ئێران خوازیاری هەناردەکردنی ڕۆژانە بڕی ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە

0
995

ڕۆژی کورد :
ناوەندی هەواڵنێری رۆیتێرز بە پێی وتەی بەرپرسێکی ئێرانی نووسیویەتی کە وڵاتەکەی هیواخوازە بتوانێت ڕوژانە لانیکەم بڕی ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی نەپاڵوێراو هەناردە بکات. ئەم پێشنیارە لە گەڵ دژایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەرەوڕوو بووەتەوە.

ڕژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە بەرانبەر هەناردەکردنی کەمترین ڕێژەی هەناردەیی نەوت و سووتەمەنی پابەندبوونی خۆی بە پەیمانی ناوەکی بەرجام ڕابگرێت. دیپلۆماتێکی پلەبەرزی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ئاگۆست بە ناوەندی هەواڵنێری ڕویتێرزی ڕاگەیاندووە : ئێمە هیواخوازین بتوانین ڕۆژانە لانیکەم بڕی ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت و سووتەمەنی بفرۆشین و داهاتەکەی بە شێوازی نەختینە وەربگرین. بە پێی وتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، ئەم هەنگاوە ئەتوانێت وەکوو جووڵەیەکی ئاشتیخوازانە بەدی بکرێت و دۆخێکی گونجاو بۆ وتووێژەکانی داهاتوو دابین بکات.
ناوەندی هەواڵنێری سی بی اس (CBS) بە پێی وتەی دیپلۆماتێکی ئەوروپایی باسی کردووە کە سەرۆکانی گرووپی حەوت لە کۆبوونەوەی سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە لە گەڵ سەرۆک ترامپ نەیانتوانیووە ڕای بەڕێزیان بە پێدانی ئاسانکاری یان پاشەکشێ سەبارەت بە بایکۆتەکانی ئێران بگۆڕن. هاوکات ئێران ئامادەیە لە پێناو دابینکردنی باری ئەمنی لە کەنداوی فارس و کەمکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو هەوڵێکی خۆی وەگڕ بخات.
دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران جارێکی دیکە جەختیان لە سەر ئەوە کردووە کە ئامادە نین لە سەر بەرنامەی مووشەکی وڵاتەکەیان وتووێژ بکەن. هەروەها ئەوان چالاکی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستێکی بەرتەسک و سنووردار دا و لە چوارچێوەی پەیمانی بەرجام بە مافی ڕەوای وڵاتەکەی خۆیان دەزانن. کەمترین ڕێژەیەک کە ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت و سووتەمەنی خۆی داوایکردووە، لە بارستایی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە زۆر کەمترە. بۆ وێنە ئێران تەنیا لە مانگی مایسی ڕابردوو ٢٠١٨دا دەوروبەری دوو ملوێن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە کە بۆ بازاڕە جیهانییەکان هەناردەی کردبوو.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ئاگۆست لە دواهەمین کۆبوونەوەی گرووپی حەوت (G7) لە شاری بیارێتز لە وڵاتی فەرانسە ئامادە بوو و سەبارەت بە بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای وڵاتەکەی لە گەڵ سەرۆکانی حەوت وڵاتی گرووپی جی ٧ وتووێژی پێک هێنا. باس لەوە دەکرێت کە بانگهێشتی زەریف بۆ کۆبوونەوەکان تەنیا ماوەیەکی کورت پێش دەسپێکی کۆبوونەوەکە بە سەرۆکانی وڵاتان ڕاگەیەندرابوو هەر بۆیە بوو بە هۆی سەرسووڕمان و حەپەساوی ئەوان هەرچەن دواتر ئەوەیان بە پێکهێنەر و دڵخۆشکەر هەڵسەنگاند.
ئەندامانی گرووپی حەوت، بێجگە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە تێکڕا خوازیاری پاراستن و ڕاگرتنی پەیمانی ناوەکی بەرجامن و هەموو چەشنە هەوڵ ئەدەن بە پێچەوانەی هەنگاوە بایکۆتەکانی ئامریکا، رێگاچارەیەک بۆ گرێ پووچکەی بەردەست بدۆزنەوە. هاوکات ئێران گلەیی ئەوە دەکات کە سێ وڵاتی ئەورووپایی بۆ دەربازکردنی بەرجام هەوڵ و تێکۆشانی پێویست نادەن. بە وتەی ئانگلا مێرکڵ، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان، ئەم وڵاتانە لە لایەک پێکەوە هاوڕان لە سەر ئەوەی کە ئێران دەستی بە چەکی ناوەکی ڕانەگات و لە لایەکی دیکەش خوازیاری ئەوەن کە کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەردەست کەم ببێتەوە. خاتوو مێرکڵ جەختی لە سەر ئەوە کرد کە بانگهێشتی زەریف هەنگاوێک لە لایەن گرووپی حەوت نەبووە و باسی ئەوەی کرد کە پێویستە کەڵک لە هەموو هەلەکان وەربگیردرێت. ئامانجی سەرەکی سێ وڵاتی : ئالمان، بریتانیا و فەرانسە ئەوەیە کە بە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک لە گوشاری بایکۆتەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کەم بکەنەوە و تا ئەو جێگای دەکرێت یارمەتی باری ئابووری ئێران بدرێت.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئاگاداری ئامادەبوونی زەریف لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت نەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دژایەتییەکی نەکردووە. زەریف لە گەڵ شاندی نوێنەرایەتیی ئامریکا لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوت هیچ پێوەندییەکی نەگرتووە. لە هەمان کاتیشدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە کە ئامریکا ئامادە نیە لە زۆرترین گوشارەکان بۆ سەر ئێران کەم بکاتەوە یان لە هەنگاوەکانی بایکۆتی خۆی دژی کۆماری ئیسلامی پێداچوونەوە بکاتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.