ئەرکی هەنووکەییمان کوژاندنەوەی بڵێسەکانی ئاگرە

0
763
مەجید حەقی

رۆژی 16.10.2017 لە مێژووی کوردستاندا وەک رۆژی شکانی شکۆی نەتەوایەتی و مرۆڤیی خەڵکی کوردستان لە بیر نەکراو دەمێنێتەوە. رۆژێک کە بەشێکی زۆر لە دەستکەوتەکانی دەیانساڵەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا لە دەست چوون و کورد لە رووی جوغرافیەوە گەڕایەوە سەر خاڵی ساڵی 2003 و سنووری زوونی سەوز. رۆژێک کە غرووری پێشمەرگایەتی سووکایەتی پێکراو و هەستی هەموو کوردێک برینێکی قووڵی تێکەوت.

هەر لە رۆژی دوای رێفراندۆمی مێژوویی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، نەیارانی کوردستان بەتایبەت سێ دەوڵەتی داگیرکەری نشتیمانی کوردان کەوتنە پیلانگێران و زەختخستن بۆ سەر کوردستان و بە هۆی بەرژەوەندیخوازی وڵاتانی “دۆستی کورد”یش ئەوان نەتەنیا پشتیوانیان لە مافی دیموکراتیکی خەڵکی کوردستان نەکرد، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا بوونە تەماشاچی شانۆی پاراستنی “یەکیەتی و سەروەری خاکی عێراق”. عێراقێک کە بە کردەوە لەساڵی 1991ەوە هەڵوەشاوە و تەنیا ناوێکە لەسەر کاغەز. وڵاتانی رۆژاوا بەهۆی ی بەرژەوەندیەکانیان، ئەوەی بەلای خۆیانەوە “وێنەی گەورە”یە دەبینن و لەو وێنە گەورەیەدا کورد لەوانەیە جێگایەکی بچووکی هەبێت و لە کاتی پێویستدا وەک داشەهارە “قارەمان” بەکاری ببەن. بەڵام لەبەرامبەر هەڵبژاردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە گەڵ وڵاتانی سەرەرۆی ناوچە و پاراستنی “سەقامگیری ئورووپا” کە بۆخۆی بەدەست چەندین پرسی نەتەوایەتی وەک سکۆتلاند، کاتالۆنیا، رۆژهەڵاتی ئوکراین، باسک و زۆر ناوچەی دیکە دەناڵێت نایهەوی بە پشتیوانی کردن لە “مافی دیاری کردنی چارەنووسی گەلان بەدەستی خۆی” بەرژەوەندیەکانی خۆی لەمەترسی بخات. بەقەوڵی برێت مەکگۆر پرسەکە تەنیا پێوەندی بە مافی دێموکراتیکەوە نیە پرسەکە پێوەندی بە “کێشەی گەورەترە”ەوە هەیە.

لە داڕشتنی پلانی رزگارکردنی مووسڵ و حەویجەوە لە دەست تیرۆریستانی داعش دیار بوو کە دەوڵەتی ناوەندی بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران و لەوانەیە هاوپەیمانانیش پیلانی ئەوەیان هەبووە، کە دوای کۆتایی هاتن بە کێشەی داعش حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە رووی سیستەم و پلۆرالیزمی سیاسی و گەشەی ئابووریەوە ببووە وێنایەکی مەترسیدار لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیەکی ئایینی و تایفی، هێرش بکەنە سەر کوردستان و رێگای هیلالی شیعە بۆ سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئیسرائیل خۆش بکەن. ستراتێژی “رێگای قودس لە کەربەلاوە تێپەر دەبێت”، پێویستی بە بەرفراوانترکردن و قووڵتر کردنەوە هەیە.

رێفراندۆم بیانوویەکی “شەرعی” و ناونەتەوەیی بەدەستی حکوومەتی ناوەندیدا کە پلانی خۆی زووتر و خێراتر جێبەجێ بکات و لە کێشەکانی ناوخۆیی کوردەکان بەباشترین شێوە کەلک وەرگرێت. وێرای نابەرامبەری هێزەکانی حکوومەتی عێراق – بە حەشدی شەعبی، سوپای عێراق و پشتیوانیەکانی سوپاسی پاسداران – و پێشمەرگەکان ئەوەی کە خاڵی کوێری کوردستان بوو؛ بوونی دووبەرەکی و قەیرانی بڕوا لە نێوان رێبەری سیاسی و هێزەکانی چەکداری – سیاسی کوردستان بوو. دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەرپرسایەتیە دەبی قەبووڵ بکات کە لە نەبوونی سوپای نشتیمانیدا، هێزی چەکداری هەمیشە دەتوانێت ببێتە کەرەسەی بەرژەوەندیە حیزبی و تاکەکەسیەکان و ئەوەی چارەنووسی نەتەوەیەک لە چرکەساتێکدا بەدەیانساڵ دواوە ببات.

ئەوەی بەسەر باشووری کوردستاندا هاتووە وەک ئاورگرتنی ئاپارتمانێک دەچێت کە پێنج ملیۆن مرۆڤ تێدا دەژین و بە هۆی نەبوونی هاوئاهەنگی و رێبەری و رینوێنیەکی یەکگرتوو و ستاندارد، هەرکەس بۆخۆی لە هەوڵی خۆ دەربازکردن و شان خاڵی کردن لە بەرپرسایەتیدایە. خانوویەک کە ئاوری تێکەوتبێت هەموو دانیشتوانی خانووەکە چ ئەوانەی کە هۆکاری ئاورتێبەربوونن و چ ئەوانەی بەرپرسایەتیەکیان نەبووە لە ئاورکردنەوەکەدا دەسووتێن. بۆیە ئەمرۆ لە هەلومەرجێکدا کە هێرشی حەشدی شەعبی – بخوێنە ناسیۆنالیزمی داپلۆسێنەری عەرەبی و شیعەی فارسی – یەکگرتووانە و بە شێوەیەکی بەربڵاو قووڵی بۆ داگیرکردن و وێرانکردنی کوردستانی ماڵیوە، ئەرکی سەرەکی ئێمە کوژاندنەوەی ئاورەکە و رزگار بوون لەو ئاورەیە. دوای کوژاندنەوە و دوور خستنەوەی مەترسی ئاورەکە کاتی ئەوە دەبێت لە هۆیەکانی ئاورتێبەربوونەکە بکۆلدرێتەوە و بەرپرسانی ئەو ئاور تێبەربوونە لە وەڵامدەر بمێننەوە.

لە هەلومەرجێکدا کە نەتەوەی کورد لە شۆک و تراومای رووخانی شکۆی نەتەوایەتی دوای ریفراندۆمدا دەژی، بەرپرسایەتی ئێمە ئەوەیە بە جیاتی بوون بە دادوەر ببین بە نۆژدار و پەرەستار. ئەرکی ئەخڵاقی ئێمە لە هەلومەرجێکدا کە بوون و نەبوونی نەتەوایەتیمان لە مەترسیدایە بوون یەکبوون و گرێبەستێکی خێرای کۆمەڵایەتی و رۆحیە بۆ ئەوەی پێکەوە ئەو قەیرانە تێپەرکەین و دوای تێپەربوون لە قەیرانەکە بێگومان کاتی حیساب وەرگرتن لە قەیران خوڵقێنەکانیش دێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.