ئەنامەقی: نابێ چیتر ژنانی کورد بە “نیوە” بوون ڕازی بن

0
749

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو کازیوە ئەنامقی، وتەبێژی پارتی فێمینیستی کوردستان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

ئەنامەقی:  ۸ مارس ڕۆژی جیهانی ژنان کە لە ڕابردوودا بەنێوی رۆژی جیهانی ژنانی کرێکار دەناسرا، رۆژێکە کە سەرەتا وەک ڕووداوێکی سیاسی سۆسیالیستی لە نێوان حیزبەکانی سۆسیالی ئامریکا، ئاڵمان و ڕۆژڵاتی ئەورووپا سەری هەڵدا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ۱۹۷۷ ئەم ڕۆژەی لە ژێر ناونیشانی ” ڕۆژی مافی ژنان و ئاشتی نێونەتەوەیی” بە فەرمی ناساند. کەواتە دەکرێ بڵێین فەلسەفەی ۸ مارس دەگەڕێتەوە بۆ بنەما دیاری کراوەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەکان لە بواری سیاسی و مافی مرۆڤ بۆ دەستەبەر بوونی مافی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان. بەڕای من ئەمە تێڕانینێکی سیاسییانە نییە کە دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ چین و توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگا بە کەم کرنەوەی ئاست و پێگەی ئەو چینە بزانین؛ جا چ بەمەبەستی ڕێزگرتن بێ وەک ڕۆژی پزیشک و پەرستار، یان خود بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ئەمەگناسی بێ وەک ڕۆژی پێشمەرگە و شەهیدان، یان بۆ بەرجەستە کردنی کێشەیەکی فیزیکی وەک ڕۆژی کەمئەندامان و نابینایان و یان دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ یەکسانیخوازی وەک مافی منداڵان و ژنان.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

ئەنامەقی: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناوخۆ، سەرەڕای تەواوی سەرکووت و تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگەی ژنان، بەدڵخۆشییەوە ئاستی وریاییان زۆر بەرز بووەتەوە و زیاتر ئاگاداری مافەکانی خۆیان. ئەمەش یەکێک لە هەرە خاڵە بەهێزەکانە کە بوونی پارتێکی فێمنیستی کوردی دەخوازێ بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە لەوانەیە هەموو ژنانی ناوخۆ نەتوانن لەناو هزر و ئەساسنامەی پارتە ئۆپۆزیسیون و یان پارتەکانی ناوخۆی وڵاتدا، ماف و ئاواتەکانینان بدۆزنەوە. هەربۆیە پارتێکی سیاسی سەربەخۆی ژنان پێویستە تاکوو ناچار نەبن خۆیان بخەنە ژێر چەتری پارتە پیاومەزنەکان.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

ئەنامەقی: بەڵێ، فێمینیزمی کوردی هەیە و خەریکی شکل گرتن و خۆدۆزینەوەیە. ڕاستە کە تەمەنی کەمە بەڵام بەجدی خەریکی کۆکردنەوەی وزەی ژنانە بۆ گەشەسەندنی زیاتر لە بوارەکانی بەتایبەت زانستی و سیاسیدا. ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟ فێمینیزم لە جیهاندا کال نەبۆتەوە بەڵکوو لە سەرەتای مەوجێکی تازە دا. لە ڕابردوودا دایکانی ئانجێلا مێرکل، هێلاری کلیتۆن، هێلێ تڕۆنینگ وهتد، چالاکی و خەباتیان دەکرد بۆ مافە سەرەتاییەکانی ژن لەناو کۆمەڵگادا، تاڕادەیەک کە لە کۆمەڵگای کوردی خۆماندا تاکوو ئێستاش دەبیندرێت. بەڵام ئەمڕۆ کچانی دایکانی دوێنێ، هەنگاویان بەرزتر ناوە بەرەو دەستەبەر کردنی مافەکانیان لە پانتای سیاسی وڵاتانی خۆیاندا. دەکرێ مەوجی نوێی فێمێنیسم بە “مەوجی هەڵمەت لە پانتای سیاسیدا” ناوزەد بکەین.

ڕۆژی کورد: بوونی پارتێک بە ناوی پارتی فێمینیستی کورد، لە هەندەران و بێ هەبوونی هێزی چەکدار و توانایی هەڵسووڕانی فەرمی لە ناوخۆی وڵاتدا چۆن دەبینن؟

ئەنامەقی:  ئامانجی پارتی فێمنیستی کوردستان پەروەردەی نیزامی نییە بۆ ژنان بەڵکوو گەشەدانی ئاستی هزری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی سەربەخۆی ژنانە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بە چەک و شەڕی چەکداری نییە. هەروەها چەند ساڵێکە کە کورد شەڕی چەکداری ڕاگرتووە و ڕووی لە چالاکی مەدەنی کردووە و شێوازی خەبات و شۆرشیان گۆڕیوە. کەواتە ئەگەر پارتە پیاومەزنەکان وازیان لە شەڕی چەک و چۆڵ هێناوە، بۆشایی و پرسیار لەسەر پارتێکی فێمنیستی تەواو ڕۆشنگەریی ناهێڵێتەوە. هەروەها لە دونیای سیاسی سەردەمدا چیدی پارت و چەکداری لە خانەیەکدا ناگوونجێ و پارتە سیاسییەکان خۆیان بە زانستی سیاسی تەیار دەکەن و چەکداریی دەهێڵنەوە بۆ میلیشیاکانیان. خاڵێکی دیکەی بەهێزی پارتی فێمنیستی کوردستان ئەوەیە کە چەند ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری لەناوخۆدا لەگەڵە خاڵێک کە لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنە پیاومەزنەکاندا بوونی نییە. هەر تاکێکی سیاسی باش ئاگاداری ڕەوشی ئەمنیەتی و پاراستنی نیزامی ناوخۆی وڵات هەیە و هەربۆیەش زۆرینەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەشێکیان هەیە بەنێوی کومیتەی نهێنی بۆ پاراستنی باری ئەمنیەتی ئەندامن لەناوخۆی وڵاتدا و بەدڵنیاییەوە پارتی فێمنیستی کوردستانیش لایەنی ئەمنیەتی ئەندامانی لەناوخۆدا دەپارێزێ.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

ئەنامەقی: دایکان، خووشکان و کچانی نیشتمانم! وەرن با دەست لەناو دەست لە بواری سیاسیدا بە نیوەی بەشی ڕێبەری، لە بواری ئابووریدا بە شەریک و لە بواری کۆمەڵایەتیدا بە نیوەی پیاو، چیدی ڕازی نەبین.

کازیوە ئەنامەقی وتەبێژی پارتی فێمێنیستی کوردستان سپاس و ڕێز

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.