ئەمریکا: پ.ک.ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە و شنگال شوێنی ئەوان نیە

0
1292

ڕۆژی کورد: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ بوونی گریلاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە شنگال،ڕایگەیاند، پ.ک.ک هیچ دەورێکی لە شنگال نیە و جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پەکەکە لای ئەمریکا رێکخراوێکی تیرۆریستە.

بەپێی هەواڵی کوردستان ٢٤، مارك تۆنەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن گوتی: “واشنتن بەردەوام لەهەوڵدایە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی تا دۆخی ناوچە تازە رزگارکراوەکانی دەوروبەری مووسڵ سەقامگیر بکەنەوە”.

تۆنەر هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە “ئێمە پێمان وایە ئەو ناوچەیە شوێنی ئەوان نیە و ئێمە پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەبینن.”

لەمەڕ هەوڵی ئەمریکا بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: “لەسەر بەردەوام بوونی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە.”

ئەو لێدوانەی وتەبێژی دەرەوەی ئەمریکا، دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان لە سنووری ناوچەی سنوونێ لە نێوان کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژئاوا دێنە ئاراوە.

شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان ئەو دوو پارتە کوردیە لە کاتێکدا هاتە ئاراوە کە پێشتر هەم موراد قارایلان بەڵێنیی بەجێهێشتنی شنگالی دابوو و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور، ئەو بەڵێنییەی پشتڕاست کردبۆوە.

دوای ئەوەی موراد قەرەیلان بە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاندبوو کە ئەوان یەکێتیی کورد  وەک ستراتیژ دەبینن و هەر بۆیەش دەبێت کورد کێشە نێوخۆییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکا و ئامادەی کشانەوە لە شنگالن، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمیش ڕایگەیاند، وڵامی ئەرێنییان لە پەکەکە بۆ کشانەوە لە شنگال، وەرگرتووە.

یەکینەکانی بەرخودانی شنگال “یەبەشە” کە لقێکی سەربازیی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە، لە راگەیێندراوێکدا لەمەڕ شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان خۆیان و هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستان لە سنووری سنوونێ و خانەسۆر ڕایگەیاندووە کە 7 شەڕڤانیان لەو شەڕەدا گیانیان لەدەستداوە کەدوانیان گەریلای هەپەگەن.

یەبەشە هەروەها ڕایگەیاندووە لەو شەڕەدا 20 شەڕڤانی دیکەیش بریندار بوون.

یەبەشە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە پێشمەرگە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی فراوان بۆ سەر تەواوی شنگال.

بەڵام قادر شێخ مەمی، فەرماندە لە لەشكری ڕۆژی پێشمەرگەكانی کوردستانی ڕۆژئاوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاندووە کە ئەوان لە شوێنی خۆیان لە نزیك كۆمەڵگەی خانەسۆری شارۆچكەی سنوونێ جێگیربوون، ئێستاش دۆخەكە ئارامە ‌و گوتیشی “دۆخەكە لەنێوان ئێمە ‌و یەبەشە تەواو ئارامە‌و و نە شەڕ هەیە نە گفتوگۆی ئاشتیانە”.
راگەیاندنی ئاماری قوربانییەکانی یەبەشە لە شەڕەکەی رۆژی هەینی لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا لەشکری رۆژ بە رەسمی ئاماری قوربانییەکانی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراوەتەوە 4 پێشمەرگەی لەشکری ڕۆژ بریندارن.

حیزب و چالاکانی سیاسیی کورد بەتایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە داوای ڕاگرتنی ئەو شەڕە دەکەن و بە شەڕی کوردکوژی و براکوژی ناو دەبەن و بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی لایان وایە ئەو شەڕە بە نیابەت لە ئێران و تورکیە ئەنجام دەدرێت و لە ئەنجامدا کورد بە دەستی کورد دەکوژرێ و بریندار دەبێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت