دیمانەی تایبەتیی ” رۆژی کورد ” سەبارەت بە پرسی ئێستای خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ”هەڵمەت مەعرووفی ”نووسەرو وەرگێڕ.
ڕۆژی کورد :خەباتی ئیستای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟
هەڵمەت مەعرووفی : هەر کات ئەم پرسیارە لە من کرابێ، لە هەمبەریدا ئەم پرسیارەم کردووەتەوە کە، “ئاخۆ حیزبەکان ئێستا خەباتێکیان ماوە تا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین؟”، ئەگەر بمهەوێ ڕاشکاوانە بەرسڤی بدەمەوە، دەبێ بێژم لە بیست و پێنج ساڵی بهووریدا و بەتایبەتی لە ٢٠٠٣ی زایینی بەم لاوە واتا ڕێک ٢١ ساڵ، حیزبەکان لە سەنگەری خەباتەوە دابەزین بۆ بوون بە کۆسپ لە ڕێگای خەبات (گەرەکمە هەندێک پارێز بکەم و لەوما نامهەوێ بێژم دژە-خەبات). ئەمە لە چەند قۆناخدا و بە چەند هۆکار هاتە ئاراوە. سەرەتا ئاماژە بە هۆکارەکان دەکەم و ئینجا قۆناخەکان و لێکەوتەکانیشی دەخەمە بەر باس.
هۆکار:
- ڕێبەریی حیزبەکان (لە کۆمەڵە هەر لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران و هاتنە ئارای کۆمەڵە، لە دێموکرات لەدوای تیرۆری د. سەعید شەرەفکەندی)، ئیتر لە بارتەقای گەورەیی خەبات و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەک و دزێویی ڕژیمی ئێران و بەگشتی کۆی ئێرانییەکاندا نین. کە ئێژم کۆی ئێرانییەکان، ئاشکرایە خۆ، ڕێبەریی ئێستای ئەم حیزبانە، تەنانەت لە هەمبەر چەند فارسێکی پۆپۆلیستی ناسیاسیی هەلپەرستی گاڵتەچیدا دەیدۆڕێنن و دەبنە پەندی ڕۆژگار. نموونە زۆرە، لێ حەز ناکەم ناوی ئەم کەسگەلە هەر بێنمە زمانیش، چونکوو بەڕاستی تەنانەت لەو ئاستەشدا نین و ئەگەر ڕێبەریی شڵەژای حیزبە تێکچڕژاوەکانی ئێستامان نەبووایە، بێ گومان ئەوانە هەر ناویان لەناو ناوانیشدا نەبوو.
- مام جەلال تاڵەبانی، لەدوای ٢٠٠٣ و بەهۆی بەڵێنێکی بە برادەرانی ئێرانیی خۆی دابوو – کە هەمیشە ئەو برادەرانە بۆ ئەویش و بۆ بارزانییەکانیش لە پێشەوەی کوردستان و کورد و کوردایەتی بووگن- سیاسەتی چاوەڕوانیی لەناو حیزبەکاندا چان. واتا: چیتان لەو سەرئێشە داوە، خەبات بە کلاشینکۆف ناکرێ، دانیشن تا وەک ئەوەی عێراق، ئەمریکا لێی دەدا و ئێوەش بە چەپڵەڕێزان دەچنەوە و دەبن بە سەرۆککۆماری ئێران و فیدرالی وەردەگرن. لە ڕاستیدا ئەو گۆڕینی خودموختاری بۆ فیدرالیش هەر بەرهەمی ئەوە بوو. ئەم قەبووڵکردنی ئاڵای کوردستان وەک ئاڵای هەر چوار پارچە کە تەنانەت کۆمەڵە بەر لە حدکاش پەسندی کرد.- کە تا ئەو کاتی بە هیچ شێوەیەک نەتەوەیی نەبوو و نیوەی شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کردبوو بە قوربانیی خەبات بۆ چینی کرێکار و دژایەتیی لەگەڵ بە وتەی خۆیان ناسیۆنالیست- هەڵبەت نایشارمەوە کە من ئێستاش دڵنیام ڕێبەریی کۆمەڵە و بەدەنە کۆنەکەی، بە هیچ شێوەیەک نەتەوەیی نین و تەنانەت قێزیشیان لێی هەڵدەستێ، بەڵام نەوەی نوێ و بەدەنەکەی بەڵێ تا سەر ئێسقان نەتەوەیین. ئەم سیاسەتی چاوەڕوانییە کۆڵی خەباتەکەی کوتا و کردی بە کۆسپی سەر ڕێی خەبات.
- ئینشعابەکان کە بەداخەوە ئێستاش هەندێک حیزب بە ناو پێکەوەن ئەگینا نە بە ناوەرۆک و نە بە پەیوەندی و نە تەنانەت وەک کومیتەکانی هەندەرانیان، قەت یەکیان نەگرتووەتەوە. با ئەمە بە کورتی ببڕمەوە و نامهەوێ وردەکاری بخەمە ڕوو.
- پیربوونی ڕێبەریی حیزبەکان، ڕێگەگرتن بە مانەوەی هێزی لاو و ڕاکێشانی ئەو لاوانەی کە توانایی پیرانەجووڵانەوەیان هەیە: ڕێبەریی حیزبەکان، هەر کات زایبێتیان یەکێک باسی کار و تێکۆشان و ڕابوونەوە دەکات، بە شێوازی جیاجیا وایان لێ کرد کە قەت باسی خەبات نەکاتەوە.
قۆناخەکان:
- دوای شەهیدبوونی د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی: ئا لێرەدا، هەندێک کەس کە لەوەتەی هەبوون خەونی بوون بە ڕێبەریان دەبینی، هەموو شتیان لە پێناو خەونەکەی خۆیاندا تێدا برد. لێرەوە ململانێ سەریهەڵدا. ململانێ لەنێوان دەسەڵاتخوازانی نەشیاو و ناکارا نەک کەسانی کارای بەتوانا کە نیازی کار و خەباتیان هەبێ. لە کۆمەڵەش وابوو، ئینشعاب بە بیانووی هزری جیا و ئینشعاب بە بیانووی زۆرداری و نەشیاوی و یەکگرتنەوە هەر لەتەک ئەم کەسانەدا بە بیانووی بەرژەوەندیی گشتی!!!!
- هەرێمی کوردستان کرا بە بیانوو. وتیان هەرێم دەپارێزین. ئەوە لە ١٩٩٦ بەولاوە دەستی پێ کرد و لە ٢٠٠٣ بەولاوە زیاتر. ئێستا ٢١ ساڵ دەرباز بووگە. دەبینین نە هەرێم بە ئەوان وەفادارە، نە هەرێم پارێزراوە و نە خەباتێک ماوەتەوە. ئەم هەنجەتی هەرێمی کوردستانە، هەم ڕاست بوو هەم درۆ. بە ڕواڵەت ڕاست و جوان بوو وەک کورد دەڵێ سەر قۆزی بن تۆز، کوردستان پشکێکی ئازاد ببوو، دەیتوانی ببێ بە دەنگی کورد و ئاڵای کورد هەڵبگرێ و …هتد، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر سیاسییانە بڕوانی و بەپێی ڕیالیزمی سیاسی (هەییگەرایی سیاسی) بنواڕی، ئەوا ڕێک پێچەوانەیە. ئەگەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات ئازا و لە مەیداندا مابانەوە، ئێرانیش نەیدەتوانی ئەوەندە تین و گوشار بخاتە سەر هەرێم، هەرێمیش ئەگەر لە ڕاستیدا خۆی بە بەشێک لە ئێران نەزانیبایە و وەفای کۆنیان بە ئێران هەر ڕۆژ نوێ نەکردبایەوە و لە بیری بوون بە دەوڵەت و حکومەتدا بووبان نەک خێڵ و میرنشین، ئەوا دەیانتوانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەکار بێنن. بەڵام هەم ئەوان ئێران ناوکی بڕیون و هەم خۆیان سوێندخۆری ئێرانن و پەیمانیان ناشکێنن و هەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەم ڕێبەرییە و بەم ئەقڵیەتی ڕێبەرییەوە، نایانهەوێ کار بکەن. کە ڕاستیدا هەنجەتێک بوو بە قازانجی هەر سێ لای پارتی و یەکیەتی، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕژیمی ئێران. ئەمەش لە ڕووی پێکهاتەییەوە و ڕوانینی پێکهاتەیی (سیستەمی) دیارە بەرەو کوێ دەڕوات و ئێستاش ئێران لەم قۆناخە لە نەناوچوون و لاوازبوونی حیزبەکان وەک پێکهاتەیەک، دەیهەوێ هەنگاوی تر بنێ. بە کوردی: دارەکەی کرمۆڵ کردووە، دەیهەوێ ئیتر بنەبڕی بکات بەڵام هەندێک کرم هەن بۆ ئێران پێویستن و بۆیەش جارێ پەلەی نییە.
لێکەوتەکان: کە باس لە لێکەوتەکان دەکەم، ڕێک هەر ئەو خاڵەیە کە “حیزبەکان بوون بە کۆسپی بان ڕێگای شۆرش (خۆ گوتم نایێژم دژە-شۆرش)
یەک: لە ڕاستیدا حیزبەکان لە خەباتگێڕەوە بوون بە سوپاپی دڵنیایی ڕژیم. لاوانی خوێنگەرمی ناوخۆ بە هێز و گوڕ و تینەوە، بە ئامانجی یان کوردستان یان نەمان، هاتن بەرەو لای حیزبەکان. ماڵ و ژیان و ناوخۆیان جێهێشت. کار و پیشە و خوێندنگایان جێهێشت، تا بێن و بە کردەیی خەبات بکەن، لێ سەریان لە کوێ دەرهاورد:
- تەلەفزیۆنە بازرگانەکانی باشوور کە بە دوور لە هەر چەشنە ڕەوشت و کەرامەتێکی مرۆڤی و کوردستانیانەن.
- باڕ و بەنزینخانە و کارەباچێتیی و ساڵۆنی جوانکاری و ڕیستۆران و …هتد لە باشوور.
- ئورووپا
- بوون بە وەرگێڕی پەرتووکە بێ نرخ و بایەخە فارسییەکان و هەناردەکاری ئێرانی فەرهەنگی.
ئاوا ئێران بارگرانیی لەسەر نەما، بەڵکوو لە ٢٠١٠ بەولاوە، بەپێی بەڵگەوە، خۆیان بە دەیان بەندکراوی سیاسی و چالاکی سیاسی و مەدەنییان گوتووە، فەرموو ڕێگات بۆ دەکەینەوە بڕۆ ئورووپا و لە کۆڵمان بەوە. شەش نموونەم هەیە کە تەنانەت پێیان گوتراوە پارەی ڕێگاشیان دەدەنێ. جا ئەوە لایەنی تریشی هەس، پەی نموونە، ڕژیم زۆر کەسی بە ناوی ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی ناساندن و هاتنە هەندەران و ئێستاش سەر بە ڕژیمن و لە زۆر ڕێکخراوە و حیزبی کوردیشدا چالاکن، لە کاتێکدا بەڵگەی جاشبوونیان ڕوونە کەچی ئەوان لەلای سەرەوەی هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارێکی حیزبەکان و ڕێکخراوەکانن.
ئێستا حەوجێی دیسان ئەم پرسیارە بکەمەوە هەیاکوو خوێنەر خۆی دادوەری بکات: “ئاخۆ حیزبەکان ئێستا خەباتێکیان ماوە تا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین؟”
ڕۆژی کورد :ئاخۆ پێت وایە بەو شێوەخەباتە ، بتوانین بە مانای تەواوی خۆی خەباتی شار و شاخ گرێ بدەیەنەوە لە کاتێکدا شاخ بوونی نییە ؟
هەڵمەت مەعرووفی: لە درێژەی پرسیاری یەکەمدا، ئێژم: “خەباتی شاخ تەنیا بووگە بە دروشم و نییە، نها ئێمە خەساری شاخمان هەیە. لە ڕاپەڕینی ژیناشدا هەروەک لە سەرەتاوە شێمانەییم کردبوو و نووسیومە، ئەم حیزبانە خەباتی ناوخۆیان لەق کرد و خەڵکیان سارد کردەوە و ئاویان بە ئاگردا کرد. درۆ و ناڕاستییە ئەگەر بێژین ئەوە ئێرانییەکان بوون کە ڕاپەڕینی ژینایان داڕماند، چونکوو کوردستان نە بە قسەی ئەوان، نە بە ڕێنمایی ئەوان و نە بۆ دڵی ئەوان و بە پەی داواگەلی ئەوان خەباتی کردووە و دەکات. دروشمی کوردستان ڕوونە: “هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ”، “کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان”، خۆ کورد نایێژێ هەتا ئێرانییەک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ. کورد وەک خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، لە خۆی تێگەیشتووە. ویستەکانی دەناسێ، میکانیزمگەلی خۆیشی دەناسێ، لێ کێشە ئەوەیە کە لە ڕووی ڕۆحییەوە نکاریە لە حیزبەکان داببڕێ یان نەیویستووە، لەوما ئەوە حیزبەکانن، ئەوە نایەکگرتوویی ئەوانە، ئەوە پاشاگەردانیی ئەوانە، ئەوە بەرژەوەندیخوازیی ئەوانە کە ڕاپەڕینی ژینا و دەیانی تری لە دوو دەیەی بهووریدا سارد کردووەتەوە و تەنانەت خنکاندوونی.
ڕۆژی کورد :وەک ئاگادارن لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهانیدا ، هێزە یەکلاکەرەوەیە، بەڵام بۆچی حزبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی لەو هێزە بێبەری کردووە ، ئاخۆ توانای چەکدارییان نەماوە یان باوەڕیان وایە ڕێکاری خەبات گوڕدراوە ؟
هەڵمەت مەعرووفی : گەلێک جاران ئەم سەردەمەی دوو دەیەی بهووریی حیزبەکانم بە “ئەحمەد تۆفیقیزم” پێناسە کردووە، واتا سەردەمی پاشکۆ بوون. سەردەمێک کە حیزبەکانی باشوور و ب خاسمانی پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق، لەوەتەی هەس خەونی پێوە دەبینێ، ئەمیش بریتییە جە لەناوبردنی حیزبی دێموکرات یان هەر نەبێ کردنی بە لقێکی خۆی کە ئێستا کردوویەتی و بە ئاشکرا دیارە. کۆمەڵەش کە لەوەتەی هەبووە یەکیەتیی بە دەستەبرا و دەستەخوشکی خۆی داناوە، لێ هەم مێژوو ڕوونە و هەم حاڵی نهای یەکیەتی و کۆمەڵە. ئەز نە چاوەڕوانم ئەم حیزبانە خەباتی چەکداریی بکەن، لێ تەمانم ئەوەسە ڕێگا لە خەباتی خەڵک نەگرن، جا هەر چەشنی بێ. خەباتی چەکداری قەینا، ئەوان خەباتی مەدەنیشیان لاڕێ کردووە. ئاخۆ کەو ئازاد کردن، داری سووتاو کوژاندنەوە –ئاگرێک کە ئیتر ڕوونە تەنیا پاستاڕ و جاش نایکەنەوە و دەستی تریش هەن- ئاخۆ جامانە بەستن، ئاخۆ گرووپی هەڵپەڕکێ سازکردن، ئاخۆ نوکتە گێڕانەوەی بە کوردی لە ئینستاگرام (ئەوانە هەموو جوانن نایێژم خراون) خەباتن؟ ئەویش لە سەردەمێکدا کە باسی ژیریی دەسکردە!!!؟؟؟ تۆ بێژی کوردایەتی ئەوەندە سووک و ساکار و سانا بێ کە بە کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و جامانە لەسەرکردن، کێشەکەی چارەسەر بێ؟
دەفەرموون خەباتی چەکداری سەرنەکەوتووە. بەڵێ بێ گومان پاسەنە، خەباتی چەکداری بە شێوەی بەرگری قەت سەرناکەوێ. خەباتی بەرگریانە، نەک هەر لاوازییە، بەڵکوو تێداچوونە. ئاخۆ ئێمەی کورد قەت ڕێگاکانی ترەگمان تاقی کردووەتەوە؟ نەخێر. ئەدی کۆسۆڤۆ چاوا سەرکەوت؟ بە خەباتی مەدەنی؟
لە ڕیالیزمی سیاسیدا (هەییگەرایی سیاسی)، باسی هێز باسێکی گرنگە. دەوڵەتان و ڕێکخراوە چەکدارییەکان، کۆی بڕیارەکانیان بەپێی هێزە. هێز یەکلاییکەرەوەیە. سیاسەتی جیهانی بەپێی دوو شت هەڵدەسووڕێ: هێز و بەرژەوەندی.
پرسیار ئەوەیە: ئەگەر خەباتی چەکداری چیتر واتای نەماوە، بوونی ئەم حیزبانە بۆ چییە؟ لە بەڕێوەبەری و ڕێبەریدا، دەڵێ هەر کات کارایی ڕێکخراوێک بەسەرچوو، یان دەبێ کاری نوێی بۆ بدۆزرێتەوە یان دەبێ هەڵوەشێتەوە. ئەگەر ئێژن خەباتی مەدەنی کاری نوێی حیزبەکانە، دڵنیاتان دەکەمەوە نە وایە و نە پێویستیی بە ئەوانە، بگرە ڕێنماییە هەڵەکانی ئەوان و خۆ پێ هەڵواسینی، لاڕێی کردووە. با نموونەیەک بێنمەوە: لە کاتی هێرشی کاولکارانەی ئێرانیی داگیرکەر بۆ سەر ئاوایی قەرەسەقەل، ئەز هەر پی تاقیکردنەوە پێشنیارم دا تاکوو کۆمەڵێک ژن و پیاو (مەبەستم ئەوە بوو هەندێک بەتەمەنترەکان کە ئەگەری دەستوەسەرکردن و ئەشکەنجەیان کەمترە) بە دروشمی “نا بۆ تێکدانی ژینگە” و بە پلاکارد و نووسراوەوە بچن ڕێگا بە چەکدارەکانی دوژمنی داگیرکەر بگرن، کەس نەیکرد، کەچی حەوتوویەک دوای شەڕەکە هەندێک گرووپی لاوی ژینگەپارێز لە چیاکانی ئەم دەڤەرە ڤیدیۆیان دانابوو: “یاوەی لێ لێ یا وەی لۆلۆیە، لە کوردستان خۆشتر کوێیە”.
ڕۆژی کورد :بەرێزتان پێتان وایە لەم دۆخەدا ، کورد پێویستە تاکتیکیانە بیر بکاتەوە یان ستراتیژیانە ؟
هەڵمەت مەعرووفی : لە مەبەستی پرسیارەکە باش تێ ناگەم، بەڵام تاکتیک و ستراتژی دوو شت نین لە یەک دابڕاو بن. خۆ ناکرێ بێژی ئا لەم بەشەدا تاکتیکم دەبێ و ئا لەم بەشەدا ستراتیژی. ستراتیژی شتێکی نەگۆڕە و تاکتیک بەپێی کات و هێز و پێویستی و شوێن دەکرێ بگۆڕدرێ. گرنگ لێرەدا دوو شتە:
یەک: نەبوونی کەلێن لە نێوان ستراتیژیی و تاکتیکی تۆ لەگەڵ کۆمەڵگای ئامانج.
دوو: نەبوونی کەلێن لە نێوان عەین و زەینی خۆتدا. واتا ئەوەی تۆ لە مێشکتدا شتێک بێژی و لە ڕاگەیاندن و سەر زمانت شتێکی تر. یان ئەوەی بە کوردی و بۆ کورد شتێک بێژی و بە فارسی و بۆ فارس شتێکی تر. یان ئەوەی لەسەر تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندن شتێک بێژی و لە کۆبوونەوەی خۆتدا شتێکی تر. ئەمە ناڕوونیی سیاسی نییە، دووڕوویی سیاسییە.
حیزبەکانی ئێمە عەین و زەینیان هەم زۆر لێک دوورە و هەمژی ئەوەندەیان ئەوەی عەین واتا سەر زمانیان کە ئێمە بە چاو دەیبینین سەدپات کردووەتەوە، نها بووگە بە باوەڕیان. ئەز قەت بڕوا ناکەم کاک خالید عەزیزی و کاک عەبدوڵا موهتەدی و کاک مستەفا هیجری و کاک عومەر ئیلخانیزادە و مەلا عەبدوڵا حەسەنزادە و ئەوانی تر، تا سەر ئێسقان ئێرانچی نەبن و ئەوەی دەیکەن هەر قسە بێ. نەخێر، جان لاک واتەنی: هەر شتێک چل جاران دووپات بکەیتەوە، دەبێتە بڕوات، ئەوانیش نها ئەمە بڕوایانە، چونکوو کردەوەکانیان و ئاقاری هەنگاوەکانیان دیارە.
