چی بکرێت بۆ دەرچوون لە نسکۆی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

0
1428

دیمانەی تایبەتیی ” رۆژی کورد ” سەبارەت بە پرسی ئێستای خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ” زاهیر حوسەینی ” مامۆستای هونەر و چاودێری سیاسی .

ڕۆژی کورد : خەباتی ئیستای حزبەکای ڕۆژهەڵاتی لە باشووری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟

زاهیر حوسەینی : دیارە پرسیارەکە ئەتواندرێت خوێندنەوەی  جیاوازی بۆ بکرێت. خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت  لە ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی  کوردستاندابێت، نەک لە باشووری وڵات. یان دەبوایە بنکەو بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان لە ناو چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا بویایە، کە داگیر کەرانی خاکی کوردستان نەیانتوانیایە بە ئاسانی دەستیان پێبگات و سنوورداریان بکات.  نەک لە ناو شار و شارۆچکەکانی باشوری وڵات. لە کاتێکدا مقەڕو بارەگاکانت وە هەروەها کادر و پێشمەرگەکانت بۆ هەموو لایەک ئاشکرابێت، زەحمەتە بتوانیت برەو بە کارە  تەشکیلاتی و  سیاسیی و پارتیزانییەکانت بدەیت، لە کاتێکدا قەوارە و توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان سنوردارە. وەڵامی کورتی پرسیارەکە ئەوەیە کە بەداخەوە خەباتی ئێستای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی زۆر سنووردار و لاوازە .

ڕۆژی کورد :ئاخۆ پێت وایە بەو شێوەخەباتە ، بتوانین بە مانای تەواوی خۆی خەباتی شار و شاخ گرێ بدەیەنەوە لە کاتێکدا شاخ بوونی نییە ؟

زاهیر حوسەینی :بێگومان بۆشاییەکی فراوان دەبیندرێت لە نێوان خەباتی شاخ و شاردا،   وە لەهەمان کاتدا ئەوەی زیاتر جێگەی داخە سوود وەرنەگرتنە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەنکەلۆجیا، کە لە کاتێکدا سەردەم سەردەمی تەنکەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە، ئەوەی کە جاران هێزی پێشمەرگە بۆ هوشیاری نەتەوەیی لە ناو خۆی وڵات لە شار و شارۆچکە و لادێکاندا ،لە ناو مزگەوت و ماڵاندا هۆشیاری نەتەوەیی و بیری ئازادیان بڵاو دەکردوە و کۆڕو کۆبوونەوەیان بۆ خەڵکی دەگێرا، ئێستا ئەتواندرێت زۆر بە ئاسانی و لە ڕێگەی سود وەرگرتن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بە ئاسانی  پەیامت بگات بە زۆربەی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا. ئەتوانین بڵێتن کە لە ئێستادا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەتوانێت، جێگرەوەی شاخ  و شانە نهێنیەکانی ناو خۆی وڵات بێت …

ڕۆژی کورد : وەک ئاگادارن لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهانیدا ، هێزە یەکلاکەرەوەیە ، بەڵام بۆچی حزبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی لەو هێزە بێبەری کردووە ، ئاخۆ توانای چەکدارییان نەماوە یان باوەڕیان وایە ڕێکاری خەبات گوڕدراوە ؟

زاهیر حوسەینی : هۆکارەکان زۆرن، ئەتوانین لە چەند خاڵێکدا کۆیانبکەینەوە.
– نەبوونی ناوچەیەکی ئازاد لە ژێر دەستی هێزە ڕۆژهەڵاتیەکاندا، کە بتوانن هێزەکانی خۆیانی تێدا تەیار و ئامادەبکەن بۆ شەڕی پارتیزانی. بە بێ ئەوەی کە ببێتە بارگرانی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.
نەبوونی هەماهەنگیی و بەرەیەکی ڕاستەقینە لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا. کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر باوەڕی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ هاوکاریی و یارمەتی ماڵیی و مەعنەوی بۆ هێزە ڕۆژهەڵاتیەکان، واتە  گەر  بەرەیەکی کوردستانی ڕاستەقینە هەبێت، لەو باوەڕەدام کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چی لە ناوخۆوچی لە هەندەران بتواندرایە کۆمەک و دەرامەتی ماڵی بۆ ئەو بەرەیە کۆ بکرێتەو. وە لە هەمان کاتدا دۆستانی کورد لە جیهاندا  بیانتوانیبایە هاوکاریی ماڵی و مەعنەوی ئەو بەرە یەکگرتوە بدەن. بە ڵام بەداخەوە هەر حیزب و لایەنەو لایەنگری هەر حیزبە و بۆ حیزبەکەی خۆی هەوڵدەدات. بەڵام گەر بەرەیەکی کوردستانی یەکگرتوبێت، ئەوانەی کە سەر بە حیزبێکی سیاسیش نین ، وەک کوردێک هاریکاری ئەو بەرە کوردستانییە بکەن.
باڵباڵێنە و لێکترازانی ناو هێزە سیاسییەکان، ئەتوانین بڵێین کە هۆکارێکی دیکەیە. کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر هزر و بیری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆی وڵات کە باوەڕیان کاڵ ببێتەوە  بەرامبەر بە هێزە کوردستانییەکان.
هۆکارێکی دیکە و سەرەکی ڕێزگرتن و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، کە لە کاتێکدا سەرکردایەتی و بنەمەڵەی پێشمەرگەکان لە ناو باشووری کوردستاندایە. ناتواندرێت هێزی پێشمەرگە لە ناو باشووری وڵاتەوە بنێردرێتەوە بۆ کاری پارتیزانی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات. هەرێمی کوردستانیش بەداخەوە ناکرێت و لە توانایشیدا نییە ڕووبەڕووی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ببێتەوە.
کەمپنشینی هۆکارێکی دیکەی لاوازیی هێزی چەکدارییە.

