ئه‌ندامێكی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌

0
4319

ڕۆژی كورد: ئه‌ندامێكی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستان ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌، قادر وریا له‌ ڕێگه‌ی لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌سمیی خۆی له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ وازی له‌ ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات هێناوه‌ و ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یه‌نادووه‌، ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حدك به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

دەست لە کارکێشانەوەم لە ئەندامەتیی ڕێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان
بۆ ئاگاداریی :
– دەفتەری سیاسی و
– کۆمیتەی ناوەندی و
– هەموو تێکۆشەران و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
– بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان! و
دۆستان و دڵسۆزانی خۆم و حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی ئەم حیزبە!
وەک بەشدارییەک لە هەوڵەکانی ئاسایی کردنەوەی دۆخێک کە بە بە دوای دوا وتووێژی بەڕیز کاک خالید عەزیزی لە تەلەڤیزیۆنی ڕووداو و وەدەنگهاتنی من لەو بێنەزمییەی ناوبراو(بە ئاگاداری و موافقەتی دەفتەری سیاسی)، تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستانی داگرتوە، تەنیا کارێکی کە لە دەست من دێ ،و دەتوانێ دامرکێنەرەوەی ئەو هێرشە سازماندراوە پڕ لە سووکایەتییەی لایەنگرانی کاک خالید بەرامبەر من بێ، یەک لایەنە ئیستیعفای خۆم لە ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕادەگەیەنم. دیارە کەم کەس لە نێو تێکۆشەرانی حیزب هەیە کە نەزانێ بوون و مانەوەم لە ڕێبەریی ئەم حیزبە بە پێچەوانەی ویستی خۆم و لە سەر پێداگریی کۆنگرەکانی حیزب و بە تایبەتی سکرتێری گشتیی پێشوو بەڕیز کاک خالید عەزیزی بووە. بوون و مانەوەی من لە ڕێبەریی ئەو حیزبە دا نە لەبەر هۆگرییم بە پۆست و مەقام و خۆشەویستیی کورسی و دەسەڵاتی حیزبی، یا ئیمتیاز و پاداشی ماددی، بەڵکوو تەنیا ڕێزگرتنێک بووە لە داوای دڵسۆزانەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەوەجترین تێکۆشەرانی ئەم حیزبە، هەوڵیشم داوە لە خزمەتکردنی خۆبەخشانەی خۆم دا هیچ سنوورێک نەناسم. ئێستا کە لە نێو حیزبەکەی خۆمان دا، ڕێگای بەرگری لە مێژوو و ڕێبازی شۆڕشگێرانە و سیاسەتی پەسەندکراو و دروستی ئەو حیزبەم نیە و بەم بۆنەیەوە دەکەومە بەر دزێوترین بوختان و سووکایەتییەکان و ڕێبەڕیی حیزبییش بە داخەوە پێشی پێ ناگیرێ، هەم بۆ خۆم و هەم بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان وای بە باش دەزانم، دەست لە ئەندامەتیی رێبەریی حیزب بکێشمەوە.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا، بە ناوی داکۆکی لە بەڕێز عەزیزی، جگە لە سووکایەتی جۆراوجۆر، بە زۆر شت تاوانبار کرام. کاک خالید ئەگەر ویژدانی خۆی نەنێتە ژێر پێ، گونجاوترین کەسە بۆ شایەدی دان لە سەر ناڕەوا و بێ بنەما بوونی هەموو ئەو جۆرە بوختان و هێرشانە لە بارەی منەوە. بەڵام ئەگەر هەر شایەدی نەدا ، ناچارم لە داهاتوویەکی نزیک دا بە بەڵگە و دەلیلەوە، زۆر لە ڕاستییەکان ڕوون دەکەمەوە .
هەر لێرەشەوە وەک برا بچووک و موخلیسی یەک یەکی سەرجەم تێکۆشەران ، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان داوایان لێ دەکەم خۆ لە هەر دژکردەوە و دەربڕینێک کە کێشە و ئاڵۆزییەکی تەنانەت زۆر بچووکیش بخولقێنێ، بپارێزن. ئەوەی بە ناوی دڵسۆزی بۆ من شتێکی نەشیاو بڵێ و بنووسێ، یا هێرش بکاتە سەر کەسایەتییەکانی ئەم حیزبە، پێش هەموو کەس سووکایەتیی بە خۆم کردوە. حەق وایە هەڵسوکەوتی دڵسۆزان‌و لایەنگرانی هەر کەس و کەسایەتییەک ئاوێنەیەک بێ بۆ نواندنی ئەو سیما و کەسایەتییەی خۆشیان دەوێ.
هیوام سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و سەرکەوتنی یەک بە یەکی ئێوەی بەڕێز لە خزمەتی ئەم حیزبە و بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان دایە.
لە گەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ دەیان ساڵ هاوڕێێەتی و هاوخەباتی و لێ فێربوونتان و ، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لە گەڵ گیانی شەهیدان و نەمرانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەم.
قادر وریا
١٨/٥/٢٠١٧

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت