ئێران و سێدارە، دوو گراوی لێک دانەبڕاون کە پێویستە بوەستێنرێن

0
909
عەبدوڕەحمان ڕەسووڵ

بەردەوام بوونی جێبەجێ کردنی یاسای لەسێدارەدان، کارێکی  دڕندانەو هۆڤانەیە کە لە هەناوی داکۆکیکاران و پارێزەرانی بیروبڕوای کۆنەپەرست و دواکەوتوو و دژەمرۆڤی سەرچاوەی گرتووە. هەرجۆرە پشتیوانیکردنێک لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ناڕەوایە و بەپێچەوانەی بەند وبڕیار و یاساکانی جاڕنامەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتانی یەکێتیی ئوروپایە، بەڵام ئەو دەوڵەتە پێشکەوتووانە زۆر لەئاست دژایەتی کردنی جێبەجێکردنی یاساکانی لەسێدارەدان لە دەوڵەتانی وەک کۆماری فاشیزمیی ئیسلامیی ئێران دا کەمتەرخەمن کە ساڵانە ڕێژەی لەسێدارەدان لەو وڵاتە لەزیاد بوونە. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ڕوو ڕێژەی لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و ژنان لە ڕیزی یەکەم دایە.

 ئەم بێدەنگیەی دەوڵەتانی سەرمایەدار، ئەوە دەردەخات کە تەنیا پاراستنی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریەکانیان بەلاوە گرنگ و بەنرخە نەک پاراستنی مافە و ئازادیەکانی مرۆڤەکان، هەر بۆیەشە دەوڵەتانی سەرمایەدار گەشە بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ڕژێمی فاشیزمیی ئیسلامیی ئێران دەدەن ئەویش لە کاتێکدا کەدەزانن چ جۆرە ڕژیمێکی سەرکوتکەر و تیرۆریستە لەجیهاندا.

 ئەمڕۆ ٧١ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەواجقازی محەمەد و ھاوڕێکانی تێپەڕدەبێت. لەسێدارەدانی “قازی محەمەد لەلایەن رژیمی پاشایەتیی گۆڕبەگۆڕیئەوکاتی ئێران، کە لە بەرەبەیانیی (٣١)ی ئازاری ١٩٤٧دا لەگەڵ ھاوڕێکانی واتا سەدر و سەیفی قازی لە گۆرەپانی چوارچرای شاری مھاباد لەسێدارە دران.

پێشەوا قازی محەمەد، یەکێک بوو لە تێکۆشەران و ڕێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد کە زۆر دڵسۆزانە هەنگاوی نا بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان. ئەو کۆمارەی کە دایمەزراند ئەگەرچی تەمەنی کەم بوو بەڵام دەسکەوت و بەرهەمی زۆر گرنگ و پڕبەیاخی لەبواری گەشەدان بە هەستی نەتەوەیی و خوێندن و پەروەردە و کشتوکاڵ و سەرجەم بووارەکانی تردا هەبوو.

یاساکانی لەسێدارەدان لەدوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ئیسلامیەکان، هەر بەردەوامە. سەرکوت و سەرەڕۆیی و بەندکردن و لەسێدارەدان لە ئێستاشدا هەر درێژەی هەیە. سەدان کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری فاشیزمی ئیسلامیدا چاوەڕوانی جێبەجێ کردنی یاسای دژەمرۆڤیی لەسێدارەدانن.

پێویستە ئەو یادە هاندەربێت بۆ گەشەدان بۆ وەستانەوەی خەباتی یەکگرتوانەی هاوبەشی خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەری  ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی جێبەجێ کردنی یاساکانی لەسێدارەدان لەئێراندا.

تێکۆشان بۆ نەهێشتنی یاساکانی لەسێدارەدان ئەرکێکی پیرۆزی مرۆڤایەتیە لەجیهاندا بەگشتی و لە ئێران دا بەتایبەتی.  بۆیە پێویستە بەردەوام کار و چالاکیی جۆراوجۆر و گوشار و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جۆراوجۆر بۆ نەمانی یاساکانی لەسێدارەدان بخرێتە گەڕ. هەر کەمتەرخەمیەک و پشت گوێ خستنێک لەو بوارەوە، نیشانەی هەبوونی فکر و بیروبروای دژە مرۆڤایەتیە، ئەمەش لەبەر ئەوەی مرۆڤ زۆر بە بەها و بەنرخە و ناکرێت لەژێر هەر بیانویەکدا بێت ژیانی لێ بستێندرێتەوە، بۆیە دەڵێم ‘نا بۆ لەسێدارەدان وچەوسانەوە، بەڵێ بۆژیان وئازادی بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی”، وێڕای هەبوونی کەلتور و داب و نەریت و هزر و بیروبڕوا و ئایین و نەتەوە و نەژاد و ڕەگەزی جیاواز…..

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.