ئەنجۆمەنی سێنای ئامریکا نەیتوانی پێش بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە وڵاتانی عەرەبستان و ئەمارات بگرێت

0
753

ڕۆژی کورد :
کۆنگرێسی ئامریکا لە گەڵ سیاسەتی ترامپ سەبارەت بە فرۆشتنی چەن ملیار چەکوچۆڵ بە وڵاتانی عەرەبستانی سەعوودی و ئەمارات دژایەتی کردبوو. ترامپ بڕیاری کۆنگرێسی ڤیتۆ کرد، دەنگدان لە ئەنجۆمەنی سێنا لە بەرژەوەندی سیاسەتی فرۆشی چەک و تەقەمەنی دۆناڵد ترامپ کۆتایی پێهات.

هەوڵ و تێکۆشانی دێموکراتەکان بۆ هەڵپەساردنی ڤیتۆی دۆناڵد ترامپ لە پێوەندی لە گەڵ سیاسەتی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارس لەوانە عەرەبستانی سەعوودی و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە ئاکام نەگەیشت و تێکشکا، بەم پێیە ترامپ ئەتوانێت ئامێر و کەلوپەلی شەڕ و چەکەکانی خوازراوی عەرەبستان و ئەمارات لە کاتی خۆی دا ڕادەستی ئەو وڵاتانە بکات.
ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمان (دی پی ئەی) ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی تەمووز ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەنگدان لە ئەنجۆمەنی سێنای ئامریکا لە سەر سیاسەتی فرۆشی چەک و تەقەمەنی دەوڵەتی ترامپ بڵاو کردەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە نوێنەرانی ئەنجۆمەنی سێنا توانای ڕاگرتنی سیاسەتی فرۆشی چەک و چۆڵی دەوڵەتی ترامپ بە وڵاتی عەرەبستانی سەعوودی و ئەماراتی یەکگرتوویان نەبووە.
سیاسەتی فرۆشی چەکوچۆڵ بە وڵاتانی عەرەبستان و ئەمارات لە گەڵ دژایەتی زۆرینەی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئامریکا بەرەوڕوو دەبێتەوە. دواتر دۆناڵد ترامپ بڕیاری کۆنگرێس ڤیتۆ دەکات، دژبەرانی بڕیاری فرۆشی چەک و تەقەمەنی بە وڵاتانی عەرەبستان و ئەمارات بۆ دەربازبوون لە ڤیتۆی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە پێویستیان بە دوو لە سێی دەنگەکانی نوێنەرانی سێنا دەبێت، بابەتێک کە وەدی نەهات و بە ئەنجام نەگەیشت.
زۆرینەی کۆرسییەکانی ئەنجۆمەنی سێنا، بە پێچەوانەی سازدانی هێزەکانی کۆنگرێس لە بەر دەست سێناتۆرە کۆماریخوازەکانەوەیە. هەر بۆیەش پێش دەسپێکی دەنگدان لە ئەنجۆمەنی سێنا، شڕۆڤەکاران پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە دژبەرانی بەرنامەی فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە وڵاتانی عەرەبستان و ئەمارات توانای هەڵوەشاندنەوەی ڤیتۆی دۆناڵد ترامپیان نابێت.
دەنگدان لە ئەنجۆمەنی سێنا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی تەمووز سێ جار دوابەدوای یەک ئەنجام درا و سێناتۆرەکانی بەرهەڵستکاری هەناردەکاری چەک و چۆڵ بۆ عەرەبستان و ئەمارات نەیانتوانی زیاتر لە ٤١ دەنگ لە کۆی ١٠٠ کۆرسییەکەی سێنا بەدەست بهێنن. بەرهەڵستکاران بۆ دەربازبوون لە بڕیاری ڤیتۆی ترامپ پێویستیان بە دوو لە سێی کۆی گشتی دەنگەکان بوو کە نەیانتوانی ئەو ڕێژەیە بەدەست بێنن.
بابەتی سەرەکی لە سەر فرۆشتنی ڕێژەیەکی ٨ ملیار دۆلاری چەکوچۆڵ و ئامێری شەڕە بە هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نوێنەرانی دێمۆکرات بە ئاماژە پێدان بە بەشداریکردنی عەرەبستان و ئەمارات لە شەڕی یەمەن و هەروەها کۆشتنی جەماڵ خاشۆقچی، ڕۆژنامەنووسی ناڕازی و ڕەخنەلێگری عەرەبستان لە وڵاتی تورکیە، لە گەڵ بڕیاری فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە وڵاتانی ناوبراو دژایەتییان کردووە.
کۆشکی سپی بە ئاماژە بە هەڕەشە سەربازییەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچە لە لایەن ئێرانەوە ڕایگەیاندبوو کە ڕاگرتنی بڕیاری هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتانی عەرەبستانی سەعوودی و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە بارودۆخی ئێستادا بە واتای ئەوە دەبێت کە ئامریکا پشتیوانی و یارمەتی هاوپەیمانانی خۆی ناکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.