنە ڕوو یان باس لە بەرهەم هاتنی چەک و تەقەمەنیی نوێ دەکەن وەک لە هەواڵەکانی ئێراندا باس دەکرێ و لەگەڵ ئەوەیدا کە زۆر جار تاقیکاریی زۆر موشکەیان ناسەرکەوتوویە بەڵام لە هەواڵەکاندا بە چەند قات گەورەتر باسی دەکەن. یان بۆ نموونە وانیشان دەدرێت کە لە هەر گوند و شوێنێکی کوردستان سیخوڕی تەیاریان هەیە یان ڕێگاکان مین ڕێژ کراون و چونەوە ناوخۆ زەحمەتە، ئەوە بۆی هەیە دڵەڕاوکێ لە ناو پێشمەرگەدا ساز بکات.

هەڵبەت ئەو شیوازە ڕوویەکی تریشی هەیە، بۆ نموونە وا نیشانی هێزەکانی خۆت دەدەی کە ئەگەر دوژمن لەناو نەچێت ئەوا فڵان و فیسار مەترسییە بوونی هەیە، لێرەدا مەبەست ڕێکخستنی هێزەکانی خۆتە بۆ ئەوەی کە بەوپەڕی لە خۆبوردووییەە شەڕ بکەن.

ئەو شیوازە زۆر جار لەگەڵ شێوازێکی تری شەڕی نەرم بە ناوی “زێدەگۆیی” کە تێیدا ڕاستییەکان بە سەدقات گەورەتر نیشان دەدرێن، یەک دەگرێتەوە بۆیە لە شیکردنەوەی ئەو شێوازە خۆ دەبوێرین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت