ئامریکا: مشت و مڕ بۆ دانانی گەمارۆ لەسەر ئێران بەردەوامە

0
1002

دوا بە دوای تاقیکردنەوەی موشەکی “عماد” لە لایەن ئێران، سیاسەتوانانی ئامریکایی لە هەوڵی خستنە ئارای خولێکی نوێ لە گەمارۆ ئابوورییەکان بە دژی ئێرانن.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێ شەممە ١٥ی بەفرانبار تاقیکردنەوەی موشەکی “عماد” لە لایەن ئێرانی بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی شۆڕای تەناهی نەتەوە یەکگرتووەکان زانی و ڕاشی گەیاند کە بە هۆی ئەو پێشێلکارییەی ئێران، خەریکی مشت و مڕی چڕ و پڕن لەگەڵ ئاژانسە دەوڵەتییەکانی ئامریکا بۆ دانانی گەمارۆی نوێ لەسەر ئێران.

هەروەها بە پێی  ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتێرز، جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەو بارەوە گوتی: “لەو پەیوەندییەدا بەتەواوی ئامادەین بۆ دانانی گەمارۆی نوێ لەسەر ئێران و لەو بارەوە تا ئێستا خەریکی چارەسەرکردنی هەندێ کێشەی تەکنیکین”.

شیاوی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ئەو ساڵ باسی لە تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی موشەکێکی زەوی بۆ زەوی بە ناوی “عماد” کرد و گوتی: “ئەو موشەکە دەتوانێ بە سرنجێکی تایبەت و بەرز، ئامانجەکەی خۆی بپێکێ و بەتەواوی لەناوی ببات”.

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەلێن: موشەکی عماد توانایی هەڵگرتنی کوڵاوۆکی ناوەکی هەیە، هەڵبەت بەرپرسانی ئێرانی ئەو بانگەشەیە وەدرۆ دەخەنەوە.

بە پێی لێدوانی کۆشکی سپی و هەروەها کومیتەی چاوەدێر بەسەر گەمارۆکان لەسەر ئێران، تاقیکردنەوەی ئەو موشەکە “پێشێل کردنی بڕیارنامەی ١٩٢٩ ی شۆڕای تەناهی یە”.

وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حوسێن جابر ئەنساری، ڕۆژی ١٠ی بەفرانبار لە دژکردەوە بە ئەگەری زیادبوونی گەمارۆکان بە دژی وڵاتەکەی و بە هۆی ئەو تاقیکارییە موشەکییە، هەڕەشەی لە ئامریکا کرد و گوتی: هەر چەشنە کردەوەی خۆ تێهەڵقوتێنەرانەی ئامریکا بە هێز و توانایی بەرگرانەی خۆمان، وڵام دەدەینەوە.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە هەمان ڕۆژدا لە میدیاکان بڵاو بۆوە کە سەرۆک کۆمار، حەسەن ڕوحانی، خوازیاری بەرهەم هێنانی هەموو چەشنە موشەکێک بووە لە ئێران و داواشی کردووە کە ئەو بەرهەم هێنانە، خێراتر و بە بڕشتتتر بکرێت.

پێدەچێت لە گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دوازدە خاڵ بوونی هەبێ کە لەو ناوەدا لانیکەم پێنج بەرپرسی فەرمی ئێران لە وەزارەتی بەرگری و ڕێکخراو و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی، بوونیان هەبێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت