بە پێی ئەو هەواڵانەی بە دەست “ڕۆژی کورد” گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز بەشێک لە خەڵکی ئاوایی “بوژان” بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە پێ ڕانەگەیشتنی بەرپرسانی دەوڵەتی کرماشان بە گوندەکەیان، لەبەر دەرگای فەرمانداری کرماشان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.
شایانی باسە کە خەڵکی گوندی بوژان کە گوندێکی نزیک بە هەزار ماڵیە و لە نزیک شاری کرماشان هەڵکەوتووە، هاوکات لەگەڵ بارانی زۆری ئەو دواییانە، خەڵکی ئەو گوندە، تووشی خەسار و زیانێکی زۆری ماڵی بوون و بەرپرسانیش بەڵێنی تێهەڵێنانەوەی ئەو خەسار و زیانانەیان پێدابوون کە بە هۆی لێشاوی باران تووشی بوون، بەڵام هەتا ئێستاش بەڵێنیەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە و هیچ ئاوڕێکیان وە خەڵکی خەسار پێگەیشتووی ئەو گوندە نەداتەوە.
یەکێک لە خەڵکانی خەسارپێگەیشتووی ئەو لێشاوە کوتی: بە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە ماڵەکانی ئاواییەکەمان بە کەرەستەی ساکار و لاوازی وەک قوڕ ساز کراون، بەو بارانەی دوایی بە یەکجاری لەناو چوون و تووشی خەسارێکی زۆر بووین.