ئیسڕائیل خۆی بۆ هێرش بۆسەر ئێران لە ڕێگای خاکی سووریەوە ئامادە دەکات.

0
932

ڕاگەیاندنەکانی ئیسڕائیل بەبڵاوکردنەوەی وێنە ماهوارەییەکان ڕایانگەیاند کە ئیسڕائیل لە حاڵی خۆئامادەکردندایە بۆ بەرنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئێران لە خاکی سووریەوە.

ڕۆژی کورد: کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئیسڕائیلی وەک Ynet, ڕۆژی سێشەممە بەرامبەر بە ۲٨ی خاکەلێوە، بەبڵاوکردنەوەی هێندێک گرتەی ماهوارەیی ئەوەیان نیشان داوە کە هێزەکانی ئێرانی لە خاکی سووریە خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ هێرش کردنە سەر خاکی ئیسڕائیل لەو وڵاتەوە، لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ بەرپەرچ دانەوەی هەر جۆرە هێرشێکی ئێران لە خاکی سووریەوە.

ئیسڕائیل بە هیچ شێوەیەک باس لەوەی ناکات کە ئایا هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو کاری ئەوان بووە یانژی نە، بەڵام بۆ هێرشی سەر بنکەیی T4 بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئەستۆیی گرتووە. ئێران هەروەتر بنکەی خۆی لە سووریە پتەوتر دەکات و ئیسڕائیل زیاتر هاندەدات بۆ هێرش کردنە سەر سووریە.

ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە، ئاوگیدۆر لیبێرمەن وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ڕۆژی ۱۶ی ئاڤریل گوتی، ئیسڕائیل ئەو ئیجازەیە بە ڕووسیە نادات کە هێژموونی خۆی لەمەڕ هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆسەر سووریە بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت.

ئاوگیدۆر لیبێرمەن وەزیری بەرگری ئیسڕائیل پێشتریش واتا ڕۆژی ۱۰ی ئاڤریل بەرامبەر بە ۲۱ی خاکەلێوە لەنێو پەیامنێراندا گوتی: بەهەر تێچووێک بێت ئێمە ئیزنی ئەوە نادەین کە ئێران لە سووریەدا بنکە و بارەگای خۆی پتەوبکات.

هەروەتر هەڕەشەیی ئەوەشی کرد کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەنادەن کە غەزە ببێتە بنکەیەک بۆ ئێران.

هەرلە درێژەی قسەکانێدا گوتی کە ستڕاتێژی ئەوان ئەوەیە کە ناوچەیەکی مەدەنی واتا غەیری سەربازی و گۆرینەوەی بەندییەکانە لەگەڵ ڕێکخراویی حەماس.

هەر لەهەمانکاتدا، گیلاد ئەردان، وەزیری تەناهیی نێوخۆیی ئیسڕائیل، ڕۆژی یەکشەممە ۱۵ی ئاڤریل بەرامبەر بە ۲٦ی خاکەلێوەی ۱۳۹۷ لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆ ئەرتەشیی ئیسڕائیل گوتی: پتەوبوونی بنکەکانی ئێران لە سووریە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئیسڕائیل.

نەفتالی بێنت، وەزیری پەروەردەی ئێسرائیلیش پێداگری کرد لەسەر ئازادیی هەرشێوەیەک لە پەچەکردار لەبەرامبەر هەرجۆرە هێرشێک بۆسەر وڵاتەکەیان واتا ئیسڕائیل و گوتی: ئێمە ئەو ئیزنە بە ئێران نادەین کە بۆ هەمیشە لە سووریەدا بمێنێتەوە و ئیسڕائیل ناتوانێت ئیزنی ئەوەبدات کە سنوورەکانی باکووریی ئەو وڵاتە ببێتە شوێنی یاریکردنی دەوڵەتی ئەسەد.

لەلایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئیسڕائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی ۱۳ی ئاڤریل بڵاویکردوە ڕایگەیاند، دوایی لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانیە بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو فڕۆکە ئێرانییە هەڵگری تەقەمەنی بووە و ئامانجی هێرشکردن بووە بۆسەر ئاخی سووریە. لە ئێستادا ئیسڕائیل نیگەرانی دووبارە بوونەوەی ئەو شێوە هێرشانەیە لەلایەن ئێرانەوە.

ئیسڕائیل دوایی دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی وڵاتی سووریە هێڵە سوورەکانی خۆی دیاری کرد و ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەک ئێجازەیی ئەوە نادات کە لە سووریەوە چەک و چۆڵی پێشکەوتوو بگاتە دەست حیزبوڵایی لووبنانی، هەر لەو کاتەوەش ڕاگەیاندنەکان چەندین هێرشی ئاسمانی کە کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی سووریە خستوویانەتە ئەستۆیی دەوڵەتی ئیسڕائیل. هەروەها ساڵی پێش هێڵێکی سووری دیکەشی ڕاگەیاند، ئەویش ئەوە بوو کە ڕێگە بەوە نادەن کە ئێران بنکەکانی خۆی لەسووریەدا پتەوبکات.

ئاڵووگۆڕگەلێکی دیکەش هەیە کە دەبێ ئاماژەیان پێبکرێت وەک هێرشەکانی یەکشەممەی ڕابردوو: هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی ئەسەد بۆسەر دژبەرانی، پتەوبوونی پێگەیی ئێران و ڕووسیە لە سووریەدا، چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە خاکی سووریە بە وتەی تڕامپ، هێرشەکانی ئێسڕائیل ئەگەر بەڕاستی بکرێتە سەر ئەو وڵاتە ئەوە دەبێ بە جیدیی لێکۆڵینەوەی لێبکرێت.

ڕێمۆند تانتێر، ئیوان ساسچاشیهان، لە بابەتێکدا کە ڕۆیتێرز بڵاوی کردبووەوە و ناوەندی ڕۆژی کورد وەریگێڕاوەتەوە بۆسەر فارسی ، پێشبینی شەڕی ئێران و ئیسرائیلیان لە ساڵی ۲۰۱۹دا کردووە و نووسیویانە، ئەگەر ئێران کەڵک لە چەکدارانی شێعەیی ئێراقی، پاکستانی، ئەفعانستانی و هەروەها هێزەکانی خۆی وەربگرێت بۆشەڕ دژی ئیسڕائیل، ئەوە بەدڵنیاییەوە ساڵی ۲۰۱۹ ئەو شەڕە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕوودەدات. چاولێکەن کە ئێران چۆن درێژە بە شەڕی سووریە و ئێراق دەدات و لەهەمانکاتیشدا دەیان گرووپی دیکەی شێعە درووست دەکات.شێوە نیزامییەکانی ئەفغانی پازدە تا بیست هەزار کەس، پاکستان پێنج تا دە هەزار کەس، سپایی پاسداران هەشت هەزار تا دە هەزار کەس، ئەمانە هەموویی ساڵی ۲۰۱٦ درووستکران.

ئەگەر تاران بە کەڵک وەرگرتن لە شێوە نیزامییەکانی خۆی و هەروەها هێزەکانی سەرکووتکەری دیکە و لەهەمانکاتیشدا سپایی پاسداران هێرشەکانی خۆی بۆسەر ئیسڕائیل درێژە بدات ئەوە بەدڵنیاییەوە ساڵی ۲۰۱۹ شەڕی ئێران و ئیسڕائیل ڕوودەدات.

ئێمە لە مانگی ژانوییەدا پرسیمان ئایا لە ساڵی ۲۰۱٨دا لە ئێران شۆرشێک ڕوودەدات؟  بەڵام ئێستا دەپرسین ئایا ساڵی ۲۰۱۹ شەڕی ئێران و ئیسڕائیل ڕوودەدات؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.