ڕۆژی کورد :بەرێزتان پێتان وایە لەم دۆخەدا ، کورد پێویستە تاکتیکیانە بیر بکاتەوە یان ستراتیژیانە ؟

زاهیر حوسەینی :بێگومان  تاکتیکیانە و ستراتیژیانە گرێدراوی یەکن و دەبێت سوود لە هەردووکیان وەربگریت.

ڕۆژی کورد : ئاخۆ پێت وانییە ئەحزابی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئیستاش گیرۆدەی بەربەرەکانی ئایدۆلۆژیایین ؟

زاهیر حوسەینی :ئەتەوانین بڵێین  کە بەربەرەکانی ئایدۆلۆژی هەتا حەدێکی باش کاڵبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

رۆژی کورد :بەگشتی چی بکرێت بۆ دەرچوون لە نسکۆی خەباتی حەقخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخە هەستیارەدا ؟

زاهیر حوسەینی : ئاشتەوایی نێوخۆی  پارتە سیاسییەکان  لە ناو خۆیاندا. نەمانی باڵباڵێن و لێکترازان.
بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دروستبوونی بەرەیەکی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی کە هەموو هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە کوردپەروەرەکان تێیدا بەشداربن.
درووست بوونی  هێزێکی پارتیزانی پێشمەرگە کە هیچ لایەنێکیان خۆی بە خاوەنی نەزانێت و کەسیشیان خۆی لێنەکات بە خاوەن لە کار و چالاکی پارتیزانی. بەڵام هەموو هێزە سیاسییەکان بە نهێنی هاوکاری و ئەو هێزە بکەن.
درووستکردنی ڕێکخراوێک یان ئەنجومەنێکی پیران پێکهاتوو لە کەسانی خاوەن ئەزموونی سیاسیی و نیزامی کە بتوانێت وەک دادوەر و ڕێگە نیشاندەری هێزە سیاسیەکان چاویان لێبکرێت و بەرژەوەندی کوردستانی لە پێش بەرژەوەندیی حیزبیدا ببینن.
چالاک کردنەوەی شانە و ئەندامانی ناوخۆی وڵات کە بتوانن سزای ئەو جاش و خائینانە بدەن کە لە ڕۆژهەڵات بوونەتە داردەستی دووژمنان.
سوود وەرگرتن لە هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن { تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، نوسراوە. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە گشتی..
پەیوەندی کردن بە رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی وڵاتانی دونیاوە، وەک بەرەیەکی کوردستانی نەک هەوڵی تاکە حیزبی.

تێبینی : ماڵپەڕی ڕۆژی کورد وەک ماڵپەڕێکی ئازاد ، ڕاوبیروبۆچوونی هەموو کەسایەتیی سیاسیی و حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ بەربەست و چەپەر و فیلتەر بڵاو دەکاتەوە سەبارەت بە چۆن بەردەوامیی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان .

هاوکات ڕاوبۆچوونی کەسایەتییەکان نیشانەی هاوڕابوون یان هاوڕانەبوونی ڕۆژی کورد نییە لەم دیمانەکاندا و خۆیان بەرپرسیارن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

بابەتی پێشووڤیدیۆ ، دیمەنی تەقینەوەی کۆگایەکی مووشەکیی حزبووڵلای لوبنان
بابەتی دواترئاماری چەکی پووچی (بەرگەشتی ) بانکی لە ئێران گەیشتۆتە هێڵی سوور

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.