چاوپێکەوتنی زەریف و مەکرۆن هاوکات لە گەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی دژبەرانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی

0
785

ڕۆژی کورد :
محەممەد جەواد زەریف دوای چاوپێکەوتن لە گەڵ ئەمانوئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە باسی ئەوەی کرد کە چاوپێکەوتنێکی دڵخۆشکەر بووە، بەڵام ناوبراو جەختی کرد لە سەر پابەند بوونی یەکیەتی ئەوروپا لە سەر پەیمان و بەڵێنەکانیان وەکوو مەرجی سەرەکی پێویست. هاوکات ئۆپۆزیسیۆن پرسیار ئەکات بۆچی لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە زەریف ناپرسنەوە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی ئاگۆست، محەممەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ئەمانوئێل مەکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە لە شاری پاریس پێتەختی ئەووڵاتە دیدار و وتووێژیان پێک هێنا. زەریف دوای وتووێژەکان بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند کە دیدار و چاوپێکەوتنی لە گەڵ مەکڕۆن دڵخۆشکەر و ئافرێنەر بووە. ناوەندی هەواڵنێری ئیسنا بە پێی وتەکانی ناوبراو نووسیوەتی کە هەر دوو وڵات چەن پێشنیارێکیان لە مەڕ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی و درێژە پێدانی پەیماننامەی ناوەکی بەرجام پێشکەش کردووە و پێویستە هەنگاوی پێویست بۆ درێژە پێدانی پەیمانی ناوەکی بەرجام هەڵبگیردرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا، سەفەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتی فەرانسە لە درێژەی پێوەندییە تەلێفوونیەکانی نێوان حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە گەڵ مەکڕۆن هاتووەتە ئاراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی هەواڵنێران دا وتوویەتی ئاکامی وتووێژەکانی ئەورۆمان پەیوەندی بەوە هەیە کە یەکیەتی ئەوروپا تا چە ڕادەیەک و چۆن بتوانێت پابەند بێت بە بەڵێنەکانی بەرجامی خۆی و ئەو بەڵێنانەی کە دوای دەرچوونی ئامریکا لە بەرجام دراوە بە ئەنجام بگەیەنێت. چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڵ سەرۆک کۆماری فەرانسە لە بەرەبەرەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت وڵاتی پیشەسازیی ناسراو بە (G7) بەڕێووە چوون. هەر بەم هۆیەوە بەرپرسانی ئێران و فەرانسە هیواخوازن ئەم کۆبوونەوانە دەرفەتێک بێت بۆ ڕاوێژکردن لە گەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە سەر پەیماننامەی ناوەکی بەرجام. دۆناڵد ترامپ پێشوەخت لە سەر لاپەڕەی توییتێری خۆی نووسیوەتی : بە بڕای ئەو مەبەستی مەکڕۆن باشە بەڵام ناوبراو پەیامی هەڵە و چەوت بۆ ئێران دەنێرێت.
تا ئێستا ناوەڕۆکی پێشنیارەکانی مەکڕۆن بۆ ئێران ئاشکرا نیە و ڕانەگەیەندراوە. ناوبراو هەروەها لە بەرانبەر هەواڵنێرانی ناوەندە هەواڵنێرییەکان سەبارەت بە ئازادی گەمییەوانی لە کەنداوی فارس، کۆماری ئیسلامی وەکوو جێگا متمانەترین هێز بۆ دابینکردنی ئاسایش و باری ئەمنی لە کەنداو و باریکەڕێی هۆرمز ناوبرد. زەریف جارێکی دیکە جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ئێمە دەرگای وتووێژ بۆ لایەنەکانی بەرجام ئاوەڵا ئەکەین، بەڵام هاوکات بەڵێنەکانی ناوەڕۆکی پەیمانی بەرجام بۆ ئێمە شیاوی وتووێژ و لێکۆڵینەوە نیە.
لە گەڵ ئەوەی فەرانسە بە فەرمیی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران کرد، بەڵام ئەم سەردانە لە گەڵ ناڕەزایەتیی ئاستەمی بەشێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی لە وڵاتی فەرانسە بەرەڕوو بوو. لەوانە “ئەنجۆمەنی نەتەوەیی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکانی سەربەخۆ” لە دووتۆی بڵاوکراوەیەک بە سەردێڕی ” نا بۆ ئامادەبوونی جەواد زەریف لە ئەوروپا، نا بۆ کۆماری ئیسلامی” ناڕەزایەتیی خۆیان بەم چاوپێکەوتنانە دەربڕی.
لە بەشێکی بڵاوکراوەکەی “ئەنجۆمەنی نەتەوەیی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکانی سەربەخۆ” کە لە پێوەندی لە گەڵ سەفەرەکەی جەواد زەریف بۆ فەرانسە بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بە چاوپێکەوتنێکی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕابردوو دا کردووە باس لەوە دەکات کە ناوبراو پێشتر وتبووی : “ئێمە لە وڵاتەکەمان ئێران، هیچ کەسێک لە سەر بیر و بڕوا دەسبەسەر ناکەین” یا ئەوەی کە ناوبراو لە شوێنێکی دیکە دا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان چەکوچۆڵ بۆ وڵاتی یەمەن بە ڕێ ناکەن. لە بڵاوکراوەی ناوبراو دا هاتووە : جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران نە تەنیا بە شێوازی سیستماتیک مافی شارۆمەندانی ئێران لە ژێر پێ دەنێت و نکۆڵی لە چالاکییە ئاڵۆزاییەکانی حکوومەتی خامنەیی ناکات، بەڵکوو بە بەلاڕێدا کێشانی یاساکانی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی، هەوڵی ئەوە ئەدات ئەو چالاکییانە زۆر بە ئاسایی لە هەژمار بدات. لە جێگایەکی دیکە لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە : ڕژیمی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا هەزاران کەس خۆپیشاندەر، چالاکی مەدەنی و سیاسی، نوێنەرانی کرێکاری، سەندیکاکان و تاقم و هاوپیشەکانی دیکە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کردووە. ئەنجۆمەنی نەتەوەیی ئێران بۆ هەڵبژاردنەکانی ئازاد لە وەزیری دەرەوەی ئێران وەکوو “وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تێروریستی و دژە مرۆیی” لە کۆماری ئیسلامی دا ناو دەبات و ڕووی قسەی لە وڵاتانی ئەورووپایی نووسیوەتی : ئێستا کە زەریف ملکەچی وتووێژ لە گەڵ وڵاتە ئەوروپاییەکان بووە، پێویستە ئێوەش لە ژێر پێنانی سیستەماتیکی مافی شارۆمەندانی ئێرانی بکەنە بناغە و تەوەری سەرەکی وتووێژەکان لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.