ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا کوژران و برینداربوونی چەند تیرۆریستی لە سنوورەکانی هەرێم ڕاگەیاند

0
1044

ڕۆژی کورد: ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا کوژران و برینداربوونی چەند تیرۆریستی لە سنوورەکانی هەرێم ڕاگەیاند،

دەقی راگەیێندراوەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

ڕاگەیەندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان

بۆ بەڕێز / سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن

بابەت / ڕوونكردنەوە

هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ماوەیەكە بە هاوكاری و هەماهەنگی هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، زانیاری ئەوەیان پێگەیشتووە كە چەند چەكدارێكی نامۆ جموجوڵیان هەیە لە سنورەكەدا و دەبینرێن، دوای كۆكردنەوەی زانیاری تەواو چاودێریكردن، بەسەرپەرشتی و ڕێنمایی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بەهاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هەڵسان بە كێوماڵكردنی سنورەكە، ئەوەبوو لە ڕۆژی 19/11/2016 لە نزیك ڕووباری سیروان و گوندی بۆین، چەند چەكدارێك دەبینرێ و ڕوبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و چەكدارەكاندا ڕوودەدات، لە ئەنجامدا دەست بەسەر شوێنی حەشارگەكەیاندا دەگیرێ و چەند تیرۆریستێك  دەكوژرێن و بریندار دەكرێن و دەست بەسەر چەندین پارچە چەك و بەڵگەنامەدا دەگیرێ و تەرمی تیرۆریستێك دەكەوێتە بەردەستی هێزەكانی ئاسایش، لەو هەڵمەتەی هێزەكانی ئاسایشدا سێ كارمەندی ئاسایش بریندار دەبن، خۆشبەختانە باری تەندروستیان جێگیرە.

لێرەوە بەباشی دەزانین وێڕا دەستخۆشی و ماندوو نەناسی لە هێزەكانی ئاسایشی شارەزوور و هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی پارێزگا و دەزگاكانی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید و هاوڵاتیانی خۆشەویست بكەین كە هاوكار و هەماهەنگی هێزەكانی ئاسایش بوون لەو هەڵمەتەدا، دووبارە سوپاسیان دەكەین، هەروەها دڵنیایی دەدەینە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە هێزەكانی ئاسایش لە بەدواداچوون و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان لە دەست تیرۆریستان و دوژمنانی گەلەكەمان بەردەوام دەبین و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەم گروپە بەبەڵگەوە بڵاودەكەینەوە، لەگەڵ ڕێزماندا . دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت