ئەلبورز ڕووئین تەن: کۆماری ئیسلامی لە هەموو هێزی خۆی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد و ئامانجەکانی کەڵک وەردەگرێت

0
1657

بە مەبەستی تاووتوێ کردنی، بەشێک لە ڕەهەندەکانی کردەوەی تیرۆریستیی شەوی سێ شەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥٥ی هەتاویی بەر دەرگای قەڵای دێموکرات کە تێیدا ٧ کەس شەهید بوون، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز ئەلبورز ڕووئین تەن،  چالاکی سیاسیی کورد ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

رۆژی کورد: تیرۆر چۆن پێناسە دەکەن؟ تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بە چ مانایەکە؟

ئەلبورز ڕووئین تەن
ئەلبورز ڕووئین تەن

ڕووئین تەن: بەکارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر هەر تاک یان گروپ یان ڕێکخراوێک یان وڵاتێک، بە ئامانجی وەدەستهێنانی بەرژەوەندیی سیاسی و ئیدۆلۆژی، دەکەوێتە خانەی تیرۆرەوە. لێرەدا جیاوازی هەیە لە نێوان خەباتی ئازادیخوازان، ڕێکخراوە شۆڕشگێرەکان. خەباتی ئەوان تەنانەت ئەگەر شەڕیش بکەن، لە پێناو نرخە گەردوونییەکان و مافە ڕەواکان دایە، شەڕیش یاسای خۆی هەیە کە ناکەوێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە. وشەی تیرۆر لە زمانی فەڕانسەویدا بەواتای ترساندن یا تۆقاندن هاتووە. تیرۆر چەند جۆری هەیە. تیرۆری دەوڵەتی یەکێکە لەوانە، واتە دەولەتێک بە کردەوەی توندوتیژی، هەوڵ دەدات دژبەرانی خۆی لەناو بەرێت. بەو پێناسەیە تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی بۆ لە ناو بردنی دژبەرانی خۆی بە هەموو شێوازێک و بەوپەڕی دڕەندییەوە هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاریەوە دروست بووە، چونکو لە یەکەمین ساتەکانی هاتنە سەر حوکمی، خومەینی و دارودەستەکەی فەرمانی کوشتنی زۆر کەسیان دەرکرد و دواتر ئەنجامیان دا، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە دژی ئەوانن یان وەک ئەوان بیر ناکەنەوەو بۆ سەرپۆش لەسەر دانانیشی، کەڵکیان لە ناو و دەستوری ئیسلامی وەرگرت. بۆ نمونە ئەو کەسەی کە فەرمانی کوشتنی دەدا، پۆستی حاکمی شەرعی ئیسلامی هەبوو. لەو سەردەمەوە تا ئێستا بە هەزاران هەزار دژبەری کۆماری ئیسلامی لە نێو براون کە بەدەستی کۆماری ئیسلامی کراوە و بەشێکیان لە دادگا نێودەوڵەتیەکان سەلمێندراون.

رۆژی کورد: کۆماری ئیسلامیی ئێران  بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی دژبەرانی لە ناوخۆ و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش کەڵک لە  ڕەوشی ڕەشەکوژی وەردەگرێ. ئایا  کارهێنانی ئەو شێوازە دەتوانێ ڕێکاری بەرەنگاری بێ؟ ئایا کۆماری ئیسلامی توانیوێتی لەو بواردا سەرکەوتوو بێ؟

ڕووئین تەن: بێ گومان ئەو شێوازە ناتوانێ ڕێکاری بەرەنگاری بێت، چونکو پێچەوانەی هەموو ڕێسا و پڕەنسیپ و یاسای نێودەوڵەتی و ئەخڵاقی مرۆڤیە، واتە تەنیا جینایەتکاران و تیرۆریستەکان کەڵک لەو شێوازانە وەردەگرن. لە هەمان کات دا نە کۆماری ئیسلامی و نە هیچ وڵاتێکی تر ناتوانێ بە بەکارهێنانی تیرۆر بگاتە ئامانجی خۆی، بەتایبەتی ئەگەر تیرۆر دژی ئازادیخوازان بێت، چونکو مێژووی مرۆڤایەتی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە داواکارانی مافی ڕەواو ئازادیخوازان سەردەکەون. بۆ کورد و ئێران ئەو چەندە هەر زۆر ڕوون و ئاشکرایە، چونکو کۆماری ئیسلامی لە هەموو هێزی خۆی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد و ئامانجەکانی کەڵک وەردەگرێت، کۆماری ئیسلامی زۆر خوێنی ڕژاند بەڵام ئێستاش خەباتی کورد هەر بەردەوامە کەواتە ئەوە خۆی بەڵگەیە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت.

