ژمارەیەک پەرلمانتاری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی، دژایەتیی خۆیان لەگەڵ گشتپرسیی کوردستانی باشوور ڕاگەیاند

0
1604

ڕۆژی کورد: دوای ئەوەی کە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور کۆبوونەوە و بڕیاریان دا ئەمساڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بکرێت، کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی توندتر لەمبارەوە دەگرێ و دژبەرییەکان چڕتر دەکاتەوە.

هەرچەند بەپێی یاسا ناودەوڵەتییەکان و یاسا جیهانیەکان، پرسی گشتپرسی، پرسێکی ناوخۆییە و وڵاتانی جیرانی هەر وڵاتێک بۆیان نیە، دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی تر بکەن، ژمارەیەک پەرلەمانتاری مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژایەتیی خۆیان لەگەڵ بەڕێوەچوونی گشتپرسی و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور ڕاگەیاند.

مەسعود گودەرزی، نوێنەری شارۆچکەی مەمەسەنی لە پارێزگای فارس لەمبارەوە لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیێنە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە: “باسکردنی ئەو پرسە بە هەنگاوێکی جیاخوازی دادەنرێت و سەربەخۆیی کوردستانی عێراقیش دژی بنەماکانی یەکپارچەیی خاکی عێراقە.”

هەرچەند ئەو پارلمانتارە ڕوونی نەکردۆتەوە کە پرسی ناوخۆیی عێراق چ پەیوەندییەکی بە مەجلیسی ئێران و ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، لە درێژەدا گوتوویەتی: “کۆماری ئیسلامی دابەشبوونی عێراق قەبوڵ ناکات و یەکپارچەیی خاکی عێراق بەلای ئێمەوە گرنگە و هێڵی سوورە”.

محەممەدڕەزا ئەمیر حەسەنخانی، پەرلەمانتاری شارۆچکەی فیردەوسی، لە پارێزگای خۆراسانی باشووریش لەمبارەوە ڕایگەیاندووە “لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران ناچنە خانەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقەوە، بەڵکو ئەو گوتانە لەسەر بنچینەی خەمخۆرین بۆ داهاتووی پەیوەندی برایانە و هاوڕێیانەی عێراقییەکان”.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دژایەتی خۆیشی بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان دەربڕی و سەربەخۆیی کوردستانی بە قەیرانێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد. راشیگەیاند “هیوادارین کوردانی وڵاتانی ناوچەكە، هاوشێوەی کوردانی ئێران مافی تەواوی هاووڵاتیبوونیان پێبدرێت”.

لە هەمان کاتدا هەر لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ڕاگەیاند و گوتی “بەرزکردنەوەی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای حکومەتی عێراق لە کەرکووک بەنادەستووری دەزانین”.

وڵاتی تورکیە و ڕژیمی ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک وەستانەوە.

ئەردۆغان لە یەکێک لە پرۆپاگەنداکانی گشتپرسیی وڵاتەکەی لە تورکیە گوتی ئەگەر هەرێمی کوردستان، ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لانەبا، ئێمە ناچار دەبین خۆمان ئەو کارە بکەین.

هەرچەند پارتی دیموکراتی کوردستانی باشوور لەسەر ئەو بڕوایەیە کە تورکیە دژایەتیی سەربەخۆیی و گشتپرسی ناکات بەڵام شارەزایانی سیاسی لایان وایە تورکیەش وەک ئێران و تەنانەت توندتریش، دژ بە سەربەخۆیی هەرێم و گشتپرسی دەوەستێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەرژەوەندیی ئابووری وایکردووە، تورکیە هەڵوێستی ئاشکرای خۆی لەمبارەوە ڕانەگەیێنێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووزیاتر لە ٥٠ کەس لە خەڵکی گوندی سۆفیانی شنۆ بانگهێشتی ئیتلاعات کران+شوناس
بابەتی دواتر«ئۆرکێسترا فلارمونیک» لە هەرێمی کوردستان کۆنسێرت دەکات