ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ڕۆیتێرز، ڕۆژی پێنج شەممە ٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، باراک ئۆباما فەرمانی دەرکردنی ٣٥ دیپڵۆماتکاری ڕووسی لە ئەمریکای دەرکردووە و لەلایەکی تریشەوە دوو ڕێکخراوی زانیاریی ڕووسیش، گەمارۆیان لەسەر داندراوە.
هۆکاری ئەو بڕیارەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ خۆتێهەڵقووتان و کاریگەری دانان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ڕووسیەوە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتی بنکە تەناهی و ئاسایشییەکانی ئەمریکا ، لەلایەن خودی ڤلادیمێر پۆتین ـەوە، ڕێبەری کراوە کە تێیدا هێرشی سایبێری کراوەتە سەر دێموکراتەکانی ئەمریکا.
لەلایەکی تریشەوە، ئەمریکا، دوو بینای سەر بە ڕووسیەی لە نیۆیۆرک و مریلەند داخستووە و فەرمانی داخستنی کۆنسوولگەریی ڕووسیەی لە سانفرانسیسکۆ داوە و پێشی ڕاگەیاندوون کە دەبێ لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا، خاکی ئەمریکا بەجێ بهێڵن.
هەروەها دەگوترێ کە باراک ئۆباما، فەرمانی گەمارۆخستنەسەر (ئێف. ئێس. بی)، سەرویسی ئەمنیەتی فیدراڵی ڕووسیە و ڕێکخراوی زانیاری و هەواڵگریی ئەرتەشی ڕووسیە (جەی، ئار، یو)ـشی دەرکردووە.
دیمێتری پسۆکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرملین، لە دژکردەوە بەو بڕیارەی ئۆباما لە هەمبەر ڕووسیە، وێڕای ڕەتکردنەوەی هێرشی سایبێریی ڕووسیە بۆ سەر ئەمریکا گوتی: “ئامانجی ئۆباما داڕماندنی یەکجارەکیی پەیوەندیی نێوان ڕووسیە و ئەمریکایە و ئێمەش دەست لەسەر دەست دانانێین و وڵامی پێویست و گونجاومان دەبێت”