بابا عەلی مێهرپەروەر لە نامەیەکی کراوەدا، داوا لە سکرتێرەکانی حدک و حدکا دەکا یەک بگرنەوە

0
839

باباعەلی مێهرپەوەر، سیاسەتوانی ناسراوی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە نامەیەکی کراوەدا، ڕوو لە سکرتێرەکانی هەر دوو لای دێموکرات دەکات تا بە سرنجدان بە دۆخی هەستیاری ئێستای ئێران و کوردستان، بە زووترین کات یەک بگرنەوە.

ڕۆژی کورد: باباعەلی مێهرپەروەر، لە نامە کراوەکەی خۆیدا، ڕوو لە مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حدکا و مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حدک، دەکات تا بە سرنج دان بە شڵەژانی دۆخی ئێران و هاتنە ئارای ناڕەزایەتیی سەرانسەری لە ئێران، چیدیکە یاری بە وشەی دیپلۆماسی نەکەن و یەک بگرنەوە.

دوو لایەنی دێموکرات، کە لە یەک ساڵ دوای جیابوونەوە، چەندین جار هەوڵی یەکگرتنەوەیان داوە، تا ئێستاش نە تەنیا یەکتریان نەگرتۆتەوە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جاران لە ڕووی سیاسەت کردن و تاکتیکەوە لە یەکتری دوور کەوتوونەوە.

دەقی نامەی باباعەلی مێهرپەروەر بەو شێوەی خوارەوەیە:

نامەیەکی کراوە و بەپەلە بۆ سکرتێرەکانی هەر دووبەشی حیزبی دیموکرات

هاورێانی بەڕێز، کاک مستەفا هیجری و کاک مستەفا مەولودی

سڵاو!

سەرەتای ساڵی نویی زاینی شاهیدی راسانی گشتیی خەڵکانی پانتای سەرزەوێنی ئێرانە. راسانێک کە تائیستا مارک و نیشانەی هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی یان جیناحی سەر بە ریژیمی پێوە دیار نیە، راسانێکی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێرانە. راسانێک کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی ریشەیی و بنەرەتی لە نیزام و سیستەمی هەبوویە. قسەی ئەوخەڵکە هەر ئەو بانگەوازەیە کە حیزبی دیموکرات بە درێژایی مێژووی پڕ لە فیداکاری خۆی دەیدا بە گوێی خەڵکی ئێراندا.

هاورێانی هێژا !

وەک دۆست و هاوخەباتێکی رۆژانی سەخت و دژواری بەربەرەکانی لە گەل ریژیمی گەل لێبیزراوی کۆماری ئیسلامی ولەو ئان وساتە هەستیار و مێژووییدا کە هەر چرکەساتێکی تۆمارکەری حەماسەیەکی خەڵکی راپەریوی ئێرانە، داواتان لێدەکەم چیدیکە دەسات لە سەر دەست دامەنین، چیدیکە یاری بە وشەی دیپلۆماتی مەکەن، چیدیکە کات بەبیانووی جۆراوجۆر لە دەست خۆتان مەدەن .

من ئیستا ناڵێم لە رووی تەشکیلاتیەوە هەر ئیمرۆ یەکبگرن، بە ڵام بەجیدی داواتان لێدەکەم هەر لە ئیمرۆوە کە هیشتا دێرە لەسەر پلاتفۆرمێکی گونجاو بۆ کاری هاوبەش لەو قۆناخەدا رێکبکەون. دڵنیابن ئەگەر کارێکی لەو چەشنەنەکەن، نەمێژوو دەتان بەخشێ نە خەڵکی بەئەمەکی کوردستان ئیتر بایەخێکتان پێدەدا. هەر ئیستا و هەر ئیمرۆ.

براتان علی مهرپرور
٢/١/٢٠١٨

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.