ئامریکا تورکیە لە بەرنامەی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف٣٥ وەلا دەنێت

0
936

ڕۆژی کورد :
ئامریکا وڵاتی تورکیە لە بەرنامەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی ئێف ٣٥ وەلا دەنێت. ئەم بڕیارە لە کاردانەوەی هەنگاوی تورکیە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس٤٠٠ی ڕووسی دەرکراوە. تورکیە هۆشداری داوە بە واشنگتۆن سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە لە لایەن ئامریکاوە.

به‌ پێی هه‌واڵی ماڵپه‌ڕی هه‌واڵنێری دویچه‌وله‌ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی تەمووز کۆشکی سەرۆک کۆماری ئامریکا ڕایگەیاند کە وڵاتی تورکیە لە بەرنامەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف٣٥ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەلادەنرێت. بە پێی ئەم یاسایە، بڕیاری تورکیە لە کڕینی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس٤٠٠ی ڕووسی، بەشداری ئەم وڵاتە ل: بەرنامەی ئێف٣٥ نەگونجاو و پووچەڵ ئەکاتەوە. بە بڕوای کۆشکی سپی، تورکیە لە گەڵ کڕینی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس٤٠٠ بەڵێنەکانی دوولایەنەی خۆی لە بەرانبەر ئەندامانی ناتۆ لە مەڕ خۆپاراستن و بەکارنەهێنانی سیستەمی ڕووسی لە ژێر پێ ناوە. تورکیە و ئامریکا هەر دوو ئەندامی ڕێکەوتننامەی ئاتلانیسی باکوور یان (ناتۆ) ن.
کڕین و هاوردەکاری سیستەمی بەرگری ئێس٤٠٠ی ڕووسی ماوەی چەن مانگێکە بۆەتە هۆی ئاڵۆزی و سازبوونی ناتەبایی نێوان واشنتۆن و ئانکارا. ئامریکا مەترسی ئەوە ڕەچاو دەکات کە وڵاتی ڕووسیە بە هۆی بەکارهێنانی ڕادارەکانی سیستەمی ئێس٤٠٠ زانیاری بە دەست بهێنێت، سەبارەت بە تواناکانی فڕۆکە شەڕکەرە نوێکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا.
هاوکات پێشتریش پەیماننامەی ناتۆ لەم بڕیارەی تورکیە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی ڕووسی نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو و چەن جار هۆشداری دابوو کە ئەم سیستەمە ڕووسییە لە گەڵ سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ڕۆژئاوا گونجاو نیە و پێکەوە هاوئاهەنگییان نیە.
پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەڕەشەی لە تورکیە کردبوو کە کڕینی سیستەمی ناوبراو لە ڕووسیە دەرئەنجامی باشی نابێت. تورکیە کە لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو سەرقاڵی ڕاگواستنی سیستەمی ئێس ٤٠٠ە ماوەی چەن مانگە جەخت لە سەر ئەوە ئەکات کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست لە گەڵ مۆسکۆ ئیمکانی نیە و گونجاو نیە.
تورکیە بە نیاز بوو داخوازی بڕی نزیکەی ١٠٠ فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ ڕاسپاردە بکات، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە چەک و تەقەنییەکانی تورکیەش بڕیار وابوو بە بەرهەمهێنانی ٩٠٠ پارچە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی بەشداری بکەن. بەڵام هەنووکە وەزارەتی بەرگری ئامریکا ئەڵێت کە ڕاسپاردەی بەرهەمهێنانی ئەو پارچە ئامێرانە ئەدرێت بە کۆمپانیاکانی ئامریکایی یا کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پارچە ئامێر لە وڵاتانی دیکە جگە لە تورکیە. فڕۆکەوان و پسپۆڕانی تورکیەش کە پێشتر بۆ خولی ڕاهێنان پێویست بوو تا کۆتایی مانگی تەمووز لە ئامریکا بمێننەوە پێویستە بە زووترین کات ویلایەتە یەکگرتووەکان بە جێبهێڵن.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ بڕیارێک سەبارەت بە ئەگەری بایکۆت بۆ سەر وڵاتی تورکیە نەگیراوە. لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە دەوڵەتی ئامریکا بەردەوام ئەبێت لە هاوکاری بەربڵاوی خۆی لە گەڵ تورکیە سەرەڕای بوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان و جیاوازی بیڕوڕاکان.
لە لایەکی دیکەوە کۆشکی سپی لە کاتێک دا باس لە وەلانانی تورکیە لە بەرنامەی بەرهەمهێنان و کڕینی فڕۆکەی ئێف ٣٥ ئەکات، کە هاوکات سەرۆک کۆماری ئامریکا لەم دواییانەدا بڕیاری ئانکارا سەبارەت بە ساتووسەودا لە گەڵ مۆسکۆ جێگەی تێگەیشتن ناوبردووە و باسی ئەوەی کردبوو کە باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشووی ئامریکا بەرپرسیارە لەوەی تورکیە سیستەمی بەرگری پاتریۆتی ئامریکای نەکڕیووە و سیستەمی هاوشێوەی ڕووسی پەیدا کردووە.
چەن کاژێر دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵی وەلانانی تورکیە لە بەرنامەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ لە لایەن ئامریکاوە، ئانکارا کاردانەوەی تێکەڵ بە هەڕەشەی نواند. هەواڵنێری دەوڵەتی ئاناتۆلی تورکیە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەوە باسی لە هەڵەیەکی گەورەی ئامریکا کرد کە خەسارێکی زۆر و بەرچاوی بەدواوە ئەبێت لە پێوەندییەکانی نێوان ئانکارا و واشنتۆن. لەم هەڵوێست گریەدا بڕیاری ئامریکا بە نادادپەروەرانە و یەک لایەنەی واشنتۆن ناودەبات کە جیاوازە لە گەڵ پەیرەوی پەیماننامەی ناتۆ و خاوەنی بەڵگەی ڕێگەپێدراو نیە. جێگای ئاماژەیە وڵاتانی بریتانیا، ئیتالیا، کانادا و ئێسترالیا ئەو وڵاتانەن کە هاوکات بەشدارن لە بەرنامەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ دا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.