ئەمریکا و ڕووسیە لەسەر پێکهێنانی ناوچەی ئارام و ئاشتی لە سووریە ڕێککەوتن

0
745

ڕۆژی کورد: دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا و ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیە، لە تەنیشت دانیشتنی سەرۆکی وڵاتانی گرووپی ٢٠ لە ئاڵمان بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر، پێکەوە دانیشتن و وتووێژیان کرد.

لەو دانیشتنەدا، باسی سووریە و هەروەها دەست تێوەردانی ڕووسیە لە هەڵبژاردنی ئەو دواییانەی ئەمریکا، تاووتوێ کران.

ڕێکس تەیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕ، ویڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی ئەو چاوپێکەوتنە گوتی: “دوو لایەن لەمەڕ ڕاگرتنی تووندوتیژی لە سووریە و دابین کردنی ناوچەیەکی ئارام لە سووریە ڕێککەوتوون”.

بەپێی قسەکانی تەیلێرسۆن، ئەو ناوچەیە، بەشی باشووری ڕۆژئاوای سووریە دەگرێتەوە.

بڕیارە ئەو ئاگربەستە لە ڕۆژی یەکشەممەوە لەو ناوچانە، جێ بە جێ بکرێت.

بەڵام ئیسراییل ڕایگەیاندووە، هیچ متمانەیەکی بە ڕووسیە لە چاوەدێری کردنی ئەو ناوچانە نیە.

ئیسراییل دەڵێ، هێزەکانی ئێران و حیزبووڵا کە لە ژێر پشتیوانیی رووسیە دان، بەو پێیە لە سنوورەکانی ئیسراییل نزیک دەبنەوە و هەڕەشە بۆ ئیسراییل ساز دەکەن.

تا ئێستا ڕوون نیە، هەر کام لە ڕووسیە و ئەمریکا کام بەشی ئەو ناوچەیە کە بڕیارە وەک ناوچەی ئارام دەست نیشان بکرێ، کۆنترۆڵ بکەن و لە ژێر دەسەڵاتیان دابێ.

دەگوترێ لەو چاوپێکەوتنەدا، دۆناڵد ترامپ بە توندی ڕەخنەی لە پشتیوانی کردن لە ڕژیمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە سووریە لەلایەن ڕووسیەوە کردووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕووسیە دەبێ دەست لە پشتیوانی کردن لە ئێران و سووریە هەڵبگرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت