کۆبوونەوەی پێنج حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات

0
929

ڕۆژی کورد: پێنج حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ باس و بیروڕاگۆڕینەوە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و تاوتوێکردنی ئەرکەکانیان لە ڕاستای پشتیوانی لە ناڕەزایه‌تدەربڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەمە، 19ی به‌فرانبار له‌ بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەبەشداریی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو؛ دوای هەڵسەنگاندنی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم خۆپێشاندانانە و هەوڵەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەره‌وڕووبوونەوەیان، لایەنەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی خۆیان لە پەیامەکانی خۆپێشاندانانەکان و ئەرکی خۆیان بەرامبەریان خستە ڕوو:
پوختەی پەیام و دەرکەوتەکانی ئەم خۆپێشاندانانە لە ڕوانگەی بەشدارانەوە بریتی بوو لە:
١- خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ی خەڵکی ئێران کە زیاتر لە ٢٥ پارێزگە و ١٠٠ شاری ناوچە جیاوازەکانی ئێرانیان گرتەوە، جگە لەوەی لە ڕووی جۆگرافیایی، ماوەی درێژە کێشانەکەیان و بەشداریی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک جیاوازییەکی تەواویان لەگەڵ نارەزایەتیدەربڕینەکانی ساڵانی پێشوو هەبوو، لە ڕووی ئامانجی نارەزایەتییەکانیشەوە، چوونەتە ئاستێکی بەرزتر و لە جیاتی باڵێکی ڕێژیم، کۆماری ئیسلامییان لە تەواوەتیی خۆیدا کردۆەتە ئامانج.
٢- لەگەڵ ئەوەی پاڵنەری سەرەکیی خەڵک بۆ هاتنە سەرشەقام، بارودۆخی خراپی ئابووری و کارەساتاوی بوونی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک بوو، بەڵام بەو هۆیەوە کە ناهومێدی لە ڕێژیمی کۆماری ئیئسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکاندا کۆمەڵی ئێرانی داگرتوە، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دیکتاتۆری و گەندەڵی و سەرکوت، دروشمی سیاسیی مردن بۆ دیکتاتۆر‌ و ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانیەوە و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەی ولاتیان هەڵگرتوە و، ڕای دەگەیەنن کە چی دیکە تەحەممولی ئەم سیستەمە تاقیکراوە ناکەن.
٣- سەرەڕای جۆراوجۆریی خەڵکی ئێران و بوونی نەتەوە و ئایین وپێکهاتەی جیاواز لەم وڵاتەدا، گەلانی ئێران لە خەبات دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و تێکۆشان بۆ هێنانە سەرکاری سیستەمێکی ئازاد و دێموکراتیک کە وڵامدەری داوا لەمێژینەکان و دابینکەری ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بێ، هاودەنگ و پشتیوانی یەکترن و لە ڕێگای گەیشتن بەم ئامانجە سەرەکییەیان ئامادەن بەرەوڕووی دامودەزگا و هێزە سەرکوتکەرەکان ببنەوە و قوربانیی بۆ بدەن.
٤- یەکێک لە لاوازییەکانی ئەم خۆپێشاندانانە بێبەری بوون لە ڕێبەری لە نێوخۆی وڵاتدا و، بێبەشبوون لە پشتیوانیی یەکگرتووانە و هەماهەنگی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵاتە. ئەمەش وای کردوە سەرەڕای هەبوونی زەمینەی لە بار بۆ پشتیوانیی زیاتری خەڵک لە نێوخۆ لە نارەزایەتیدەربڕینەکان و هاوپێوەندیی دنیای دەرەوەی لەگەڵ خەڵکی داواکاری ئازادی و دیموکراسی لە ئێران، بەو جۆرەی پێویستە سوود لە زەرفییەتەکان وەرنەگیرێ.
٥- پێوەنددانی ئەم خۆپێشاندانانە بە وڵاتانی دەرەوە لە لایەن ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە هێنانە مەیدانی سەرجەم هێز و دەزگا سەرکوتکەرەکان بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و لە پاڵ ئەمانەشدا هێنانە سەرشەقامی دەست وپێوەندەکانی ڕێژیم و بەزۆرپەلکێشکردنی قوتابیان و کارمەندان بۆ بەشداری لە ڕێپێوان بە لایەنگری کۆماری ئیسلامی، ئەو پەڕی زەبوونی و ترس و داماویی ئەو ڕێژیمە دەگەیەنێ.
لایەنەکانی بەشدار لە پێوەندی لە گەڵ ئەرکەکانیشیان بەرامبەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، پێیان لە سەر کۆمەڵیک خال داگرت. ئەوان هەر لەو کاتەدا کە بە ڕێز و پێزانینەوە هاتنەمەیدان وقوربانیدانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیان لە پێناوی ویست و مافە ڕەواکانیاندا هەڵسەنگاند، لەسەر پێویستیی پشتیوانیی چین و توێژە جیاوازەکانی گەلانی ئێران لەم بزووتنەوەیە و بەردەوامراگرتنی ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوەی خۆپێشاندان و مانگرتن و هەر شێوەیەکی مومکینی دیکە تەئکیدیان کردەوە. ئەو پێنج حیزب و ڕێکخراوە خۆیان بە ئەرکدار زانی کە کار بکەن بۆ پێکهێنانی هاوکارییەکی جیددیتر لە نیوان هێز و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی بەو جۆرەی لێیان چاوەڕوان دەکرێ لە سەر بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، کاریگەریی پێویستیان هەبێ، هەروەها ڕێخۆشکەر بن هەم بۆ لێک گرێدان و هاوکاریی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی نارەزایەتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران، هەم بۆ ڕاکێشانی هەرچی زیاتری پشتیوانیی بیروڕای گشتی و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی دنیا بۆ لای ئەو خەباتە ڕەوایە کە لە ئێران بە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێ دایە.
بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە سەرنجدان بە نیاز و بەرنامەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و گرتن و ئازار و ئەشکەنجە و سزادانی چالاکان و ڕێکخەرانی ئەو ناڕەزایەتییانە، هەوڵ و هاوکاریی هەموو لایەنەی چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، میدیاکان و هێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانیان بە مەبەستی بەرگری لە گیانی گیراوە سیاسییەکان و ئازادیی بەندییە سیاسییەکان بە پێویست زانی.
هەر٥ حیزب و ڕێکخراوی بەشدار لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمڕۆی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، تەئکیدیان لە سەر کۆبوونەوە و دانیشتنی حیزبەکان بۆ ئالوگۆڕی بیروڕا لە بارەی پرسە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە و بەرعۆدە بوون بە مەبەستی هەرچی بەرهەمداربوونی کۆبوونەوەکان و هاوکاریی چەند لایەنە، بە ڕاوێژ وهاوفکریی لایەنە پێوەندیدارەکان، کار لە سەر میکانیزمێکی گونجاو بۆ هاوکاریی بەرین و کاریگەر لەگەڵ یەکتر بکەن.

سەرچاوە: کوردستان و کورد

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.