کاوە بەهرامی ئەندامی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێک بۆ ماڵپەڕی هەواڵدەری باس نیوز، باس لە جێگیرکردنی گریلا و هێزەکانی پەکەکە لە سنووری هەورامان دەکات و دەڵێ “ئەو شوێنەی پەکەکەی لێ جێگیر کراوە، شوێنی ئێمەیە و دەستەوەستان نابين”.
کاوە بەهرامی لە درێژەی قسەکانیدا کوتی: “ئێمە نازانین کێ هاوکاری پەکەکەی کردووە بۆ ئەوەی بێنە سنووری ناوچەی (هاوار) و (هەورامان)، ئەو سنوورە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمدیو پارێزگاری لێ دەکات، لەودیویش بەدەست ئێرانەوەیە، ئەگەر ئەو دوو لایەنە رێگایان پێ نەدەن چۆن دێنە ئەوێ؟ ئەگەر لە قەندیلیش بن ناتوانن بگەنە ئەو شوێنانە، لە شنگال و باکووری کوردستانیش هەر ناتوانن بگەنە ئەو شوێنانە، بۆیە دەبێت هەردوولا رێگایان دابێت بۆ ئەوەی بێنە ئەوێ”.
هەروەها گوتی: “سنووری ئەو ناوچەیە هەمووی حزبی دیموکراتە، ئێمە لەوێ بووین ئێستە خەڵکمان لەوێییە، لە کاتێکدا هەرکاتێک ئێمە هاتبینە سنووری ئەو ناوچەیە، ئەو هێزانەی حکومەتی هەرێم هاتوون گوتوویانە گرفتمان بۆ دروست دەبێت، ئێمەش بۆ ئەوەی سنوورەکان ئاڵۆز نەبێت و تۆپبارانی نەکەن، لەبەرچاومان گرتوون”
کاوە بەهرامی فەرماند ەی لەمێژینەیحدکا و ئەندامی کومیتەی ناوەندی ئەو حیزبە هەروەها کوت: تا شەڕی هەڵەبجەش بارەگای ئێمە لەوێ بووە ئەو شوێنەی ئێستە پەکەکەی لێ جێگیر کراوە شوێنی ئێمە بووە.
ناوبراو هەروەها کوتی:”ناهێڵین وەک ناوچەی (کێلەشین) خەڵکمان لێ شەهید بکرێت، کەس ناتوانێ رێگری لە ئێمە بکات، لە کاتێکدا ئێستە لە کێڵەشین و قەندیلیش هێزمان هەیە. دەستەوەستان نابین بەرانبەر هەر هێزێک بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەرمان و وەڵامی دەدەینەوە