رۆژی کورد: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی و ئۆپۆزیسیۆنی کورد بەتایبەتی کە خەساری بەرچاویان بە هۆی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی وێکەوتووە، بۆ نەیانتوانیوە ڕوخساری ئەو تیرۆریزمە هەوسارپچڕاوە بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بناسێنن؟

ڕووئین تەن: ئەو چەندە دوو بەشە. بەشێکی پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە کە لەو بوارە کەموکوڕیمان هەبووە. ئێمە دەمانتوانی بە کەڵک وەرگرتن لە کوردانی تاراوگە، باشتر ئەو کارە بکەین و دەنگی ستەملێکراویمان تا ئەو شوێنەی کە دەتوانین بگەیێنین بە هەموو ناوەندەکانی سیاسی و یاسایی و بگرە کەلتووریی ئوروپاش. هەروەها لایەنە سیاسیەکان لەو بوارەدا دەیانتوانی زۆرتر کار بکەن. بۆ نمونە ئێستاش دۆستانی کورد بەشێکی بەرهەمی دیپلۆماسیی ڕێبەری شەهید، دکتور قاسملوون، کەواتە ئەگەر کار کرابا باشتر دەمانتوانی ئەو دەنگە بگەیێنین، هەرچەند کاریش کراوە بەڵام پتانسێلی ئەنجامی زۆرترمان هەیە و حەوجێییەکیشە. بەشی دووهەمی ئەو باسە پەیوەندی بە لایەنە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوایە هەیە کە تا چەند ئامادەن گوێ بۆ ئێمە ڕاگرن و نرخە گەردوونیەکان لە سەروی بەرژەوەندییە ئابوریەکان دابنێن، چونکو هەر وڵاتێک زیاتر لەو نرخانە بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێ، بە تایبەتی لە گەڵ وڵاتێکی دەوڵەمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەکوو ئێران بە حەشیمەتێکی زۆرەوە کە هەم کڕیاڕێکی باش و هەم خاوەن مادەی خاوی زۆرە، هەر بۆیەش زیاتر لە فاکتەری چالاک بوون لەو بوارە دەبێ فاکتەری تریش هەن دە بەرچاو بگیرێت.

رۆژی کورد: لە نوێترین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدادا، ئاماژەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک بکەری ئەو تاوانە دەسەلمێنن. لە زاری هیندێک لە وتەبێژانی دەسەڵاتی ئێران بە ڕاشکاوی قسە لە هێرش بۆ سەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەکرێ، تیرۆری شەوی یەڵدا دەکرێ وەک قۆناغێکی نوێ لە دەستپێکردنەوەی بەربڵاوتری تیرۆر لە دژی هێزەکانی دژبەرەکانی  کۆماری ئیسلامی بێتە نرخاندن؟

ڕووئین تەن: من ناتوانم وەک دەستپێکێکی تری بزانم چونکو کۆماری ئیسلامی هەر ڕانەوەستاوە و بە شێوازی جوراوجۆر هەر بەردەوام بووە، کەم یا زۆر، دەبێت لەلایەکی دیکەش ئەو چەندە پەیوەندی بە جووڵانەوەی کورد هەیە تا بەهێزتر دەبێت  کۆماری ئیسلامی زیاتر لە تیرۆر کەڵک وەردەگریت لەو بوارەشدا بە ئەزمونێکی زۆرتر و دەستێکی کراوەترەوە بەردەوامی بە کارەکانی دەدات. بەڵام بە هۆی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی و هەبوونی عەقڵیەتی چارەسەریی گرفتەکان بە تیرۆر، پێشبینیی زیادتربوونی ئەو کردەوانە دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر شۆڕشی کورد تاکتیکی خۆی لە بەرگرییەوە بگوڕێت بۆ هێرش، دەبێ پێشبینی هەموو کردەوەیەک بکەین. ئەو چەندەش بە ئاشکراو تەنانەت بە شانازییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی و گرووپە ژێردەستەکانیەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت.

رۆژی کورد: هێزە سیاسیە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەو هەڵسو کەوتانەی کۆماری ئیسلامی پێویستە چی بکەن؟

ڕووئین تەن: هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ هەماهەنگی زیاتر لە بەرنامەی کاریی خۆیاندا جێبکەنەوە. هەروەها هەر چەشنە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی هێزەکان، دەتوانێ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ بکاتەوە، هەروەها بەردەوامی لە سەر شۆڕش و پشتیوانیی شۆڕش کە ئێستا بە ناوی ڕاسان ناوی دەرکردووە، دەبێتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی زیاتر بشڵەژێ و ئامانجەکانی ڕاسان کە لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شارە، بەدیدێت و ئەوکات دەتوانین بڵێین تیرۆری کۆماری ئیسلامی نامێنێ.

رۆژی کورد: ئەگەر بابەتێکتان سەبارەت بەو مژارە هەیە کە لە پرسیارەکاندا ئاماژەی بۆ نەکراوە بفەرموون

ڕووئین تەن: من لە کۆتاییدا دەمهەوێ بە کورتی باس لە سیاسەتی تیرۆر لە کۆماری ئیسلامی دا بۆ وەرگرتنی خاڵی زیاتر لە دانوستاندنەکان کە لە ساڵانی دواییدا زۆرتر بووە ئاماژە پێبکەم کە لە تیرۆر وەک چەکێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گڵاوەکانی کەڵکی لێوەردەگرێت و هەروەها بۆ ئەو چەندەش سنوور ناناسێت ئەگەر بە چاوێکی شیکارییەوە سەیری تیرۆرەکانی جیهان لەو دواییەدا کە بەدەستی داعش یان گرووپی تر دەکرێن بکەین بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیدا تەواو ، هەر بۆیەش زیاتر لە کورد دەبێ کۆمەڵگای جیهانی پێشی بەو ڕەوتە بگرێت ئەگەر نا دۆخی جیهان بەرەو خرابتر دەڕوات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت