ئەمریکا: تا ئێستاش ڕوانگەمان لەمەڕ پەکەکەوە نەگۆڕاوە و پێمان ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ـیە

0
919

دوای وەئەستۆگرتنی تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی ئیستانبوڵ لە لایەن “تەیرەبازێن ئازادیا کوردستانێ” کە خۆیان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان پێناسە دەکەن، وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەڵویستی توندیان لە هەمبە رپارتی کرێکارانی کوردستان گرتووە و وڵاتی چێک نووسینگەی ی.پ.گ ـەی لەو وڵاتە داخست و ئێستا ئەمریکاش ناڕەزایەتیی خۆی بە ئامادەبوونی گریلاکانی پەکەکە لە شنگاڵ بە فەرمی ڕاگەیاند، ئامادەبوونیک کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، چەندین جاران ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەری دەربڕیوە.

ڕۆژی کورد: جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەمەڕ ئامادەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگاڵ، هۆشداری دا و ڕاشیگەیاند کە ئەو ڕێکخراوە نابێ لە هیچ شوێنێک ئامادە بێت.

جان کێربی هەروەها گوتیشی: “هەڵوێستی ئەمریکا لەمەڕ پ ک ک تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و وەک هەمیشە پێمان “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی” ـیە.

پ ک ک تا ئێستا بە فەرمی هیچ هەڵوێستێکی لەمەڕ “تەیرەبازێن ئازادیا کوردستانێ” نەبووە بەڵام لەمەڕ “ی.ب.ش” کە بە یەکینەکانی پاراستنی شەنگال ناسراون، دەڵێ ئەوان سەر بە پەکەکە نین، بەو حاڵەشەوە جان کیربی بە توندی ڕایگەیاندووە کە ئەو هێزانە کە سەر بە پەکەکەن دەبێ بە زووترین کات، شنگال چۆڵ بکەن.

بەپێی هەندێ سەرچاوەی هەواڵیی جیهان وەک گاردیەن، چەکدارانی ی.ب.ش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشیی عێراق بە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی یەوە لکاون و بوون بە بەشێک لە حەشدی شەعبی کە هێزێکی دژە کوردە، بەڵام لە سەرەتادا ی.ب.ش، دوای گیرانی شنگال لەلایەن تیرۆریستەکانی داعشەوە، لەو ئەندامانەی پ.ک.ک پێکهات کە لە کەمپەکانی مەخموور و شنگال دەژیان و خۆیان بە پارێزەرانی شنگال ناساند و دواتر کانتۆنییەکیشیان بۆ شنگال ڕاگەیاند کە لە لایەن زۆرینەی کوردانی ئێزیدی و پیاوخاسانیانەوە، بە نافەرمی و قەبووڵ نەکراو، ڕاگەیێندرا و ڕەوایەتی پێنەدرا.

گاردیەن پێشتر لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا نووسیبووی کە پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و لە سووریە، هاریکاریی پێکهاتنی “هەیڤی شیعی”ـی ئێران دەکات.

 بوونی هیزەکانی پەکەکە لە شنگال بە بەردەوامی ناڕەزایەتیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی باشووری لێکەوتۆتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسروور بارزانی ناڕەزایەتیی توندی خۆی لەو بارەوە ڕاگەیاندبوو و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لە وتووێژێک لەگەڵ بی بی سی لەمبارەوە گوتبووی: “ئەگەر بێت و هێزەکانی پەکەکە، داخوازیی حکومەتی هەرێم لەمەڕ چۆڵ کردنی ئەو ناوچانە ڕەت بکەنەوە، ئەو کات حکومەتی هەرێم سیاسەتی خۆی لەمبارەوە ڕادەگەیێنێت و پەیڕەوی دەکات”.

جەمیل بایەک سەرۆکی پ ک ک لە دوایین دیمانەی خۆی لەگەڵ ماڵپەڕی winoستراتژیی پارتەکەی گوتی: “مەبەستی پ ک ک لەو کارەی، پێکهێنانی وڵاتێکی نوێ نیە، نامانهەوێ سنوورەکان بگۆڕن و نە ئەوەی کە وڵاتی خەڵکانی تریش داگیر بکەین. ئێمە گەرەکمانە کوردەکان لە وڵاتی خۆیاندا بژین، ئازادیی ڕادەربڕینیان هەبێ و بەپێی شوناسی خۆیان، نەریتەکانی خۆیان ڕێک بخەن و بەڕێوە ببەن. هەر ئەوەشمان بۆ هەموو خەڵکانی تری ناوچەش دەوێت”.

جەمیل بایەک، ئەمجارە بە ڕاشکاوانە بە دژی کوردستانی سەربەخۆ هەڵویست دەگرێ، کوردستانێک کە پێشتر بۆ سەرنەگرتنی دەستیان کردووە بە بەستێن خوڵقاندن و هەر واتا و بابەتێک کە بتوانێ هەستی یەکگرتوویی و هاوبەش و نەتەوەیی لە نێوان کوردەکان پەرە پێبدات یان سڕیویانەتەوە یان کردوویانە بە دوو  و سێ، وەک ئاڵا، زمانی یەکگرتوو و …تاد، وەک بە کورد نەزانینی ئێزیدی، یارسان و هەورامی و ….تاد. بایەک دەڵێ: “ئامانجی ئێمە لە ئێستادا دانانی کوردستانێکی سەربەخۆ نیە، ئەگەر کوردەکان لە هەر بەشێک لە کوردستان، ئیزنی هەبوونی مافی دێموکراتیکی خۆیان هەبێ، ئەوا پرسی کوردەکان چارەسەر دەبێ”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت