ئامریکا هێزە سەربازییەکانی خۆی لە پێنج بنکەی سەربازی لە ئەفغانستان دەباتە دەرەوە

0
651

ڕۆژی کورد :
خەلیل زاد، نوێنەری ئامریکا لە کاروباری ئاشتی ئەفغانستان سەبارەت بە ڕێکەوتنی نوێ لە گەڵ تاڵیبان دا دەڵێت : بردنەدەرەوەی پێنج هەزار سەربازی ئامریکایی لە پێنج بنکەی سەربازی لە ئەفغانستان دوورنواڕی کراوە. بە پێی ئەمدڕێکەوتننامە پێویستە گرژی و ئاڵۆزییەکانی تالیبان لە ناوچەکانی پەروان و کابۆل بەرتەسک ببێتەوە. لە لایەکی دیکەوە لە وەها باروودۆخێک دا کە باس لە ڕێکەوتنی سەرەتایی لە نێوان نوێنەرانی ئامریکا و تاڵیبان دەکرێت باسی ئەوە دەکرێت کە شاری کابۆل پێتەختی وڵاتی ئەفغانستان جارێکی دیکە بووەنە ئاماجی هێرشێکی مەترسیدار و تاقەت پڕووکێن. بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی حەشاردراو لە ناو تەراکتۆرێک لە ناوچەی ” گۆندی سەوز” لە نزیکی کابۆل لانیکەم ١٦ کەی کوژراو و ١١٩ کەس بریندار بوون.

زاڵمای خەلیل زاد، نوێنەری ئامریکا لە کاروباری ئاشتی ئەفغانستان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ئەیلوول لە وتووێژێک لە گەڵ ناوەندی هەواڵنێری “تۆلووع نیووز” ڕایگەیاند واشنتۆن لە سەر بنەما سەرەکییەکان لە گەڵ تاڵیبان دا بە ڕێکەوتن گەیشتووە. بە پێی وتەی خەلیلزاد بە پێی ئەم رێکەوتننامەیە دەوروبەری ٥٠٠٠ هێزی چەکداری ئامریکا لە قۆناغی یەکەم دا لە نێوان ماوەی ١٣٥ ڕۆژدا لە ٥ بنکەی سەربازی ئەفغانستان دەبردرێنەدەرەوە لە بەرانبەر دا هێزەکانی تاڵیبان بەڵێن ئەدەن کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکانی سەر بە “پەروان و کابۆل” کەم ببێتەوە.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانی دا ئەوەشی خستەبەرچاو کە ڕێکەوتن لە قۆناغێک دایە کە هێشتا بە فەرمێی لە سەر کاغەز نەنووسراوە و بە ڕەزامەمدی سەرۆک کۆماری ئامریکا کۆتایی پێ دەهێنرێت. ناوبراو هەروەها ئەوەشی زیاد کرد : بڕیاری کۆتایی لە سەر ئەم ڕێکەوتنە کە لە چە ئاستێک دا لە لایەن نوێنەرانی هەر دوو لایەن واژوو بکرێت، لە لایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەدرێت.
سەرچاوەکانی هەواڵنێری ئەفغانستان نووسیویانە کە خەلیلزاد ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی ئەیلوول گەیشتە کابۆل پێتەختی ئەفغانستان بۆ ئەوەی لە گەڵ “مۆحەممەد ئەشرەف غەنی” سەرۆک کۆمار و “عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا” بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئیش و کاری دەوڵەتی ئەفغانستان دیدار و چاوپێکەوتن پێک بهێنێت. بە پێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوانە خەلیلزاد پێش نووسی ڕێکەوتننامەی ئاشتی ئامریکا لە گەڵ تاڵیبانی بە سەرۆک کۆماری ئەفغانستان نیشان داوە.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ئەیلوول بەرەو برووکسێل پێتەختی وڵاتی بێلژیک وەڕێکەوت تا سەبارەت بە پێش نووسی ڕێکەوتننامەی ئاشتی و تەبایی تاڵیبان، لە گەڵ “یێنس ئێستۆڵتنبێرگ” سکرتێری گشتی پەیماننامەی ناتۆ و هەروەها بەرپرسانی باڵای ئەوروپا ڕاوێژ بکات. پۆمپێئۆ هەروەها جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە نوێنەری تایبەتی ئەم وڵاتە لە کاروباری وتووێژەکانی ئاشتی پێش نووسی ڕێکەوتننامەکەی لە گەڵ تاڵیبان نیشانی سەرۆکان و دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان داوە. ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە گەڵ تاڵیبان کۆتایی بە شەڕی ١٨ ساڵەی ئەم وڵاتە دەهێنێت.
بەرپرسێکی ناتۆ باسی ئەوەی کردووە کە ئێستۆڵتێنبێرگ و پۆمپێئۆ لە سەر ڕەوتی ئاشتی و تەبایی و ڕاسپاردەیی ناتۆ لە ئەفغانستان وتووێژیان کردووە. لە ڕاستی دا ڕاسپاردەیی ناتۆ لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی دا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئەم پەیمانە هێشتا دەوروبەری ١٦٠٠٠ سەربازی لە وڵاتی ئەفغانستان ڕاگرتووە کە بۆ ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و یارمەتی سۆپای ئەفغانستان لەم وڵاتەدا ماونەتەوە.
هاوکات ناوەندی هەواڵنێری فەرانسە لە گەڵ پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی ڕاگواستن و هێنانەدەرەوەی ٥٠٠٠ هێزی سەربازی ئامریکا لە ئەفغانستان نووسیوەیەتی : ڕاگواستنی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا کاتێک ڕوو ئەدات کە تاڵیبان بە بەڵێنەکانی خۆی لە ڕێکەوتننامەی ئاشتی دا پابەند بێت. بڕیار وایە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەفغانستان نزیک بە یەک مانگی دیکە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت. ئەگەری هێرشی سەربازی گرووپی تاڵیبان بۆ سەر ناوەندەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە زۆری بەدی دەکرێت. هێزەکانی تاڵیبان دەوروبەری دوو حەوتوو پێش ئێستا لە ڕێکەوتی ١٦ی ئووت ڕایانگەیاندبوو کە ناوەندەکانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەدەنە بەر دەسڕێژ و هێرشە ئەکەنە سەریان. هاوکات خەلیلزاد پێش ئێستا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ڕێکەوتی ڕتگەیەندراوی بە بەربەستێک لە ڕێگای هەوڵدان بۆ ئاشتی و تەبایی لە گەڵ تاڵیبان ناوبردبوو.
لە وەها باروودۆخێک دا کە باس لە ڕێکەوتنی سەرەتایی لە نێوان نوێنەرانی ئامریکا و تاڵیبان دەکرێت باسی ئەوە دەکرێت کە شاری کابۆل پێتەختی وڵاتی ئەفغانستان جارێکی دیکە بووەنە ئاماجی هێرشێکی مەترسیدار و تاقەت پڕووکێن. بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی حەشاردراو لە ناو تەراکتۆرێک لە ناوچەی ” گۆندی سەوز” لە نزیکی کابۆل لانیکەم ١٦ کەس کوژراو و ١١٩ کەس بریندار بوون.
تەقینەوەکە لە ناوچەی ” گرین ویلەیج” یان گوندی سەوز ناوچەیەک لە نزیکی کابۆل پێتەختی ئەفغانستان ڕوویداوە کە نیشتەجێبووانی ئەم ناوچەیە زیاتر شارۆمەندانی بیانین. بە پێی زانیاری و ئامارەکانی بڵاوکراوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لانیکەم ١٦ کوژراو و ١١٩ بریندار لەم هێرشە مەترسییدارە کەوتووەتەوە. ناوەندی هەواڵنێری ئاڵمان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی ئەیلوول بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەم هێرشە خوێناوییە لە ناوچەی ” گرین ویلەیج” باسی ئەوەی کردووە کە زۆربەی خانوو و شوێنە نیشتەجێکانی دەوروبەری شوێنی تەقینەوەکە بە زۆری خەساریان بەرکەوتووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.