چەند سەرنجێك لەبارەی كردەوەكانی تاران!

0
833

عەلی بارامی

رۆژی چوارشەممە 17ی جۆزەردان، لە تارانی پێتەختی ئێران دوو هێرشی چەكداری بۆ سەر مەجلیسی رژێم و گۆری خومەینی رووی دا كە كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو كردەوانە لە شارێكی گەورەی وەك تاران و پەلاماری مەجلیس و گۆری خومەینی لە خۆیدا بیر هێنەرەوەی چەند رووداوێكی هاوشێوەیە كە لە رابردووشدا لەلایەن دەسەڵاتداران پیلانی بۆ دارنراوە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان، لە ئێستاشدا و لەو دۆخە ناڵەبارەی رژێم تێكەوتووە مەجبور بوبێ‌ پەنای بۆ دووبارەكردنەوەی بردبێتەوە.

لە دوای ئەوەی داعش ئەو كردەوانەی وەئەستۆ گرت گومانەكان لە سەر سیناریۆكە  زیاتر بوو چوونكە ئەو گروپە تیرۆریستیە لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، لە عێراقدا بە تەواوی گەمارۆدراوە و وێدەچێ لە داهاتوویەكی نزیكدا بەتەواوی شكست بدرێ و ناوچەكانی ژێردەستی ئازاد بكرێ و لە سوریەش بەردەوام دەكرێتە ئامانج و لە چەندین لاوە گەمارۆ دراوە. بۆیە لە هەلومەرجێكی وادا حەستەمە داعش بتوانێ‌ پەلامارێكی لەو شێوەیە بدات. لە لایەكی دیكە وەك لە رابردوودا بینیومانە لە دوای لاوازبوونی گروپە تیرۆریستیەكان، ئەگەر زۆریش نەیاری رژیم بووبن بەڵام رژێم دەستی بەسەردا كێشاون و بۆ بردنەپێشی سیاسەتەكانی لە وەلاتانی ناوچەكە بەكاری هێناون، كە نمونەی تالیبان و ئەلقاعیدە دوو بەڵگەی زۆر روون و بەرچاون.

لە دوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دەسەڵاتەكەی تالیبان و رووخانی حكومەتەكەیان، رژێمی ئێران داڵدەی دان و هاوكاری كردن تاكەڵكیان لێ‌ وەرگرێ‌ و ببنە كۆسپ بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و ناوچەكە.

لە ئێستاشدا كە داعش بەرەو لاوازی دەچێ  ئەگەری زۆرە لە دوای هەڵكەندنیان لە عێراق و سوریە رژێمی ئێران داڵدەیان بدا و بەكاریان بێنێ. كە دەكرێ‌ هێرشی سەر مەجلیسی رژیم و قەبری خومەینی جۆرێك  بێ‌ لەو شێوە بەكارهێنانانەی تیرۆریستان . چوونكە ئەگەر بەراستی ئەم شانۆسازیە لەلایەن خۆیانەوە دانەرێژایە دەبوو قوربانی زۆری لێ بكەوتایەوە بەتایبەت لەسەر گۆری خومەینی هەروەك لە گرتەیەكی ویدیۆیی دا دیارە خۆكوژەكە لە شوێنێك دا خۆی تەقاندەوە كە هیچ كەسێكی بە دەورەوە نەبوو. لە كاتێكدا سێ رۆژ لە یادی مردنی خومەینی لای داوەو بەپێی عادەت دەبوو ژمارەیەك لە بەكرێگیراوانی رژیمی  لێ بوایە.

بەهۆی زێدەخوازیەكانی و تۆمەتباربوونی  بە پشتیوانی تاقم و گروپە تیرۆریستیەكان و پێناسەكرانی بە ماكەی تیرۆر و مێحوەری شەر، دۆناڵد ترامپ سەرۆك كۆماری ئەمریكا  بەجیددی بەرنامەی بۆ بەرنگاربوونەوەی   رژیمی ئێرانی خستۆتە  باری جێبەجێ كردن و هاوپەیمانی عەرەبی بە ئابڵوقەی وەڵاتی قەتەری دۆستی رژێم هەنگاوی یەكەمیان هەڵێنا و لە داهاتوودا لە وەلاتانی عێراق و یەمەن و دواییش سوریە و لوبنان شاهیدی گورزی كاریگەر لەو رژێمە دەبین، كە رژێم  بە باشی هەستی بەوە كردوە.

هاوكات كێشەكانی نێوخۆی دسەڵاتدارانی رژێم لە دوای مەرگی گوماناوی رەفسەنجانی و بەرێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەكان، بە خاڵێكی هەستیار گەیشتووە كە ئەگەری لێكهەڵبەزینەوەو پەلاماری باڵەكانی رژیم  دوور نیەو ئەگەرێكی چاوەروان كراوە.

دەسەڵاتدارانی رژیم ویستیان بەو شانۆسازیە  بە خەڵكی ئێران بڵێ كە ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵە لە عێراق و سوریە و وەلاتان روودەدا و ئێمەش مەترسیمان لێی بوو ئەورۆكە لە پێتەخت دا ئێخەی گرتووین و ئەگەر كۆماری ئیسلامی نەبێ و هێزەكانمان لە دەرەوەی سنوورەكان نەبن بۆ ئاژاوەگێری و پێگەمان لە ناوچەكەدا بەهێز نەبێ بێگومان ئێرانیش دەبێتە سوریە و یەمەن و عێراق.

رژێمی ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا لە هەلومەرجە حەساسەكاندا بۆ راكێشانی هەستی خەڵك مەزلووم نەمایی كردوە لە ئێستاشدا كە هەست بە مەترسی دەكاو خەڵكیش لە ناوخۆدا بێزاریەكی زۆریان بەرامبەری هەیە، پێویستی بەوە بوو كە گۆری خومەینی بەشێك بێ لە بەرنامە و سیناریۆكەی. هەروەها بەو كردارە دەیەوێ بە كۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی و بە دیاری كراوی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بڵێ كە هەمیشە ئامانج و قوربانی تیرۆر بووە، بۆیە بۆ دوور خستنەوەی مەترسیەكانی تیرۆر، لە دەرەوەی سنوورەكانی شەری تیرۆر دەكات.

بۆ سەلماندنی راستی سیناریۆ بوونی كردەوەكانی ئەورۆی تاران راگەیەندراوەكەی سپای پاسدارانی رژێم بوو كە لە دوای ئەوەی بە ناو تاقمی ترۆریستی داعش كردەوەكانیان وە ئەستۆ گرتووە، بەڵام سپا پێوەندی داوە بە عەرەبستان و ئەمریكا و هەرەشەی تۆڵەسەندنەوەی لێكردوون و ئەو وەلاتانەی بە پشتیوانی داعش داناوە. هەروەها هێزەكانی سپای بە پارێزەری ئاسایشی خەڵكی ئێران داناوەو بەڵێنی پێداون بۆ پارێزگاری لە گیانی خەڵك دواناكەون، لە كاتێكدا جێگری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی رژیم رایگەیاند كە بكەرانی ئەو كردەوانە ئێرانی بوون!

ئاكامی ئەم باسە ئەو گومانە بەهێزدەكا كە بە مەبەست لەم ساتەدا ئەو كردەوانە جێبەجێ كراوە، ئەویش لەلایەك خۆی بە قوربانی تیرۆر لە قەڵەم بدات، لەلایەكی دیكە خەڵكی بێزاری ئێران لە تێكچوونی ئاسایشی ئێران بترسێنێ، سپا لە تەسویە حیسابە ناوخۆییەكان دەست ئاوەڵەتر بێت، هەروەها رەوایی بدا بە زێدەخوازیەكانی و بەشداری و پشتیوانی لە گروپ و حكومەتە خوێنرێژەكانی وەك حیزبوڵا و حوسیەكان و بەشار ئەسەد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشوودوو سەرکەوتنی تری وەرزشوانانی کورد لە ئاستی ئێراندا
بابەتی دواترخەباتی كورد لە ئێران، پاش سەربەخۆییی هەرێم