ڕۆژی کورد:ئاخۆ پێت وانییە ئەحزابی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئیستاش گیرۆدەی بەربەرەکانی ئایدۆلۆژیایین ؟
هەڵمەت مەعرووفی: لە سەید برایم عەلیزادە و ئەو سی چل کەسەی لەگەڵی ئەو هەن بە سەلاح مازووچیشەوە، زیاتر من هیچ ئایدیۆلۆژییەک لەناو حیزبەکاندا نابینم. سەید برایم و مازووچیش شتێکە پەنجا ساڵ لەوەی پێش فێری بوون و وەک ئەسحابی کەهف لە سەردەمی بلشویک و ستالین و لێنیندا ماونەتەوە و ئێستاش هەر بڕوایان بەو کاتیە و جیهان هەر ئەوەیە کە ئەو کاتی بووگە. دەکرێ بێژم ئەوان تووشی جەڵدەی کات بوون، یان بێژم دڵی کات لای ئەوان لە لێدان وێستاگە. ئەوانی تر هیچ کامیان نە زانیاریی ئایدیۆلۆژیکیان هەیە و نە بڕوایان بە هیچ ئایدۆلۆژیایەک هەیە، تەنیا ئەوە نەبێ لە ڕووی سڕینەوەی بەرانبەر لە ناو خۆیان و ناو هێزەکانی تری کوردددا، خوا هەڵناگرێ هەموویان لێنینیستن.
ڕۆژی کورد : بەگشتی چی بکرێت بۆ دەرچوون لە نسکۆی خەباتی حەقخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخە هەستیارەدا ؟
هەڵمەت مەعرووفی : ئەز ئەوەی بە نسکۆ نزانم، ئەوە سەردەمی ئاویلکەدانە، ژیان بە هەناسەکێشانی دەسکردە. قەینا بە ڕاشکاوی دەینووسم:
ئەگەر بمانهەوێ خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیتر دوانکەوێت باشتر وایە و پێویستییەکی مێژووییە کە ئەم حیزبانە خۆیان خۆیان هەڵوەشێننەوە. خۆیان گەلێک ڕاستوێژانە بێژن خەڵکی کوردستان ئێمە چیتر ناتوانین ئەم ڕێباز و حیزبانە ببەینە پێش و لێرەوە هەڵوەشاندنەوەی خۆمان ڕادەگەیێنین. جا ئەو کات دەکرێ پێنج تا دەس ساڵ چەمەڕا بین تا کەسانی بەهێز، ڕایەکی تر ئەم حیزبانە چێ بکەنەوە، یانژی لەوانەیە لەبری حیزبەکان شۆرشێک دەست پێ بکات.
ئەم دۆخەی نها نە بە قازانجی کوردستانە، نە هی کورد و نە تەنانەت خودی حیزبەکان. حیزبەکان دەتوانن ئاوا مێژوویەکی نوێ تۆمار بکەن. ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا و تەنیا بە قازانجی ڕژیمە. دڵنیام ڕژیمیش نەیگەرەک ئەو حیزبانە بەتەواوی لەناو بەرێ. چونکوو دەزانێ لەناوچوونیان، بە واتای هەڵچوونەوەی کوردستان و تێهەڵچوونەوەی کەسانی ئازا و بە گوڕە. حیزبەکان دەبێ قەبووڵی بکەن کە بوون بە کۆسپ و ڕەواییەکی ئەوتۆیان نەماوە. نەک ئەوەی خەڵکی کوردستان ئەو ڕێبازانەی نەوێ، نا ئەم ڕێبازانە ڕەواییان هەر هەس و دەشیانمێنێ، لێ ئەم ڕێبەرایەتی و ئەم شێوە ڕێبەرییە نەخێر نەیماوە.
تێبینی : ماڵپەڕی ڕۆژی کورد وەک ماڵپەڕێکی ئازاد ، ڕاوبیروبۆچوونی هەموو کەسایەتیی سیاسیی و حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ بەربەست و چەپەر و فیلتەر بڵاو دەکاتەوە سەبارەت بە چۆن بەردەوامیی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان .
هاوکات ڕاوبۆچوونی کەسایەتییەکان نیشانەی هاوڕابوون یان هاوڕانەبوونی ڕۆژی کورد نییە لە دیمانەکاندا و خۆیان بەرپرسیارن