گەڵاڵەی پێنتاگۆن بۆ پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

0
862

ڕۆژی کورد :
بە پێی ڕاپۆرتەکان وەزارەتی بەرگری ئامریکا بە تەمای ئەوەیە بۆ پاراستن و پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک هێزی سەربازی و دەبابە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ بکات. تڕامپ ئەڵێت ڕێگا نادەین تێرۆریستەکانی داعیش جارێکی دیکە زاڵ بن بە سەر گۆڕەپانە نەوتییەکانی ئەو ناوچەدا.

دوابەدوای بڕیاری چاوەڕواننەکراوی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سووریە، وادەردەکەوێت سیاسەتەکانی واشنگتۆن سەبارەت بەم ناوچانە وەرچەرخانێکی نوێ بە خۆوە ببینێت. ڕۆژنامەی “ئێشپیگێل ئانلاین” سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی ئۆکتۆبر بە پێی وتەی چەن ناوەندی ڕاگەیاندنی ئامریکایی ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی بەرگری ئامریکا ـ پێنتاگۆن، گەڵاڵەیەکی نوێی بۆ بەڕێکردنی دووبارەی هێزە سەربازییەکانی سۆپای ئامریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی سووریە لە دەستووری چالاکییە نوێکانی ئامادە کردووە.
مەبەست لە ئامادەکردنی ئەم گەڵاڵەیە، پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سووریە ناوبراو. بڵاڤۆکی “نیووز ویک” بە پێی وتەکانی بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن ئەڵێت : هێزەکانی ئامریکا کە بڕیار وایە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ بکرێن لانیکەم ٣٠ دەبابە و ڕێژەیەکی ١٠٠ کەسی هێزی سەربازی دەبێت. وا دەردەکەوێت کۆشکی سپی هێشتا گەڵاڵەی پێنتاگۆنی پەسەند نەکردووە. سەرەڕای ئەوانەش ناوەندی هەواڵنێری “سی.ئێن.ئێن” ئەڵێت بەڕێکردنی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەم زووانە بە ئەنجام ئەگات. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریە دایە، کە لە بەرگری و تێکهەڵچوون لە گەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان بە تایبەتی هێزەکانی داعیش سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی واشنگتۆن بوون.
بە پێی ڕاپۆرتەکان دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریە، ڕێژەیەکی زۆر کەم لە هێزە سەربازییەکانی ئامریکا بە مەبەستی یارمەتی هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە پاراستن و پارێزگاری لە گۆڕەپانە نەوتییەکانی ئەو ناوچە، لەوێ ماونەتەوە کە بە پێی گەڵاڵە نوێکەی پێنتاگۆن بڕیار وایە ببوژێنەوە و بە هێز بکرێن. مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگری ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئۆکتۆبر لە ڕەوتی سەردانێکی بۆ وڵاتی ئەفغانستان لە کۆڕی هەواڵنێران و ناوەندە ڕاگەیاندنەکان دا باسی ئەوەی کردبوو کە ڕاوێژ سەبارەت بە مانەوەی گرووپێکی بچووک لە هێزە سەربازییەکانی ئامریکا بۆ یارمەتی و پارێزگاری لە گۆڕەپانە نەوتییەکان ڕۆژئاوای کوردستان هێشتا بەردەوامە. بەڵام تا ئێستا پێشنیارەکانی پێنتاگۆن بۆ ئەم بابەتە بە ئاگاداری دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ئامریکا نەگەیشتووە. بەرپرسی باڵای پێنتاگۆن ڕۆژی پێنجشەممە بە ناوەندی هەواڵنێری نیووز ویکی ڕاگەیاندبوو کە مەبەستی سەرەکی بە هێز کردنی هێزە ئامریکاییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەرگری لە زاڵبوون و دەست پێڕاگەیشتنی تێرۆریستەکانی داعیش و ئەو لایەنانەی دیکەیە کە بە تەمای ناسەقامگیر کردنی ڕەوتی ناوچەکە و دەست پێڕاگەیشتن بە سەر گۆڕەپانە نەوتییەکانی ئەو ناوچەیەدان.
دوابەدوای بڕیاری ئەم دواییانەی ترامپ بۆ کشانەوەی بە تەواوەتی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەوروبەری هەزار کەس هێزی سەربازی ئامریکا لەم وڵاتە کشاونەتەوە و دەرچوون. بە پێی ئەم بڕیارە نوێیە ئەگەر گەڵاڵە نوێکەی پێنتاگۆن بۆ بەڕێکردنی دەبابە و هێزی سەربازی نوێ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە کردوەوە بگات بڕیاری سەرۆک تڕامپ لە ئەنجام دا هەڵوەشاوە و پووچەڵ دەبێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.