ئانکارا هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە چەکی شیمیایی ڕەتدەکاتەوە

0
624

ڕۆژی کورد :
دوابەدوای بانگەشەی چەن سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەمبەر بە کار هێنانی سۆپای تورکیە لە چەکی شیمیایی قەدەغەکراو لە هێرش بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی کورد، وەزارەتی بەرگری تورکیە کاردانەوەی بەرانبەر ئەم ڕاپۆرتانە نیشان دا و وتیشی دەوڵەتی تورکیە هیچ کات چەکی شیمیایی بە کار نەهێناوە.

وەزیری بەرگری تورکیە، “خۆلووسی ئاکار” ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبر لە دیدار لە گەڵ “ڕابرت ئۆبراین” ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، هاوکات لە گەڵ ڕەتکردنەوەی هەواڵی هێرشی شیمیایی بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە، باسی ئەوەی کرد سۆپای تورکیە هیچ کات چەکی شیمیایی و قەدەغەکراو یان شتێکی لەو چەشنەی نەبووە و بە کاری نەهێناوە و هەمووان ئاگاداری ئەوەن. سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی پێنج ڕۆژە لە شەوی ڕابردوو لە نێوان تورکیە و جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا، سەرچاوە نزیکەکان بە هێزە چەکدارەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناسراو بە “هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریە” بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە هێزە سەربازییەکانی تورکیە لە درێژەی هێرشەکانی خۆیان بۆ سەر ناوچە ئاوەدان و شوێنە نیشتەجێبوونەکانی “ڕەئسۆل عەین” چەکی شیمیایی و مادەی قەدەغەکراوی فۆسفۆڕیان بە کار هێناوە.
دەوڵەتی ئانکارا چالاکی سەربازی خۆی لە باکووری سووریە لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی “سەرچاوەی ئاشتی” و بە مەبەستی بەربەرەکانێ لە گەڵ هێزە چەکدارەکانی کورد و پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام بۆ جێگرکردنی پەنابەر و ئاوارە سووریەکان لە حەوتووی ڕابردوو لەو ناوچەیە دەستپێکردووە. هاوکات دەوڵەتی سووریە ئەم هێرشە سەربازییانەی بۆ سەر بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی بە توندی ئیدانە کردووە و ڕەخنەی توندی لێ گرتووە و ئەمەی وەکوو داگیرکەرییەکی نوێ ناوبردووە. هەر دوو دەوڵەتانی ئێران و ڕووسیە لە سەر پیشهاتەکانی ئەم چالاکییانەی تورکیە لەو ناوچانە هۆشدارییان داوە بە دەوڵەتی تورکیە بە تایبەت ئەوەی کە ئەم هێرشانە ئەبێتە هۆی لەناو چوون و خستنە ژێر سێبەری پڕۆسەی ڕێگاچارەی سیاسی ئەدلەب.
سەەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی ئاگربەستی شەوی ڕابردوو لە لایەن ناوەندە فەرمییەکان و دەوڵەتی تورکیاوە، هێرشەکان بۆ سەر چەن ناوچەیەکی سنووری لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ وێنە ناوچەکانی زیرگانی سەر بە سەرێ کانی بەردەوامە و بە پێی وتەی هێزەکانی سووریای دێمۆکراتیک فڕۆکە شەڕەکەرەکانی تورکیە پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی مانگ ئەو ناوچانەیان بۆردوومانکردووە و دەرۆەنجامی ئەو هێرشانە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.