کاردانەوەکانی ئامریکا لە بەرانبەر هێرشی ئێران بۆ سەر فڕۆکەیه‌کی بێ فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە

0
499

ڕۆژی کورد :
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا سەبارەت بە ئەگەری کاردانەوەی وڵاتەکەی لە هەمبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای لەناوبردنی فڕۆکەیه‌کی بێ فڕۆکەوانی ئامریکایی لە سەر باریکەی هۆرمز بە توندی هۆشداری دا و وتیشی بەمزووانە تێئەگەن چە بڕیارێک ئەدەین.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیران لە پەراوێزی چاوپێکەوتنێک لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتی کەنەدا، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دۆناڵد ترامپ بە توندی هەڕەشەی لە ئێران کرد و جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە ئامانج پێکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئامریکایی لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە هەڵەیەکی زۆر گەورە بووە و وتیشی لەوانەیە ئەم کردەوە لە لایەن کەسێکی نەزان و سەرسەری بە ئەنجام درابێت. سەرۆک کۆماری ئامریکا ئاماژەی پێدا ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە بێ چەکوچۆڵ و بێ فڕۆکەوان بووە و بە ئاشکرا لە سەر ئاراستەی ئاوە نێونەتەوەییەکانی فڕیووە و هەڵگری کەس یا کەسانێک نەبووە ئەگینا ئێستا دۆخەکە زۆر جیاوازتر بوو. سەرۆک ترامپ ئەم ڕووداوەی بە هاندەرێکی زۆر بچووک و لە هەمان کاتدا بە ئازاردەر و ناخۆش ناوبردووە و وتوویەتی لەوانەیە ئەفسەرێکی پایەبەرز یان کەسێکی دیکە لە ڕووداوی لەناوبردنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەدا تووشی هەڵە بووبێت.
پێشتر بەرپرسی دەستەی فڕۆکەوانی بیل ئاریەن، وتەبێژی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ـ سێنتکام ڕایگەیاندبوو کە ناوەندەکەیان ئەوەی پشتڕاست کردووە کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیران دەوروبەری کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی شەو بە کاتی گریینویچ فڕۆکەیه‌کی بێ فڕۆکەوانی (MQ-4C تریتۆن) لە کاتی فڕین لە ئاسمانی نێودەوڵەتی بە سەر ئاوەکانی باریکەی هۆرمز کەوتووەتە بەر هێرشی سیستەمی بەرگری مووشەکی زەوی بۆ ئاسمانی ڕژیمی ئێرانەوە و لەناوبراوە. چەن کاژێر دوابەدوای لەناوچوونی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئامریکا لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە کاردانەوەی ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر فڕۆکەی ئامریکایی لەباریکەی هۆرمز ئەم هەنگاوەی ئێرانی بە هەڵەیەکی زۆر گەورە ناوبرد.
بە پێی وتەی ناوەندی هەواڵی فاکس نیووز لە وتارێکی خۆی دا باس لەوە دەکات فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کۆنتڕۆڵ کراو لە ڕێگای دوور ئامریکایی ( MQ-4C تریتۆن) بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای نۆرترووپ گروومەن، چەن ڕۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا بە مەبەستی بە هێزتر کردنی ئامادەیی هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەزامەندی خۆی دەربڕی، لە ناوچەکە دامەزرا. ئەم ناوەندە لە ڕاپۆرتەکەی خۆی دا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە نووسیوەتی : فڕۆکەی ( MQ_4C) ئەتوانێت لە بەرزایی ٦٠ هەزار پێ یان ١٧ کیلومەتری قووڵایی ئاسمان بە ماوەی ٣٠ کاتژمێر بفڕێت و بۆ مەبەستەکانی سیخوڕی دەزگای هەواڵگری سەربازی هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران و هەروەها بۆ شوێن پێهەڵگرتنی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە ڕێگائاوییە قەرەباڵغەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. بە پێی نووسراوەکەی فاکس نیووز نرخی هەر فڕۆکەیەکی (MQ-4C) هەتا ١٨٠ ملوێن دۆلار تێچووی ئەبێت، زۆر لە ناوەندەکانی دیکە نرخی ئەم فڕۆکەیان بە لەبەرچاوگرتنی لێهاتوویی و کارابوونی بۆ لێکۆڵینەوە و پێشکەوتوویی زیاتر لەو ڕێژە ناوبردووە.
ڕۆژنامەی ئامریکایی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی خۆی دا رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی حوزەیران باس لە بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هێرشی سەربازی دژی ئێران و پاشگەز بوونەوەی ئەم بڕیارە دەکەن. ئەم ڕۆژنامە بە پێی وتەی چەن سەرچاوەیەکی دەوڵەتی ئامریکا کە ناویانی نەهێناوە نووسیوەتی سەرۆک کۆماری ئامریکا بڕیاری هێرش بۆ سەر چەن بەشێکی لە قووڵایی خاکی ئێران دەرکردبوو، بەڵام دوای ڕاوێژ کردن لە گەڵ چەن یاریدەدەر و وتووێژێکی کورت و بە پەلە لە گەڵ ئەندامانی سەرەکی کۆنگرێس لە بڕیاری خۆی پاشگەز بووەوە و ڕای خۆی گۆڕی.
هاوکات لە لایەکی دیکەش ڤلادیمیر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە لە هەمبەر زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا هۆشداری داوە و بەکارهێنانی تۆند و تیژی و کەڵک وەرگرتن لە ڕێگاچارەی سەربازی لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر بە کارەساتاوی بۆ ناوچەکە ناوبردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.