ئەردۆغان نامەکەی ترامپی خستتووەتە زبڵدانەوە

0
733

ڕۆژی کورد :
بە پێی سەرچاوە نزیکەکان لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە و ناوەندە هەواڵنێرییەکانی دەرەوەی تورکیە دوابەدوای ناردنی نامەیەک لە لایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە ڕاگرتنی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە بە توندی تووڕە بووە و نامەکەی خستووەتە زبڵدانەوە.

بە پێی سەرچاوەکانی ناوەندە هەواڵنێرییەکانی سی.ئێن.ئێن و ئێن.بی.سی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٩ی ئۆکتۆبر هاوکات لە گەڵ دەسپێکردنی هێرشەکانی سۆپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری وڵاتی سووریە، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا نامەیەکی سەرئاوەڵای بەرانبەر بە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە ئاراستە کردووە و داوای ڕاگرتنی بڕیارەکانی هێرش بۆ سەر سووریای لە ئەردۆغان کردووە و ڕاستەوخۆ پێی ڕاگەیاندووە کە گەمژە نەبێت و ئامۆژژگارییەکانی ئەوان لە گوێ بگرێت و لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دانووستان پێک بهێنێت.
سەرۆک کۆماری ئامریکا لە دەقی نامەکەی دا کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبر بڵاو کرایەوە داوای لە ئەردۆغان کردووە بۆ پێکهاتن لە گەڵ هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرماندەیی ژەنەڕاڵ مەزڵووم کۆبانی و ئاماژەی بە نامەی داواکاری ناوبڕاو کردووە بۆ دانووستان و پێکهاتن لە گەڵ ئەردۆغان و دەڵێت بۆ ئەوەی ناوی چاکە لە خۆت بە جێ بهێڵیت تکایە چالاکی هەڵە مەکە و پاشگەز ببەوە لە بڕیارەکانت ئەگینا ناوت بە خراپە دەرئەچێت لە هەموو دونیادا و کەس دانی خێرت پێدا ناهێنێت.
ترامپ وەکوو وێنەیەک لە پێکهاتنی باش ڕوو لە ئەردۆغان دەڵێت : وەکوو وێنەیەکی بچووکی ئەو پێکهاتنانە پێشهاتەی قەشە برانسۆن وە بیرت دەهێنمەوە. لە کۆتایی دا ترامپ بەڵێن ئەدات و ئەڵێت دواتر بە تەلەفوون پێوەندییت پێوە دەگرم. بەڵام بە پێی سەرچاوەکان لە نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیاوە بوونی ئەم نامە لە لایەن ئەردۆغان ڕەتکراوەتەوە و حاشای لێکردووە. دوابەدوای پاشەکشێی هێزەکانی ئامریکا لە لایەن ترامپەوە ناوبراو کەوتووەتە بەر ڕەخنەی توندی دژبەران و تەنانەت دەور و بەری خۆی و زۆرێک لە کارناسان لە سەر ئەو بڕوایەن کە ئەم هەنگاوەی ئامریکا وەکوو چرای سەوزێک بووە بۆ تورکیە بۆ دەسپێکردنی چالاکییە سەربازییەکانی دژی هێزە چەکدارەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ئۆکتۆبر هەر کام لە مایک پێنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا و مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا بە مەبەستی دیدار و وتووێژ سەبارەت بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە، لە گەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە گەیشتنە ئانکارا و بڕیار وابوو ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی مانگ چاوپێکەوتن و دیدار لە گەڵ ئەردۆغان پێک بهێنن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.