ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەندێ باژێری لە پارێزگای ورمێ ڕاگەیێندرا

0
1329

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ماڵپەڕی فارس نیوزی سەر بە کۆماری ئیسلامی بڵاو کراونەتەوە ئەنجامی دەنگدان لە پارێزگای ورمێ بە شێوەی خوارەوەیە؛

ورمێ:

تا ئێستا لە شاری ورمێ تەنیا نادر قازی پوور نوێنەری پێشووی ئازەری زمان و سەر بە تووندئاژۆکانی نیزام یەکلایی بۆتەوە و بۆ جارێکی تر چۆتەوە پارلمان.

لە ئێستادا حاکم مەمەکان، هادی بەهادۆری، ڕووحووڵڵا حەزرەت پوور و مەجید دوودکانلوی میلان ئەو بەربژیرانەن کە چوونە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەوە.

لە هەمان کاتدا عابد فەتاحی نوێنەری بە ناو کوردی خولی نۆیەمی پارلمان کە لەم خولەشدا بە سازدانی چەندین کۆڕ و دانیشتن بۆ کوردەکان بەتایبەتی بە سازدانی نیوەڕۆ خواردنێک لە تالاری گوڵستانی زێوەی ناوچەی مەرگەوەر، هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگی بۆ کۆماری ئیسلامی دەدا، نەیتوانیوە دەنگ بێنێتەوە و نەبۆتە نوێنەر.

کارناسێکی بواری کار و باری ناوخۆیی ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەمبارەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: دەنگ نەهێنانەوەی عابد فەتاحی، تێزی دەنگ دان و پیویستی دەنگدان لە ناوچە دوو نەتەوەییەکانی بردە ژێر پرسیار و پێدەچێ کورد تەنیا دەستەچیلەی ئاگر خۆش کردنیهەڵبژاردن بێت نە زیاتر و نە کەمتر.

مهاباد:

لە شاری مهاباد جەلال مەحموودزادە براوەی هەڵبژاردنی ئەو خولەی پارلمانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ناوچەی شاروێران دۆینێ شەو ناڕازی بوون و لایان وابوو فێڵ لە دەنگداندا کراوە و لە ناو شاری مهابادیش تووندوتیژی لە نێوان لایەنگرانی ئەو نوێنەرە و بەربژێرەکانی تر هاتبۆ ئاراوە.

شایانی باسە کە لەو هەڵبژاردنەدا چوار کاندیدای جیاواز بۆ چوار چینی جیاواز لە مهاباد داندرابوو کە دەکرێ دابەشی بکەین بە: مەنگووڕەکان، سەیدەکان، ناوچەی شاروێران و شامات و گەورکایەتی.

هەروەها پیویست بە ئاماژەیە کە تا ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممە کە کۆتا لیستی ناوی تەئیید بووان لە لایەن شۆرای نیگابانەوە ڕاگەیێندرا، ناوی جەلال مەحموودزادە لە ناو تەئییدبوواندا نەبوو و ٤ ڕۆژ دوای ئەوە واتا ١ی ڕەشەممە ناوی ئەو بەربژێرە ڕاگەیێندرا و لە ئەنجامدا بۆ خولێکی تر بۆوە بە نوێنەری شاری مهاباد.

بۆکان:

بۆ جارێکی تر قەسیم عوسمانی بۆوە نوێنەری شاری بۆکان

قەسیم عوسمانی کە دوو خولی پێشووش نوێنەری شاری بۆکان بووە و لە هەمان کاتدا لە ٧ مانگی ڕابردوودا لەنێوان ناوبراو و ڕکەبەرە سەرەکییەکەی واتا حاجی ئەنوەر حەبیبزادەدا و لە ماڵپەڕە خۆجێیەکانی شاری بۆکاندا گەلێک کێشە هاتنە ناو و تەنانەت دانیشتنێکی نەهێنی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سپاش لە  بۆکان بۆ ئەو دوو کەسە و چەند کەسی تری شاری بۆکان ڕێكخرا و تێیدا دوکتور غەفوور شێخی، وتاری دا.

لە کۆتاییدا قەیسم عوسمانی بە وەڕێخستنی شەپۆلی نوێ بۆ جارێکی تر بۆوە بە نوێنەری شاری بۆکان.

شایانی ئاماژەیە کە بەپێی زانیارییەکان قەسیم عوسمانی لەو هەڵبژاردنەدا پارەیەکی زۆری تێچوو بووە و چەندین شاعیر و نووسەر و کەسی ناوداری شاری بۆ ئامانجەکەی خۆی بەکار هێنا. هەروەها خالید تەوەککوولی دەم و چاوی بە ئیسلاح تەڵەب ناسراوی پارێزگای سنە، پشتیوانی لە ناوبراو کرد و لە پرۆپاگەنداکەیدا ئامادەبوو.

شایانی باسە کە قەسیم عوسمانی کوڕی مەلا جەسیمە و لە ئێستادا یەکێک لە بەهێزترین کەسەکانی شاری بۆکانە کە بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سپای قودس و سپای پاسداران، تاوانبار دەکرێ.

لەو دەنگدانەدا ناوبراو توانیوێتی تا ئێستا ٤٧ هەزار و ١٦٣دەنگ لە کۆی دەنگەکانی بۆکان واتا ١٠٩ هەزار و ٧٦١ دەنگ بۆخۆی دەستبەر بکات.

خۆی:

لە شاری خۆی تەقی کەبیری دەنگی هێناوەتەوە و چۆتە پارلمان.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ شارەکانی تر لە دەستدا نییە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.